لە وەڵامى "راپۆرتى جیهانى ٢٠٢١" ى رێکخراوى هیومان رایتس وۆچ حکومەتى هەرێمى کوردستان سورە لەسەر جێبەجێکردن و پاراستنى بنەماکانى دیموکراتییەت لە "راپۆرتى جیهانى ٢٠٢١" ى رێکخراوى هیومان رایتس وۆچ ئەو بەشەى لە راپۆرتەکە تەرخان کراوە بۆ عێراق، چەند تێبینییەک ئاراستەى حکومەتى هەرێمى کوردستان کراوە، تایبەتن بە ئازادى رادەربڕین، ئازادى هاتوچۆ و دادگاییکردنى مێردمنداڵانى داعش. لەمبارەیەوە نوسینگەى رێکخەرى راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەم لێدوانەى خوارەوەى بڵاو کردەوە:
رێکخراوى هیومان رایتس وۆچ "راپۆرتى جیهانى ٢٠٢١" لە رێکەوتى ١٣/١/٢٠٢١ بڵاو کردەوە، لەم راپۆرتەدا ئاماژە بە تێڕوانینى لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات سەبارەت بە دۆسیەى ئازادییەکان بەگشتى لە چەند وڵاتێک. لە راپۆرتەکەدا رێکخراوى هیومان رایتس وۆچ چەند سەرنج و تێبینییەک ئاراستەى حکومەتى هەرێم دەکات، بە بڕواى ئێمە ئەم بەدواداچوونەى رێکخراوى ناوبراو لەماوەى ساڵى ٢٠٢٠ دواى بڵاو بوونەوەى راپۆرتەکانى هیومان رایتس وۆچ داتاو زانیارى پێویستمان داوەتەوە.
سەبارەت بە بابەتى خۆپێشاندانى ئاشتیانە لە هەرێمى کوردستان هەروەک لە راپۆرتەکەدا ئاماژە پێکراوە، دیارە بەپێى یاساى رێکخستنى خۆپێشاندانەکان ژمارە ١١ ى ساڵى ٢٠١٠ کە لە پەرلەمانى کوردستان دەرچووە خۆپێشاندان و دەربڕینى ناڕەزایى کارێکى یاسایى و دەستورییە. هاوڵاتیان رێگەیان پێدەدرێت بۆ دەربڕینى راوبۆچوونەکانیان و داواکارییەکانیان بەپێى یاسا و رێوشوێنەکان لە پێناو پاراستنى بەرژەوەندى گشتى و دورکەوتنەوە لە گێرەشێوێنى و توندوتیژى. هێزە ئەمنییەکان بەرپرسیارن لە پاراستنى موڵک و ماڵ و گیانى هاوڵاتیان و رێگا نەدەن بە ئاژاوە و گێرەشێوێنى.
لەکاتى روودانى پێشێلکارى یاسایى وەک توندوتیژى یا بەردەوامى خۆپێشاندانەکان بۆ زیاتر لە ماوەى رێگە پێدراو ئەوا هێزە ئەمنییەکان بەپێى یاسا پێویست دەکات هەڵس و کەوت لەگەڵ خۆپێشاندانەکان بکەن بۆ سەلامەتى گیانى هاوڵاتیان و سەروماڵیان، بەهەمان شیوەش یاسا رێگریى دەکات لە بەکار هێنانى توندوتیژى لە کاتى خۆپێشاندانەکان.
لەلایەکى دیکەوە بەپێى یاساى رۆژنامەوانى ژمارە ٣٥ى ساڵى ٢٠١٧، لە هەرێمى کوردستان رۆژنامەوان تەنها بە فەرمانى دادگا دەستگیر دەکرێت بە ئاگادارى سەندیکاى رۆژنامەنوسانى کوردستان. بەپێى ئەم یاسایەى سەرەوە هێزە ئەمنییەکان بەشێوەیەکى راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنوساندا ناکەن، تەنها لەکاتى دەرچوونى بڕیارى دادوەر یاسا جێبەجێ دەکرێت و ئەو رێوشوێنانە دەگیرێنە بەر کە پێویستن بەپێى یاسا.
