Erbil 32°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 10:25

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: به‌ به‌های 12 ملیار دۆلار پڕۆپۆزه‌ڵی پڕۆژە پێشکەش کراوه‌

ئەولەویەت و پلانمان بۆ کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیارییە
کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ چوار شەممە 6 ى 1 ى 2021  د.محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە دیوانی دەستە بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن سەبارەت بە کارو چالاکییەکانی دەستەی وەبەرهێنان لە کابینەی نۆیەم ئەنجامدا، تێیدا بە داتا و زانیارییەوە سەرجەم کارەکانی دەستەی وەبەرهێنانی بۆ کەناڵەکانی راگەیاند خستەڕوو.
لە سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا سەرۆکی دەستە رایگەیاند: "دەستەی وەبەرهێنان لە کابینەی نۆییەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەپێناو بەرەوپێشبردنی پرۆسەی وەبەرهێنان و چاکسازی و کارئاسانی زیاتر کۆمەڵێک هەنگاو و رێکاری گرتۆتەبەر بە پشتبەستن بە کارنامەی کابینەی نوێ، ئێمە لەسەرەتاوە دیراسەی کەموکوڕی و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی وەبەرهێنانمان کردووە بە هاوکاری و راویژی لایەنە پەیوەندارەکان و کەسانی پسپۆڕ و وەبەرهێنەران".
د.محەمەد شوکری ئەوەشی وت: "هەر لەپێناو کارئاسانی لە پرۆسەی وەبەرهێنان و مامەڵەی پڕۆژەکان هەنگاوەکانی دروستکردنی سیستەمی یەکپەنجەری دەستی پێکراوە، هاوکات سەرقاڵی کارکردنین بۆ داڕشتنی نەخشیەکی سەرتاسەری وەبەرهێنانی هاوسەنگ".
سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاماژەی بەوەشکرد: "لەم کابینەیەدا جگەلەوەی ئەولەویەتی کارەکان گرنگی دانبووە بە پرۆژە پیشەسازی و کشتوکاڵیەکان، بۆئەوەی ئاراستەری پرۆسەی وەبەرهێنان بگۆڕین و داهات هەمەچەشن بکەین و  کۆمەڵگاکەمان لە بەکاربەرەوە بکەین بە کۆمەڵگایەکی بەرهەمهێن، هاوکات سیستەمی ppp (هاوبەشی کەرتی گشتی و تایبەت)مان هێناوەتە ناو پرۆسەکە و بۆ ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی ستراتیژی گرنگ".
سەبارەت بە کارو چالاکییەکانی وەبەرهێنان سەرۆکی دەستە کۆمەڵێک داتای خستەڕوو و رایگەیاند: " تائێستا لە دەستەی وەبەرهێنان (1085) مۆڵەت دراوە بەمشێوەیەیە:
• مۆڵه‌تی كارپێكراو: 940 مۆڵه‌ت 
• مۆڵه‌تی هه‌ڵوه‌شاوه‌: 145 مۆڵه‌ت 
• له‌ ساڵی 28/7/2019 تا 31/12/2020وه‌ تائێستا 596 پڕۆپۆزەڵی پڕۆژە پێشکەشکراوە".
د.محمەد شوکری باسی لەوەشکرد کە لەم کابینەیەدا ئاڕاستەی وەبەرهێنان گۆڕدراوە وتی: " لە ئێستادا سێکتەری پیشەسازی لە پلەی یەکەم دێت لە کۆی سێکتەرکانی تری وەبەرهێنان، کە نزیکەی 35% قەبارەی گشتی وەبەرهێنانی پێکهێناوە، هەرچەندە لە ساڵانی پێشوتر سێکتەری نیشتەجێبوون لە پلەی یەکەم دەهات، بەڵام دوای بڕیاری چاکسازی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت ئەم ریزبەندیە گۆڕانکاری بەسەرهات. لەئێستادا کۆی پڕۆژەکان بەپێی سێکتەرەکان بەم جۆرەیە:
1. پیشەسازی: 238 پڕۆژە 
2. نیشتەجێبوون: 184 پڕۆژە 
3. گەشتیاری: 162 پڕۆژە 
4. بازرگانی: 163 پڕۆژە 
5. سەرجەم سێکتەرەکانی تر: ١٩٨ پڕۆژە ".
ناوبراو ئەوەشی وت: "لە 28/7/2019 تا 24/12/2019  مۆڵەت بە (93) پرۆژەى وەبەرهێنان دراوە بە سەرمایەى (2 ملیار و 502 ملیۆن دۆلارە) لەسەر رووبەری (3855 دۆنم). هاوکات لە کابینەی نۆیەم (29) مۆڵەتی وەبەرهێنان هەڵوەشاوەتەوە و ١٥ پڕۆژە مۆڵەتەکانیان لێ سەندراوەتەوە و دراوەتە وەبەرهێنەری نوێ. هەر لەم کابینەیەدا (596) پڕۆژه پێشكه‌ش به‌ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان‌ كراوه‌، 531 پرۆژه‌ بە سەرمایەی 11 ملیار و 675 ملیۆن و دۆلار پەسەندکراون".
سەبارەت بە کاروچالاکییەکانی خۆیانیش لە دەستبەکاربونیان وەک سەرۆکی دەستە، د.محمەد شوکری وتی: "- هەمواری رەشنوسی یاسای وەبەرهێنان تەواوبووە ئێستا لە ئەنجومەنی وەزیرانە.
- رۆتین و مەحسوبیەت و مەنسوبیەت و گەندەڵى رێگری لێکراوە.
- قۆرغکاری نەماوە و هەلی یەکسان بۆ هەموو وەبەرهێنەران فەراهەمکراوە.
- سیستمی یەکپەنجەرەیی و نەخشەى وەبەرهێنان هەنگاوی بۆ نراوە.
- دەرگای سەرۆکی دەستە و گشت فەرمانگەکان بەرووی هەمواندا کراوەتەوە و سەرۆکی دەستە سەردانى گشت پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانى کردووە.
- لەرێگەی دروستکردنى لیژنەی تایبەتمەندەوە دەیان کێشەى ناو پرۆژەکانى وەبەرهێنان چارەسەرکراوە. 
- ژمارەیەک پرۆژەى نیشتەجێبون لە بەرژەوەندى هاوڵاتیان کێشەکانیان چارەسەرکراوە و دەستبەکار دەبنەوە. بۆ لەمەودوا حکومەتی هەرێم پشکی دەبێت لە پرۆژە نیشتەجێبووەکان وەک سەرچاوەیەکی داهات بۆ حکومەتی هەرێم.
- نرخی خزمەتگوزاری ناو پرۆژە نیشتەجێیەکان رێکخراوەتەوە و کەمکراوەتەوە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان.
- ژمارەیەک ناوچەی پیشەسازی  لە پارێزگاکانی کوردستان ئەنجامدراوە و دەدرێت".
سەبارەت بە ئەولەویەت و پلانی دەستەی وەبەرهێنانیش بۆ سێکتەرەکان لە ساڵی نوێدا سەرۆکی دەستە رایگەیاند: "بۆ لەمە بەدوا ئەولەویەت گرنگی دانە بە کەرتی کشتوکاڵ، دەستەی وەبەرهێنان 170 هەلی وەبەرهێنانی کشتوکاڵى رادەگەیەنێت، هاوکات گرنگی زیاتر دەدرێت بە کەرتی پیشەسازی گەشتیاری بە سودبینین لە سامانی کانزایی هەرێم و بەسودبین لە ئاو و هەواو تۆبۆگرافیای هەرێم".

 

 

دانانی هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.