محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری گشتی حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە پەیامێکدا هاتنی سەری ساڵی نوێیی زاینی لە خوشک و برایانی کریستیان و سەرجەم گەلی کوردستان پیرۆز دەکات کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێیی زاینی جوانترین پیرۆزبایی لە خوشک و برایانی کریستیان و سەرجەم گەلەکەمان دەکەم.
هیوادارم ساڵی نوێی ٢٠٢١ ساڵی ئاشتی و ئارامی و سەرکەوتنی مرۆڤایەتی بێت بەسەر پەتا و نەخۆشی و هەژاری و نەهامەتیەکان.
هەر بەم بۆنەیەوە ئومێدی هەڵدانەوەی لاپەرەیەکی نوێی پەیوەندی نێوان ڕۆڵەکانی گەلەکەمان دەکەم و داواکارم لەسەرجەم دامەزراوەکانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ، حکومەتی هەریمی کوردستان، پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان، سەرجەم لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان ساڵی نوێی ٢٠٢١ لەساڵی مەترسی و چاوەڕوانی دژواریی سیاسی و ئابوری بۆ هەرێمی بەخوێن و فرمێسکە بەدیهاتوی کوردستان و گەلەکەمان بکەینە ساڵی بەرخودان و پێداگری و لەسەرپێی خۆ وەستان.
ئێمە هەمان ئەو ڕۆڵەو پێشمەرگانەین ڕۆژانێک ماڵ و خانەوادەمان لەپێناوی ئازادی و سەرفرازیدا بەجێهێشت و ئامادەی مردن بووین، ئێستاش کە سەروەری و دەستکەوتەکانی نەتەوەکەمان لەبەردەم هەڕەشەی ناحەزاندایە بەهەمان گیان و گەرمی ئەو ڕۆژانە ئامادەی خەبات و فیداکارین هەر ئەو فیداکاری و گیان بەخشینە مەزنەی ئەم گەلەشە وامان لێدەکات بە ئەمانەتەوە قەوارەو خاک و خەڵک و پیرۆزییەکانی کوردستان بپارێزین.
هاوسەنگەرانی خەباتی نزیک بە پەنجا ساڵەم
تێکۆشەرانی ڕەمزی قوربانیدانی سەخاوەتمەندانەی مێژوو
گەنج و لاوانی خوێنگەرم و خاوەن خەونی
گەورەی ژیانێکی شایستەو هاوسەنگ
جەماوەری کوردستان
با ساڵی نوێ بکەینە ساڵی ئاشتی و پێکەوە وەستان لەبەرامبەر تەحەدی و ئەگەرە نەخوازراوەکان بۆ پاراستنی ئەوەی بۆخوێن بەدەست هاتووەو بەرەوپێشبردنی بەرەو خواست و خەونەکانی ئیوەو پوچەڵکردنەوەی ئەو ئومێدانەی لەسەر ملکەچکردن و برسیکردنی ئەم گەلەو لەناوبردنی سەروەری و پیرۆزیەکانی هەڵچنراون.
حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان
داواکارم بەهەموومان ساڵی نوێ بکەینە ساڵی بەخۆداچونەوەو لێبوردن وچاولەیەک پۆشین سەرەڕای هەرجیاوازی و ئەزمونێکی تاڵی ڕابردوو لەپێناو سەربەرزی گەلێک کەمێژووی مرۆڤایەتی شەرمەزاری بەردەم قوربانیدانی گەورەیەتی.
با خوێنی شەهیدان کەبێ ڕیاو ڕتوش بەخشیانە ئەم خاکە ، بکەینە سەر مەشق و لەبری کوتانی دەرگای کڵۆمدراوی ناحەز و نەیاران، دەرگای برایەتی بۆ یەکتر بکەینەوەو چیتر ڕۆڵەی ئەم گەلە و دایک و باوک و هاوسەر و منداڵانی شەهدان لەچاوەڕوانی داهاتوی خراپ و خراپتردا نەهێڵینەوە.
جەماوەری کوردستان ئێمە دەیان ساڵ بەپشتیوانی چیاکان بەگژ گەورەترین دوژمندا چووینەوەو بەو ئیرادەیەش بەسەر فڕۆکەو تانک و چەک و چۆڵی بێ ئەژماری سەرکەوتین. دڵنیابن ئێستاش بەپیت و فەڕی ئەوچیایانە و دۆڵ و دەشت و بەسەر خاک و ژێرخاکی خودا داوی ئەم نیشتیمانە بەخشندەیە بەوپەڕی سەربەرزی ئایندەیەکی ڕوناکتر بۆ بۆخۆمان و نەوەی داهاتوی میللەتەکەمان بنیاد دەنێین.
با هەموو دەست لەناو دەست لەساڵی نوێدا دروشمی چاکسازی و عەدالەت بکەینە نەخشەڕێی کارو چیرۆکی سەرکەوتن.
تا دۆست و نەیاران تێبگەن ئەو ئاڵا سەربەرزەی بەخوێنی هەزاران هەڵمانکردووە ، بەگیانی ملێۆنان بەبەرزی ڕایدەگرین.
جارێکی تر ساڵی نوێتان پیرۆز و هەموو ساڵ و ساتێکتان خۆشی و ئارامی بێت.
محەمەدی حاجی مەحمود
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.