Erbil 33°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 16:27

ئایا پێکوتەی کۆڤید-١٩ مەترسیدارە؟

جاری وا هەبووە کە ڤاکسین یا دەرمان زۆر درەنگ کارتێکەریی لاوەکی دەر خستووە
کوردستان TV
100%

بە دوای وڵاتانی بریتانیا و ڕووسیە، ئەمڕۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بۆ بەرنگاربوونەوە لەگەڵ نەخۆشیی کۆڤید -١٩ دەستی بە ڤاکسیناسیۆنی خەڵکی خۆی کرد. هەرچەند دەسپێکردنی کوتانی خەڵک لەم وڵاتانە هاوکات دەگەڵ پێکهێنانی هیوای زاڵبوونی مرۆڤ بە سەر ئەم پەتایە ماڵوێرانکەرەی تا ئێستا زیاتر لە یەک میلیۆن و شەشسەدهەزار کەسی کوشتووە، بە هۆی بڵاوبوونەوەی هەواڵی تووشبوونی چەند کەس بە کارتێکەریە لاوەکییەکانی وەک هەستەوەری دڵەڕاوکێ و پرسیارێکی زۆریشی لە لای کۆمەڵێک کەس درووست کردووە.

ئەوەش وای کردووە ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵک بە گومانەوە بڕواننە ئەم دەستکەوتە زانستییە گرینگە و تەنانەت خۆ لە ڤاکسیناسیۆن بپارێزن. بەڵام ڕاستیی دۆخەکە چییە؟ ئاستی مەترسیی پێکوتەی کۆڤید-١٩ چەندەیە؟ ئایا وا باشە خۆمان لە پێکوتە بپارێزین هەتا ببینین ئەوانەی لەخۆی دەدەن چیان بە سەر دێ یا مەنتق و ئەخلاق حوکم دەکەن بۆ پاراستنی خۆمان و خەڵکانی دیکە بە زووترین کات کە بلوێ خۆمان ڤاکسینە کەین؟ ئەوەی تا ئێستا بە دوای تاقیکردنەوە لە سەر دەیان هەزار کەس سەبارەت بە پێکوتەکانی فایزێر-بایۆنتێک و مۆدێرنا و ئاسترازێنێکا دەزانین ئەوەیە کە کاریگەریی ئەو پێکوتانە زۆر لە ئاستی چاوەڕوانکراو زیاتر بووە و سەرووی ٩٠%ی ئەوانەی کوتراون بەرگریی باشیان دەسکەوتووە. 

كارتێکەرییە لاوەکیەکانیش دە ئاستی چاوەڕوانکراو دا بووە، و هەرچەند زۆر کەس تووش دەبن بەڵام بە گشتی سووکن و مەترسیدار نین و زۆربەیان زیاتر لە دوو ڕۆژ ناخایێنن. ئەو نیشانانەش دەرخەری وەڵامدانەوەی ئەرێنی کۆئەندامی بەرگریی لەش بە پێکوتە و پێکهاتنی بەرگرین، بۆ وێنە دەکرێ ئەو نیشانانە ناو ببەین: ژانی شوێنی کوتان، تا، ژانە سەر، ژانی ماسوولکە و جومگە، هەستی بێوازی و ماندوویی و نیشانەکانی دیکەی هەڵامەت. (هەڵبەت سەبارەت بە پێکوتەی ڕوسیی سپاتنیک ڤی زانیاری جێی متمانە کەمە، بۆیە ئەوەی لێرە دێتە بەرباس سێ پێکوتەکانی دیکەن کە لە سەرەوە ناویان هاتووە.). نیگەرانییەکی کە زۆر باسی لێوە دەکرێ نەبوونی تەجرەبە لە مەر تێکنۆلۆژیی نوێی ئێم ئاڕ ئێن ئێ یە کە بۆ یەکەم جارە کەلکیان لێ وەردەگیرێ و دوو پێکوتەی فایزێڕ-بایۆنتێک و مۆدێڕنا لە سەر ئەم بنەمایە دروست کراون.

