Erbil 16°C یەکشەممە 10 تشرینی دووەم 09:59

شاندێکی پارتی بەشداری لە کۆنگرەی پارتی (سی.دی.یۆ) ی فەرمانڕەوای ئەلمانیای فیدراڵ دەکات

کوردستان TV
100%

 شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە فەرمی بەشداری لە كۆنگرەی 33 ـیەمینی پارتی (سی.دی.یۆ) فەرمانڕەوای ئەڵمانیای فیدراڵدا دەكات.

لەسەر بانگهێشتی فەرمیی پارتی كریستیان دیموكراتی فەرمانڕەوای ئەڵمانیای فیدراڵ (سی.دی.یۆ)، كە ئاراستەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك) كراوە و بە چاوی هاوبەش لە پارتی دیموكراتی كوردستان دەڕوانێ بە هۆی ئەو پەیوەندییە بەهێزانەی لە نێوان هەردوو پارتی دۆستدا هەیە و ساڵانەش لە كوردستانەوە شاندی پارتی بەشداری كۆنگرەكانی ڕابردووی پارتی (سی.دی.یۆ) دا كردووە، ئەمساڵیش كە پارتی (سی دی.یۆ ) تەمەنی (75) ساڵی دامەزراندنی پارتەكەیان بەڕێ دەكەن، لە بارۆدۆخێكی هەستیاردا بە هۆی مەترسییەكانی پەتای كۆرۆناوە كۆنگرەی تازەی پارتی ناوبراو بۆ دەستنیشانكردنی سەرۆك و سەركردایەتییەكی تازە بۆ پارتەكەیان ساز دەكرێت، پارتی دیموكراتی كوردستان بە شاندێكی (10) كەسییەوە بەشداری لە كۆنگرەی 33ـیەمینی پارتی ناوبراودا دەكات، كە لە ڕۆژانی نێوان 15 و 16/1/2021 بە شێوەی ئۆنلاین لە ریگەی پرۆگرامی زۆمەوە بەڕێوە دەچێت. شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان پێك هاتووە لە بەڕێزان:                                                                                                               

-هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (پ.د.ك)

-ئەمیر جەرگیس، بەرپرسی دێسكی ئەورووپای پەیوەندییەكانی دەرەوە.

- دارا باراوی، بەرپرسی ڕیكخراوە نێودەوڵەتییەكانی مەكتەب.

-خاتوو سیلاڤ ئیبراهیم، بەرپرسی بەشی پرۆتۆكۆڵی مەكتەب.

-  دوو پەرلەمانتار لە فراكسیۆنی (پ.د.ك) لە پەرلەمانی كوردستان.

-سكرتێری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان.

-سكرتێری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان.

لە كۆنگرەكەدا، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر ناوی سەركردایەتیی پارتی و  ئەندامان و لایەنگرانی پارتی لە هەرێمی كوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی پێشكەش بە كۆنگرەی 33ـیەمینی پارتی كریستیان دیموكراتی ئەڵمانیای فیدراڵ كرد و لە دەستپێكی كۆنگرەكەشدا  (24) خولەك گفتۆگۆ لەگەڵ شاندی پارتی كرا و دووبارە پیرۆزبایی لە پارتی (سی.دی.یۆ ) كرا و چەند پرسیارێكیش لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو لا و  بەردەوامیی هاوكاری و پشتیوانیی كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ بۆ ئەزموونی دیمۆكراسی لە هەرێمی كوردستان ئاراستەی لایەنی ئەڵمانی كرا.

لەلایەن گرێگۆر جەك، لە دامەزراوەی كۆنراد ئەدێناوەر ، كە سەرپەرشتیی كۆنگرەكە دەكەن، بە گەرمی بەخێرهاتنی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان كرا بۆ بەشداری و پیرۆزباییان لە كۆنگرەی 33ـیەمینی پارتی كریستیان دیموكراتی فەرمانڕەوای ئەڵمانیای فیدراڵ، دواتریش شاندی پارتی گوێبیست و چاودێریی بەڕێوەچوونی كۆنگرەیان كرد.                                                   

