Erbil 34°C شەممە 05 تشرینی یەکەم 16:23

ماڕادۆنا بەراستی ئەفسانە بوو

کوردستان TV
100%


ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرژەنتینی دییگۆ ئەرماندۆ ماردۆنا كۆچی دوایی كرد لەتەمەنی 60 ساڵیدا ، دوور لەژیانی تایبەتی ئەم ئەفسانەیە كەبەچەند قۆناغێكی سەخت تێپەڕی بەتایبەتی لەدوای وازهێنانی ، هیچ هەوادارێكی تۆپی پێ نییە لەسەرتاسەری جیهان سەرسام نەبێت بەیاریكردنی مارادۆنا و ئەو ئاستە بەرزەی كەلەیاریگاكان پێشكەشی دەكرد ، من هاندەری ئەرژەنتین نیم بەڵام هەرگیز مۆندیالی 1986 لەبیرناكەم بەهۆی ئەو ئەفسانەیە ، ئەگەر زێدەڕۆیی نەبێت ئەوە لەلای من مۆندیالی 1986 مۆندیالی مارادۆنایە ، لە 7 یاری هەڵبژاردەی ئەرژەنتین ئەو ئەفسانەیە ئاستێكی ئەفسوناوی پێشكەش دەكرد ، 5 گۆڵی تۆماركرد و 5 گۆڵی دروستكرد هەرهەموویان لەیاد و هزری هەوادارانی تۆپی پێ دەمێنێتەوە ، گۆڵێكی بەدەست تۆماركرد كەجێگای مشتومڕ بوو تاخۆی دانی پێدانا ، كێ دەتوانێت ئەو گۆڵەی مارادۆنا لە ئینگلتەرا لەبیر بكات كەیاری بەسەرجەم یاریزانەكان كرد بەگۆڵپارێز پیتەر شیلتۆنەوە ، كی دوو گۆڵەكەی بەرامبەر بەلژیكا لەبیر دەكات ، كێ دوو ئەسیستەكەی بەرامبەر ئەڵمانیا لەیاری كۆتایی لەبیر دەكات ، بەراستی مۆندیالی 1986 دەبێ بەناوی مارادۆنا بكرێت ، لای منیش ئەو مۆندیالە هەر بەیادی یاریەكانی مارادۆنا دەمێنێتەوە .
لەمۆندیالی 1990 لەئیتالیا مارادۆنا هەموو ئیتالیای گریاند دوای ئەوەی لەقۆناغی پێش كۆتایی دووریانی خستەوە ، لەیاری كۆتاییش ئەگەر هەڵەكانی ناوبژیوانی مەكسیكی نەبوایە ئەوە مارادۆنا جارێكی دیكە جامی جیهانی بەرزدەكردەوە ، ئێستاش لەدوای تیپەڕبوونی 30 ساڵ هێشتا فرمێسكەكانی ماردۆنام لەبەرچاوە لەدوی دۆڕاندنی یاری كۆتایی بەرامبەر ئەڵمانیا .
مارادۆنا لەكاروانی یاریكردنی لەگەڵ یانەكان ، وێستگەی یانەی ناپۆلی و یاریكردنی لەگەڵ ئەم یانەیە لەبیر ناكرێت ، ناپۆلی یانەیەكی نەناسراو بوو ، لەشارێكی هەژاری ئیتالیا بوو ، بەڵام مارادۆنا سەركێشیەكەی قبوڵكرد و توانی ئەم یانەیە بەرەو لوتكەی كالچیۆ ببات و دووساڵ لەسەر یەك نازناوی خولی ئیتالیای لەچەنگی یانە گەورەكانی وەك میلان و یۆڤانتس و ئینتەر دەرهێنا ، بۆیە دڵنیام شاری ناپۆلی و یانەی ناپۆلی ماتەمینی بۆ كۆچی دوایی ئەفسانە رادەگەیەنێت .
مارادۆنا نازناوی باشترین یاریزانی سەدەی 20ی لەفیفاوە وەرگرت بەهاوبەشی لەگەڵ ئەفسانەی بەرازیلی پێلی ، بەڵام ئەوەی مارادۆنا جیاواز بوو چونكە ئەو بەدەنگدانی هاندەران ئەم نازناوەی وەرگرت بەڵام ئەوەی پێلی بەهەڵبژاردنی پسپۆرانی فیفا بوو .
مارادۆنا بەهۆی بەكارهێنانی دەرمانی بێهۆشكەر كاتێكی سەختی بەسەربرد و ئەزموونێكیشی هەبوو لەجیهانی راهێنەرایەتی بەڵام زۆر سەركەوتوو نەبوو .
ماردۆنا كۆچی دوایی كرد بەڵام هەرگیز ناوی ئەو ئەفسانەیە لەبیر و هزری هەوادارانی تۆپی پێ دەمێنێتەوە .
ماڵئاوا ئەفسانە .. ماڵئاوا ئەو یاریزانەی كە هەردەم خۆشی دەخستە دڵی هاندەرانەوە ... ئەستەمە یاریزانێكی وەك مارادۆنا و توانای هونەری ئەو یاریزانە لەناو یاریگاكان دووبارە بێتەوە .
سالار جەلال

كوردستان TV

تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.