کەسانێک باسی ئەوە دەکەن کە ڕەنگە ئەو تێکنۆلۆژییە ببێتە هۆی گۆڕانی کۆدی ژێنێتیکیی مرۆڤ و لێکەوتەی چاوەڕواننەکراوی لێ بکەوێتەوە. پێویستە بڵێم ئەو دڵەڕاوکەیە دە جێی خۆی دا نییە. ئێم ئاڕ ئێن ئێی کۆدێکی ژێنێتیکییە کە دەبێتە هۆی درووستکردنی پڕۆتێئینێکی تایبەت کە بەشێک لە ڤایرووسەکەیەو ئەو بەشە بە کۆئەندامی بەرگریی لەش دەناسێنێ، و بەدوای ئەو کارە دا دە ناو خانەکان دا حەل دەبێ و لە ناو دەچێ. ک

كارتێکەری لاوەکییە جیددیەکانی کە تا ئەمڕۆ بەدیکراون بەم جۆرەن: - پێکوتەی بایۆنتێک-فایزێر: دە مەودای تاقیکردنەوەکان لە سەر ٣٨٠٠٠ کەس، ٤ کەس تووشی جۆرێک فەلەجی دەمووچاو بوون بە ناوی فەلەجی بێل، کە نیشانەکانی دە سێ ڕۆژی یەکەمی دوای کوتان دا دەردەکەون و بە دوای ئەو دا چەند حەوتوو دەخایێنێ تا نەخۆش بە تەواوی چاک بێتەوە. بە گوێرەی دایرەی خواردەمەنی و دەرمانی وڵاتە یەکگرتووەکان ڕێژەی ٤ لە ٣٨٠٠٠ ڕێژەیەکی ئاساییە و ناتوانرێ بە دڵنیاییەوە ببەسترێتەوە بە کارتێکەریی پێکوتەکە. کارتێکەرییەکی لاوەکی دیکە هەستەوەری (حەساسیەت)ی توند دە دوو کەس لە کادڕی دەرمانیی بریتانیا دا بووە کە بەو پێکوتەیە کوتانیان بۆ کراوە. ئەو دوو کەسە پێشتر هەستەوەرییان بە زۆر دەرمان و خواردەمەنی هەبووە، بۆیە تەوسیە دەکرێ ئەوانەی بەرامبەر بە خواردن و دەرمان زۆر هەستەوەرن جارێ ئەو پێکوتەیە لە خۆ نەدەن.

- پێکوتەی دووەم هی کۆمپانیای مۆدێڕنایە. هیچ لێکەوتەیەکی جیددی و مەترسیدار لەو پێکوتەیە ڕاپۆڕت نەکراوە. - سێیەم پێکوتەی سەرکەوتوو بەرهەمی کۆمپانیای ئاسترا زێنێکا و زانکۆی ئاکسفۆردە. سێ مانگ لەمەوبەر ڕاپۆڕتێک لە سەر تووشبوونی کەسێکی بریتانی کە کوتانی بۆ کرابوو بە نەخۆشییەکی توند، بوو بە هۆی وەستاندنی توێژینەوەکان لە سەر ئەم پێکوتەیە بۆ ماوەی شەش ڕۆژ. لێکۆڵینەوە لە سەر ئەو کەسە نەیتوانی نیشان بدا کە پێکوتەکە بە گشتی هەڵگری مەترسییەکی دیارە، هەر بۆیەش ڕێگە بە بەردەوامبوونی توێژینەوەکان درا. بە کورتی هەواڵەکان دڵخۆشکەرن. هیچ مەترسییەکی جیددی و جێی باوەڕ بە هۆی لێدانی ئەم پێکوتانە بەدی نەکراوە و کارتێکەرییە لاوەکیەکان هەر ئەوانە بوون کە چاوەڕوان دەکران و بە گشتی سووک و بێمەترسین.

هەڵبەت جاری وا هەبووە کە ڤاکسین یا دەرمان زۆر درەنگ کارتێکەریی لاوەکی دەر خستووە، و ئەوە مەترسییەکە بە ئەگەرێکی بچووک کە بۆ هەموو ڤاکسین و دەرمانێک هەیە. بۆیەش هەرگیز ناتوانین ١٠٠% دڵنیا بین کە ڤاکسین یا دەرمانێک بێ مەترسییە، یا مەترسیی شاراوەی نییە، بەڵام هەر چی هەیە، ئەگەری مەترسییەکی وەها زۆر بچووکترە لە مەترسیی تووشبوون بە کۆڤید-١٩. گرینگە ئەو ڕاستییەمان لە بەر چاو بێ کە بۆ ڕزگاربوون لەم پەتایە و وەستاندنی دەوری تووشبوون دە کۆمەڵگە دا پێویستە سەرووی ٧٠%ی خەڵک کوتانیان بۆ بکرێ. بۆیە تۆ کە تووشی نەخۆشییەکە نەبووی، بە ڤاکسینە کردنی خۆت نەتەنیا خۆت دەپارێزی، بەڵکوو هەنگاوێک بەرەو پاراستنی گیانی مرۆڤەکانی دیکە و ڕزگاربوون لەو قەیرانە و گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی هەمو مرۆڤایەتی هەڵدێنیەوە.

ktv

ئالان فتووحی، ستۆکهۆڵم، ١٤ی دێسێمبری ٢٠٢٠

كوردستان TV

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.