كۆنگرەی 33ـیەمینی پارتی (سی.دی.یۆ) جیاوازتر دەبێت لە كۆنگرەكلانی پێشوو، سەرۆكی پارتەكە خاتوو ئانەگرێت كرام باوەر، كە هاوكاتیش وەزیری بەرگریی ئەڵمانیایە و هاوشێوەی خاتوو ئەنجێلا مێركڵ، ڕاوێژكاری ئەڵمانیا، كە بۆ ماوەی 17 ساڵ  ڕاویژكاری ئەڵمانیا بووە و خاوەن جەماوەریكی زۆرن لە نێو ئۆرگانەكانی پەرتەكەیاندا، خۆی كاندید ناكاتەوە كە هەردووكیان پشتیوان و هاوسۆزی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی پیشمەرگەی كوردستان بوون لە سەردەمی شەڕی تێكشكاندنی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە كوردستان، بۆیە لەم كۆنگرەیەدا پیشبڕكێ لە نیوان 3 كاندیدی تازە بۆ سەرۆكایەتیی پارتی (سی.دی.یۆ) بەڕێوە دەچێت كە بریتین لە: ئارمین لاشێت، فرێدریش مێرس و نۆردبێرد ڕۆیتگن.

سەرەتای پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی كریستیان دیموكراتی ئەڵمانیا، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 60 و 70ی سەدەی ڕابردوو كە لەو سەردەمەدا پارتی دیموكراتی كوردستان سەركردایەتیی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نیشتمانیی كوردستان و شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی دەكرد بە ڕێبەرایەتیی سەركردەی نەتەوەییی كوردستان، مستەفا بارزانیی نەمر. لەو سەردەمەدا بەردەوام ڕێژەی چالاكانی سیاسیی كورد و خوێندكارانی كوردستانی لە هەردوو كۆمارەكانی ئەو سەردەمەی ئەڵمانیا تا دەهات زیادی دەكرد، كە پشتیوانییان لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول دەكرد و توانیبوویان پردێكی پەیوەندی دروست بكەن لە نێوان پارتە سیاسییەكانی ئەڵمانیا و سەركردایەتیی شۆڕش و (پ.د.ك)دا و دوای ڕووداوەكانی ساڵانی (1975) تا دوای ساڵانی (2000) و بە تایبەتیش لە سەردەمی شەڕی داعشدا ڕێژەی پەنابەرانی كوردستانیش لە ئەڵمانیا بە ڕیژەیەكی زۆر بەرز بووەوە، كە ئێستا نزیكەی یەك ملیۆن كورد لە كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ دەژین و گەورەترین كۆمەڵگای كوردی لە دیاسپۆرا ئێستا لە ئەڵمانیایە و لە بواری خۆگونجاندن لەگەڵ كۆمەڵگای ئەڵمانیدا چالاكن و خاوەن كاریگەری و ڕێكخستنێكی باشن و دەیان دامەزراوە و ڕێكخستنی كۆمەڵایەتی و كەلتووری و ڕۆشنبیرییان بنیاد ناوە و چالاكن لە ڕیزەكانی پارتە سیاسییەكانی ئەم وڵاتە و بە تایبەتی پارتی كریستیان دیموكراتی ئەڵمانیای فیدراڵدا توانیویانە بە فراوانی دۆزی كورد بە كۆمەڵگای ئەڵمانی بناسێنن و ڕۆڵ و كاریگەرییشیان هەبێت لەنێو كایەی سیاسی و پەرلەمانی و دەزگا و دامەزراوەكانی ئەڵمانیدا. 

قۆناغی دووەمی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ پارتی (سی،دی.یۆ) و لایەنەكانی تر، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حوكمڕانیی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا هێلمۆت كۆهڵ لە ساڵانی (80)ی سەدەی ڕابردوودا، كە بڕوای بە كرانەوە بە ڕووی پرسی كورددا هەبووە و پەیوەندییەكی دۆستانەشی لەگەڵ پارتە میانڕەو و دیموكراتەكانی جیهان هەبوو و لە نێویاندا پارتی دیموكراتی كوردستان.

