Erbil 15°C شەممە 18 کانوونی دووەم 13:04

له‌ کۆرێک دا کتێبی (جیهانی ئاژه‌ڵان) ناسێندرا

كتێبی (جیهانی ئاژه‌ڵان) له‌ نووسینی  زنار سارمه‌می 
کوردستان TV
100%

 پاشنیوه‌ڕۆی ڕۆژی ٢١ / ١ / ٢٠٢١ له‌ شاری هه‌ولێر، به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری نووسه‌رو رۆشنبیرو رۆژنامه‌ڤان و گه‌نجان و منداڵان ، نووسه‌ری تازه‌پێگه‌یشتوو (زنار سارمه‌می) له‌لایه‌ن (كتێبخانه‌ی ئاشتی) میوانداری كرا و، یه‌كه‌م كتێبی چاپكراوی خۆی به‌ناوی (جیهانی ئاژه‌ڵان) ناساندو پێشكه‌شی ئاماده‌بووانی كرد.

  له‌سه‌ره‌تای رێوره‌سمه‌كه‌دا شاعیرو نووسه‌ر به‌ڕێز قه‌هار شێخانی به‌ناوی كتێبخانه‌ی ئاشتی به‌خێرهاتنی ئاماده‌بووانی كردو، باسی له‌ گرنگی كتێبه‌كه‌و  رۆڵی (زنار سارمه‌می) له‌ بواری نووسین و رۆشنبیری كوردستان كرد و، وتی " كاكه‌ زنار وه‌ك نووسه‌رێكی تازه‌ پێگه‌یشتوو نموونه‌یه‌كی ده‌گمه‌نه‌ له‌ بواری نووسین له‌ كوردستاندا، ئه‌و ته‌مه‌نی دوانزه‌ ساڵه‌ و كتێبی (جیهانی ئاژه‌ڵان)ی نووسیوه‌، ده‌توانین بڵێین ئه‌م حاڵه‌ته‌ یه‌كه‌م جاره‌ له‌ كوردستان رووده‌دات".

 ئنجا (زنار سارمه‌می) وێڕای به‌خێرهاتنكردنی میوانان خۆشحاڵی خۆی بۆ ئاماده‌بوونی میوانان ده‌ربڕی و سوپاسی كتێبخانه‌ی ئاشتی كرد بۆ رێكخستنی ئه‌و دیداره‌ له‌گه‌ڵ ئاماده‌بووان، دواتر كورته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ ناساندن و ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه‌ی پێشكه‌شكرد و، وتی " بێگومان جیهانی ئاژه‌ڵان جیهانێكی فراوان و سه‌یرو سه‌رنج راكێشه‌، مرۆڤ پێویسته‌ زانیاری ورد و دروست له‌باره‌ی ئه‌م جیهانه‌ بزانێت، خۆم زۆر حه‌ز به‌ دۆستایه‌تیی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ ده‌كه‌م و به‌ هاوڕێی خۆمیان ده‌زانم "، هه‌روه‌ها ووتی " ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین له‌ كوردستان زۆر گرینگی به‌ نووسین سه‌باره‌ت به‌ ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ نه‌دراوه‌، زۆربه‌ی نووسه‌ره‌ به‌ڕێزه‌كان له‌سه‌ر شتی دیكه‌یان نووسیوه‌، بۆیه‌ منیش بیرم كرده‌وه‌ كه‌ كتێبك سه‌باره‌ت به‌ ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ بنووسم، به‌رده‌وام هه‌وڵمداوه‌ كه‌وا شت له‌ باره‌ی ئاژه‌ڵان و باڵنده‌كان بخوێنمه‌وه‌و زانیاری له‌سه‌ر چۆنییه‌تی ژیان و جۆرو ره‌سه‌ن و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانیان وه‌ده‌ست بخه‌م". هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌ كرد كه‌وا كتێبه‌كه‌ی له‌ زه‌مه‌نی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا نووسیوه‌ و، وتی " له‌ به‌هاری ساڵی رابردوو ٢٠٢٠ تا ئێستا به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا (COVID-19) له‌ ماڵه‌وه‌ كه‌ره‌نتینه‌ین، كۆرۆنا هه‌موو ئازادی و جووله‌یه‌كی سه‌ربه‌ستی لێ زه‌وتكردووین، له‌و ماوه‌یه‌دا كاته‌كانی خۆم به‌ یاریكردن و خوێندنه‌وه‌و وێنه‌كێشان و به‌خێوكردنی هه‌ندێ جۆره‌ باڵنده‌و ئاژه‌ڵی ماڵی به‌سه‌ربردووه‌، له‌ ئه‌نجامی خوێندنه‌وه‌م له‌سه‌ر ژیان و تایبه‌تمه‌ندی به‌شێك له‌ ئاژه‌ڵان و باڵنده‌كان كۆمه‌ڵێ زانیاریم وه‌رگرت، زۆربه‌ی زانیارییه‌كان به‌ زمانی ئینگلیزی بوون، به‌ پێویستم زانی زانیارییه‌كان به‌ زمانی شیرینی كوردی بۆ خوێنه‌رو منداڵانی كوردستان بگوازمه‌وه‌ و، ئه‌وه‌ی لام كۆبۆته‌وه‌ له‌م كتێبه‌دا پێشه‌كه‌شی ئێوه‌ی ئازیزی بكه‌م، كتێبه‌كه‌م ناوناوه‌ (جیهانی ئاژه‌ڵان) له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌شی زۆری باس له‌ جیهانی ئاژه‌ڵان ده‌كات، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر له‌م كتێبه‌دا باسی باڵنده‌و خشۆكیشم كردووه‌".

