وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند: گرێبەست لەنێوان كارگەكانی جپسی پەتاتە و جوتیارانی پەتاتە دەكرێت بۆ كڕینەوەی بەرهەمی پەتاتە.
بەگوێری راگەیاندراوێكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوى هەرێم ئەمڕۆ دووشەممە 26/10/2020، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی كارگەكانی جپسی پەتاتە و نوێنەری جوتیارانی پەتاتەی كرد لە كۆبوونەوەكە، كە كەریم سلێمان، بریكاری وەزارەت ئامادە بوو گفتوگۆكرا لەسەر هاوردەكردنی جۆرەكانی بنەتۆی پەتاتە بۆ ئەوەی جوتیاران بیچێن و كارگەكانیش لێیان بكڕنەوە.
ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە ، كە گرێبەستێكی یاسایی لە نێوان كارگەكان و جوتیارانی پەتاتە دەكرێت بۆ ئەوەی كارگەكان بەرهەمی جوتیاران بكڕنەوە، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو سەرپەرشتی گرێبەستەكە دەكات بۆ ئەوەی هەردوولا پابەندبن بە گرێبەستەكە.
ئەوەشخراوەتەڕوو ، لە كۆبوونەوەكە گفتوگۆكرا لەسەر كاتی دانانی باجی گومرگی لەسەر هاوردەكردنی پەتاتە، جوتیاران كات و بڕی باجەكەیان بەلاوە پەسند بوو هەروەها بڕیادرا هەماهەنگییەكان بەردەوامبن بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی ئەمەش لەرێگەی بەدواداچوون و گرتنەبەری چەند هەنگاوێكی پێویست.
هاوكات لە كۆبوونەوەكە بڕیاردرا بە كردنەوەی خولی راهێنان بۆ جوتیارانی پەتاتە تایبەت بە دواین زانیاری لەسەر بەرهەمهێنانی پەتاتە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.