بەڵام لە کاتى بڵاوکردنەوەى توندوتیژى و تێکدانى ماڵ و موڵکى گشتى، یاساى سزادانى عێراقى ژمارە ١١١ ى ساڵى ١٩٦٩ جێبەجێ دەکرێت. سەبارەت بە رەوشى ئافرەتان و منداڵە گیراوەکانى گیراوەکان تیرۆر، بارودۆخى گرتوخانەکانى هەرێمى کوردستان لەلایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە چاودێرى دەکرێت وەک: رێکخراوى خاچى سورى نێودەوڵەتى و نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریکردنى عێراق (یۆنامى). منداڵانى داعش لە بنکەکانى چاکسازیدا وەک قوربانى مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت نەک وەک تاوانبار، ئەو شوێنانەى لێى زیندانى کراون چاودێرى پێویستى تێدایە، ئافرەتان و منداڵانى کە دەستگیر کراون بە تۆمەتى هەبوونى پەیوەندیان بە رێکخراوى تیرۆریستى داعش لە بنکەکانى چاکسازیدا ماوەى زیندانیکردنیان بەسەر دەبەن، حکومەتى هەرێمى کوردستان پارێزەرى بۆ ئەو کەسانە دابین کردووە کە تواناى داراییان نییە، هەروەها لەلایەن ئاژانسى یونیسێفى سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش چەند پارێزەرێک دەستنیشان کراوە بۆ بەدواداچوونى ئەم راگیراوانە، هەروەها بنکەى چاکسازى راگیراوانى ئافرەتان و منداڵان لە هەولێر بە هاوکارى لەگەڵ کۆمەڵگەى مەدەنى هەوڵیداوە بۆ دەستەبەر کردنى پارێزەرانى خۆبەخش بۆ منداڵانى تۆمەتبار بە ئیرهاب.
لە کۆتاییدا رێکخراوى هیومان رایتس وۆچ باس لەو ئاستەنگانە دەکات لە بەشێک لەو هاوڵاتیانەى کە لە هەرێمى کوردستان نیشتەجێن لە گەرانەوەیان بۆ ناوچە ئازادکراوەکانیان و گوایە ئازادى هاتووچۆکردنیان نییە. بەهۆى دزەکردنى داعش لە سوریا بۆ ناوچەکانى رەبیعە و زوممار لەماوەى رابردوودا و هەبوونى شانە نوستووەکانى داعش، کێشە بۆ گەڕانەوەى بەشێک لە خێزانەکان دروست بووە لە گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانیان. لەگەڵ ئەوەش هەماهەنگى بەردەوام هەیە لە نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى موسل بۆ گێڕانەوەى ئەو ئاوارانەى کە نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانیان، لەلایەن وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە سەرپەرشتى ئەم هەماهەنگییە دەکرێت. ئەو کەسانەى کە مەبەستیانە بگەڕینەوە بۆ ناوچەکانیان داواکارى پێشکێش دەکەن بۆ ئەو پارێزگایەى کە لێى میوانن داواى گەڕانەوە دەکەن بۆ شوێنەکانى خۆیان و دواتر داواکارییەکە ئاراستەى لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت بۆ دەربڕینى رەزامەندى لەسەرى.
تائێستا بەشى هەرە زۆرى ئەو خێزانانەى کە گەڕاونەتەوە بۆ شوێنەکانیان هەست بە نائارامى دەکەن بەهۆى خراپى بارودۆخى ئەمنى و وێرانبوونى ناوچەکانیان لە کاتى رزگارکردنى موسل لە ساڵى ٢٠١٦ و ٢٠١٧، لە کۆبوونەوەى نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمى کوردستان و پارێزگاى موسل لە مانگى دووى ساڵى ٢٠٢٠ ئەو مەترسیانە گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە کە پێویست دەکات بە تۆمار کردنى ئەو کەسانەى دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان، هەروەها پێویستە هەڵسەنگاندنى هاوبەش بۆ بارودۆخى ئەمنى بکرێت و هەماهەنگى هەبێت لە نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق لەم رووەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.