Erbil 15°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 09:32

له‌ ساڵوه‌گه‌ری کۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند حاجی مەکی دا

حاجی مەكی ئاوێنەی خەمە كۆمەڵایەتییەكان!
کوردستان TV
100%

حاجی مەكی، هونەرمەندی ناوداری كوردستان لەرێی هونەرەكەیەوە، تیشكی خستە سەر دیاردە دزێوەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری، لەو بوارەدا شۆڕشێكی هونەری بەرپاكرد بۆ هۆشیاركردنەوەی خەڵك لەدیاردە كۆمەڵایەتییە دزێوەكان‌و لەو بوارە‌و بوارەكانی دیكەی هونەری نواندن‌و دراما‌و سینەما خزمەتی زۆری كرد‌و شوێن پەنجەی رەنگینی دیارە‌و لەدەروازەیەكی زێڕینەوە چۆتە ناو مێژووی كوردستانەوە.
(محەمەد مەكی عەبدوڵڵا مەعرووف) ناوی تەواوی ئەم هونەرمەندەیە‌و بەحاجی مەكی‌و عەلی فەنی لەناو خەڵكدا ناسراوە.

ساڵی 1939 لەشارۆچكەی ئامێدیی پارێزگای دهۆك لەدایك بووە، بەهۆی ئەوەی باوكی فەرمانبەر بووە لەو شارۆچكەیە.
حاجی مەكی لەسەرەتای ژیانی گەنجییەوە خولیای هونەری نواندن بوو، لەناوەڕاستی پەنجاكانی سەدەی رابردووەوە بەشداری كاری هونەری كرد، بۆیەكەمجار بەشداری لەشانۆگەری (پێكەنین بەبێ‌ یاسا)ی كرد.
 دواتر تیپی هونەریی نواندنی دروستكرد، لەوانە گروپی هونەری خەبات‌و تیپی نواندنی یەكێتی نەقابەكانی كرێكارانی سلێمانی. لەرێی ئەو تیپانەوە چەندین تەمسیلی بۆ تەلەفزیۆن ئامادە‌و تۆماركرد، كە تیشكیان دەخستە سەر دیاردە كۆمەڵایەتییە دزێوەكان، بەوەش وەك هونەرمەندێكی كۆمێدی خۆشەویست لەلای خەڵك ناسرا.
حاجی مەكی خاوەنی چەندین تەمسیلی سەرنجڕاكێشە، لەوانە ( باوەژن خوا بناسە، بەقەد بەڕەی خۆت پێت راكێشە، جام كە پڕ بوو لێی دەڕژێ‌، ژن بەژن، بڕیار)‌و چەندانی دیكە كە بەزنجیرە لەمانگی رەمەزاندالە تەلەفزیۆنەوە پێشكەشی دەكرا.

ktv
حاجی مەكی خولیای كاری سینەماییشی هەبوو، بۆیەكەمجار لەساڵی 1964 فیلمێكی سینەمایی كورتی  نیو سەعاتی بەناوونیشانی( رەهێڵە) بەرهەمهێنا، كە لەنووسینی كامەران موكری‌و دەرهێنانی یوسف جەرجیسی هونەرمەند بوو. ساڵی 1990 بەشداری لەبەرهەمهێنانی  فیلمی ( نێرگز بووكی كوردستان)ی كرد كە لە دەرهێنانی هونەرمەند جەعفەر عەلی بوو، ئەم فیلمە وەك یەكەم فیلمی كوردیی پرۆفیشناڵ دەنگدانەوەی زۆری هەبوو.
حاجی مەكی زیاتر لەنیو سەدە خزمەتی بەهونەری كوردی كرد‌و خاوەنی خەرمانێك بەرهەمی هونەری تۆمار كراوە‌و وەك سامانێكی نەتەوەیی‌و یادگاری هونەری یٔەو ماونەتەوە.
پاش خزمەتێكی زۆر بەهونەری كوردی، شەوی 18ی كانوونی یەكەمی 2015 لەنەخۆشخانەی  فریاكەوتنی سلێمانی كۆچی دوایی كرد‌و رۆژی دواتر لە گردی سەیوان بەخاكی نیشتمان سپێردرا.
دروودی رێز‌و وەفاو یٔەمەكداری بۆ گیانی پاكی حاجی مەكی، یٔەو هونەرمەندەی هاوشێوەی چارلی چاپڵن، دیاردە یٔازاربەخشەكانی  كۆمەڵگەی کوردەواری بەشێوەی كۆمیدی خستەروو ‌و بزەی خستە سەر لێوی خەڵك‌و یٔارامی بەدڵ‌و دەروونیان بەخشی.  

خەلیل عەبدوڵڵا 

سینه‌ما

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.