د. هێمن میرانی مامۆستای زانکۆ له میانه‌ی به‌شداریكردنى له به‌رنامه‌ی رۆژه‌ڤی كوردستان سه‌باره‌ت به پرۆسەی چاکسازی و کاریگەری لەسەر قەیرانی دارایی رایگه‌یاند:
به‌شێك له هۆكاره‌كانی قه‌یرانی دارایی به شێوه‌یه‌كی گشتی ، دابه‌زینی نرخی نه‌وت و بڕینی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بوو له به‌غدا، هه‌روه‌ها زۆری خهرجیيهكان له هه‌ریمی كوردستان كه ئێستا خه‌ریكه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پرۆسه‌ی چاكسازی جێبه‌جێ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی خه‌رجیه‌كانی كه‌م بكاته‌وه.
روونیشیكرده‌وه كه دوای 2014 ئه‌وه‌ی له به‌غدا رووده‌دات پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی عێراقه لهوةى كه له ده‌ستوور هاتووه، ئێستا ده‌سه‌ڵاتداران له به‌غدا هه‌رێمی كوردستان به هه‌ڕه‌شه ده‌زانن بۆ سه‌ر خۆیان و هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌رێم لاواز بكه‌ن و ئابلوقه‌ی بده‌ن وه‌كو هه‌موو لایه‌ك ده‌یبینین .
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی عێراق ده‌رهه‌ق به هه‌رێم ده‌یكات دژ به ده‌ستوور و سیسته‌می حوكمرانییه له عێراقی نوێ .
د هێمن میرانی راشیگه‌یاند: دوای 2011 عێراق بووه پارێزگایه‌كی كۆماری ئیسلامی ئێران، به‌تایبه‌تی دوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق، ئێرانیش ئه‌و هه‌ڵه‌ی قۆزته‌وه كه عێراق قۆرخ بكات و خۆی نه‌ك به خاوه‌نی بزانێت به‌ڵكو سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و وڵاته بۆ خۆی ببات .
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه گه‌نده‌ڵی بۆته دیارده‌یه‌كی زۆر ئاشكرا، ته‌نانه‌ت پۆستی سه‌رۆكی زانكۆكان تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به پاره فرۆشراوه‌و به‌مشێوه‌یه یاری به پۆسته‌كان ده‌كرێت ، هه‌روه‌ها گرێبه‌ستی زۆر نادیار مۆركراون و پاره‌ی زۆری بۆ خه‌رج كراوه كه‌چی هیچيش نه‌كراوه .
سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ی چاكسازی هێمن میرانی گوتی: چاكسازی بابه‌تێكی هه‌ستیاره ، پێویسته ئه‌و پرسه‌ش له قۆناغێكی سه‌قامگیر ئه‌نجام بدرێت .
ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌مرۆش كه بڵاوكرایه‌وه له لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به بڕینی مووچه‌ی 10000 كه‌س كه دوومووچهن ، هه‌نگاوێكی زۆر گرنگه ، ئه‌وه‌ش متمانه دروست ده‌كات و له قازانجی هێزه سیاسییه‌كان ته‌واو ده‌بێت .
د هێمن میرانی ئه‌وه‌شی خسته‌روو كه ئیستا خه‌ریكی نووسینه‌وه‌ی پرۆژه‌ی ستراتیژی نیشتیمانی رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵین و ره‌نگه له ئاینده‌یه‌كی نزیكدا له ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران په‌سه‌ند بكرێت ، ده‌بێته ستراتیژی حكومه‌ت .
له كۆتاییدا ئه‌وه‌ی دركاند كه ده‌ستووری عێراق كاری پێ ناكرێت ، بۆیه وا پێویست ده‌كات هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ره‌كان له هه‌ولێر ئه‌نجام بدات ، لێره‌ش واتا له هه‌ولێر ده‌ره‌نجامیشی باشتر ده‌بێت .
داراشتنی : سوهێل تاهیر عه‌بدولڵا
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.