بوونی ڕێژەیەكی بەرچاوی چاڵاكانی سیاسی و ئەكادێمیی گەنجی كورد لە ئەڵمانیای فیدراڵ، كە زمانزان و شارەزا و تێكەڵاوییەكی باشیان لەگەڵ كۆمەڵگا و ژینگەی سیاسیی ئەڵمانیادا هەبووە و جێی خۆیان لەنێو ئۆرگانەكانی پارتی كریستیان دیموكراتی ئەڵمانیادا بە تایبەتی كردووەتەوە، هاندەرێكی باش بووە لە ئاشناكردنی سەركردایەتیی سیاسیی پارتی (سی.دی.یۆ) و لایەنەكانی تر بە دۆزی كورد. هەروا لە (17) ساڵی ڕابردوودا لە سایەی سەرۆكایەتیی ڕاوێژكاری ئەڵمانیا خاتوو ئەنجێلا مێركل، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ لە هەموو بوارەكانی سیاسی، دیپلۆماسی، سەربازی، ئابووری، كەلتووری و گەشەپێدان و لە چەندین بواری تردا فراوانتر بووە، بە تایبەتی لە سەردەمی سەرهەڵدانی شەڕی داعش و تیرۆر و توندوتیژی لە ناوچەكەدا دیدار و چاوپێكەوتنەكانی جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی، سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان لە دیدار و كۆبۆنەوەكانی لەگەڵ ڕاوێژكاری ئەڵمانیا خاتوو مێركڵ و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری، بە فراوانی گەشەی كردووە و ئەڵمانیای فیدراڵ لە بواری سیاسی، دیپلۆماسی و سەربازی و... پشتیوانێكی بەهێزی سەقامگیری و ئاسایش و گەشەپێدانی هەرێمی كوردستان بووە و لە ڕۆژە سەختەكانی شەڕی تێكشكاندنی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعشدا پشتیوان و هاوكارێكی بەهێزی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بوون لە دوورخستنەوەی مەترسییەكانی تیرۆریستی بۆ سەر خەڵك و خاكی هەرێمی كوردستان شانبەشانی وڵاتانی تری ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە شەڕی تیرۆردا.

كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ لە قۆناغی پۆست داعشدا هەروا بە هەزاران هاووڵاتی هەرێمی كوردستانی بە تایبەتی لە كوردانی ئێزدی و كریستیانەكانی لە وڵاتەكەیاندا داڵدە داوە كە لە لایەن داعشەوە بە دڕندانەترین شێوە جینۆساید و توندوتیژییان بەرامبەر پەیڕەو كراوە.

سەردانی شاندە باڵاكانی سیاسی، دیپلۆماسی و سەربازی و پەرلەمانی ئەڵمانی لە ساڵانی ڕابردوو و بەردەوام كە بەتایبەتی لە كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵەوە بۆ هەرێمی كوردستان ئەنجام دراون و دیدارەكانی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەتی هەرێم و دامەزراوەكانی تری هەرێمی كوردستانیش بۆ ئەڵمانیای فیدراڵ، ئاسۆیەكی گەشی لە بنیادنانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵی لێ كەوتووەتەوە، كە زۆرینەی كەسایەتییە ناسراوەكانی سیاسی و دیپلۆماسی و پەرلەمانیی ئەڵمانی سەر بە پارتی كریستیان دیموكراتی ئەڵمانیا دەسەڵاتدار بوون كە توانیویانە پەیوەندییەكانی دەرەوەی نێوان كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ و هەرێمی كوردستان بگەیەننە ئاستێكی پێشكەوتووتر، كە هەردوو گەلی ئەڵمانیای دۆست و گەلی كورد هیوای بۆ دەخوازن.

كۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ لە وڵاتە پێشەنگەكانی ئەورووپا بووە كە كۆنسوڵگەریی گشتیی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان كردووەتەوە. كۆماری ئەڵمانیا، بە گرنگییەوە دەڕوانێتە پەرەسەندنەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕ و ناكۆكییە سیاسی و مرۆییەكان، هەروا ئەم وڵاتە بە چڕی چاودێریی دۆخی ئاسایش و ئاشتی و سەقامگیری لە هەرێمی كوردستان و ناوچەكەدا دەكات.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.