Erbil 24°C یەکشەممە 10 تشرینی دووەم 13:51

سه‌رۆکوه‌زیرانی به‌ریتانیا: جۆری گۆڕاوی ڤایرۆسی کۆرۆنا له‌وانه‌یه‌ کوشنده‌تر بێت

کوردستان TV
100%

بۆریس جۆنسن ، سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا، رایگه‌یاند :جۆری گۆڕاوی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ كه‌ له‌ به‌ریتانیا سه‌ریھه‌ڵداوه‌ له‌وانه‌یه‌ كوشنده‌تر بێت.

بۆریس جۆنس له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا له‌به‌رده‌م نووسینگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران، رایگه‌یاند "به‌ڵگه‌ ھه‌یه‌ كه‌ بیسه‌لمێنێت ئه‌و جۆره‌ نوێیه‌ی كۆرۆنا په‌یوه‌ندی به‌ رێژه‌ی به‌رزی گیانله‌ده‌ستدانه‌وه‌ ھه‌یه‌".

له‌لایه‌كی دیكه‌ش، راوێژكاری باڵای زانستی حكوومه‌تی به‌ریتانیا، پاتریك ڤالانس رایگه‌یاند كه‌ له‌ ئێستادا سێ جۆری جیای كۆڤید-19 له‌ به‌ڕازیل، به‌ریتانیا و ئه‌فریقای باشوور بیندراوه‌.

ڤالانس ئاشكراشی كرد كه‌ ئه‌و جۆره‌ نوێیه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ به‌ریتانیا به‌ رێژه‌ی سه‌دا 30-70 به‌ خێرای بڵابوونه‌وه‌ی زیاتره‌ له‌ جۆره‌كه‌ی دیكه‌ و ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و جۆره‌ش به‌ رێژه‌یه‌كی زۆر له‌ حاڵه‌ته‌ پۆزه‌تیڤه‌كان سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیه‌ن.

ڤالانس ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ جۆره‌ نوێیه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ تایبه‌تمه‌ندی ئه‌وه‌یان تێدایه‌ كه‌ "به‌ ته‌واوه‌تی ببنه‌ جێگه‌ی نیگه‌رانی زیاتر و كه‌متر ھه‌ستیار بن له‌ به‌رامبه‌ر ڤاكسینه‌كان، به‌ڵام له‌ ئێستادا ناتوانرێت شتێكی یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ رابگه‌یه‌نرێت".  

ھاوكات به‌پێی ئه‌و راگه‌یاندراوه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی به‌ریتانیا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا ھه‌زار و 401 كه‌س به‌هۆی تووشبوونیان به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.