 (زنار سارمه‌می) هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ كتێبه‌كه‌ی له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا ؛ وتی "  (به‌ باوه‌ڕی من كتێبخانه‌ی كوردی زۆر پێویستی به‌م جۆره‌ زانیارییانه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ جیهانی ئاژه‌ڵان، هیوادارم توانیبێتم كارێكی باش ئه‌نجام بده‌م و خزمه‌تێكی بچوك بكه‌م، دڵنیام ئه‌م كاره‌م بێ كه‌م و كوڕی نییه‌، به‌ڵام بۆ منێكی ته‌مه‌ن (١٢) دوانزه‌ ساڵان سه‌ره‌تایه‌كی گرنگه‌ بۆ داهاتووی نووسینم، هیوادارم خوێنه‌ری خۆشه‌ویست هاوكارم بێت بۆ راستكردنه‌وه‌ی كه‌م و كوڕییه‌كان و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاتری كێبه‌كه‌م ".

 زنار سارمه‌می له‌ درێژه‌ی  له‌ كۆتایی قسه‌كانیدا باسی له‌ گرنگی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ له‌ ژیانی مرۆڤدا كرد و، وتی " خوای گه‌وره‌ بۆ ئاژه‌ڵی دروستكردووه‌ ؟ بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی بێ كه‌سیدا ئاژه‌ڵ بكه‌ین به‌ دۆستی خۆمان و سوودیشیان لێ ببینین، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی زانیاریمان پێبده‌ن له‌ زه‌مانی پێخه‌مبه‌ر ئاده‌مه‌وه‌ -د.خ- ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ سوودیان بۆ مرۆڤ هه‌بووه‌ و رێنیشانده‌ر بوونه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی كاتێ قابیل هابیلی كووشت بینی دوو قه‌له‌ ره‌ش به‌شه‌ڕدێن یه‌كێك ئه‌وی دیكه‌ی كوشت دوایی قه‌بری بۆ لێدا، قابیلیش سوودی له‌ قه‌له‌ ره‌شه‌كه‌ وه‌ر گرت، هه‌ره‌ها له‌زه‌مانی كۆنه‌وه‌ مرۆڤ به‌ ئاژه‌ڵ خۆی پێگه‌یاندووه‌ و زۆربه‌ی پێخه‌مبه‌ران -د.خ-یان لێبێت شوان بوونه‌، نموونه‌یه‌كی دیكه‌ پێخه‌مبه‌ر سوله‌یمان -د.خ- لێبێت په‌پوسلێمانه‌ (هدهد)ی  بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئاو به‌كارده‌هێنا و به‌كاریشی ده‌هێنا بۆ هه‌واڵ گه‌یاندن، هه‌روه‌ها له‌سه‌رده‌می پێخه‌مبه‌ر سوله‌یمان تا ماوه‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك نامه‌ی به‌ باڵنده‌ ره‌وان ده‌كرد و، تا ئێستاش هه‌ندێك ئاژه‌ڵ یارمه‌تی ده‌ری مرۆڤن وه‌ك سه‌گ پارێزگاری له‌ مرۆڤ كردووه‌ و ده‌كات، تا ئیستاش هه‌نده‌ك ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ دڵخۆشكه‌ری مرۆڤن وه‌ك پشیله‌و به‌به‌غاو سه‌گ".

 شایانی باسه‌ دوای ته‌واوبوونی رێوڕه‌سمی ناساندنی كتێبه‌كه‌,، زنار سارمه‌می كتێبه‌كه‌ی پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووان كردو بۆی ئیمزاكردن, ئه‌مه‌و كۆڕه‌كه‌ بووه‌ جێی خۆشحاڵی ئاماده‌بووان.

ئا- كارزان كاكل

كوردستان TV

چاپکراوه‌کان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.