پەرلەمانتاری كورد رایگهیاند: لیژنەی دارایی پشكی كوردی لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 رەت نەكردووەتەوە و ئێستا هەموو بەشەكانی پڕۆژەكە لەلایەن لیژنەی دارایی لە گفتوگۆكردندان و هیچ رەتكردنەوە یان لاریبوون لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان نییە.
كۆتایی مانگی رابردوو پڕۆژەیاسای بودجەی دووههزار و بیست و یهك لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە رەوانەی پەرلەمان كرا، لە هەفتەی رابردووەوە پەرلەمان دەستی بە خوێندنەوەی پڕۆژەكە كرد و دوێنێ لە گفتوگۆكردنی تەواو بوو، ئەندامێكی كورد لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رەتیكردەوە پشكی كورد لە بودجەكە لە لیژنەی داراییەوە رەت كرابێتەوە.
شێروان میرزا، پەرلەمانتاری كورد روونی كردەوە، لیژنەی دارایی پشكی كوردی لە پڕۆژەیاسای بودجەی دووههزار و بیست و یهك رەت نەكردووەتەوە و ئێستە هەموو بەشەكانی پڕۆژەكە لەلایەن لیژنەی دارایی لە گفتوگۆكردندان و هیچ رەتكردنەوە یان لاریبوون لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان نییە، هەڵوێستی لیژنەكە تەنیا پێوەستە بە پابەندییەكانی سەر حكوومەتی هەرێم و مسۆگەریی جێبەجێكردنیانە بە تەواوەتی.
ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، تا ئێستا پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی دووههزار و بیست و یهك گفتوگۆی لەسەرە كە رەنگە هەفتەیەكی تریش درێژ بكرێتەوە بەر لەوەی لە پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە، چونكە ناڕەزایەتییەكی زۆر بەرانبەر بە بەشەكانی خەرجی گەورەی ناو پڕۆژەكەدا هەیە.
شایەنی باسە پێشتر عەقیل ردێنی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی نەسر، بوجەی دووههزار و بیست و یهكی بە مشتومڕدار وەسف كرد بەوەی ژمارەی زۆر گەورەی لەخۆ گرتووە و روونیكردەوە كە چەند فراكسیۆنێكی گەورە لەگەڵ سەرۆك وەزیران بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەكە رێككەوتوون، كاتێك كۆبوونەوەیەك لە نێوان حكوومەتی نوێنەری هێزە سیاسییەكان كراوە، بەڵام نەگەیشتوون بە رێككەوتن، كەچی دوای چەند رۆژێك باسی ئەوە دەكەن كە ئەوان بۆ تێپەڕاندنی رێككەوتوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.