وردەکارییەکانیی نوێترین پرۆژەی کەیوان کەریمی لە بازاڕی ئۆنلاینی فێستیڤاڵی فیلمی کانی 2020
وردەکارییەکانیی بەرنامەی نوێترین پرۆژەی سینەماکاری کورد "کەیوان کەریمی" لە لایەن "ئەنستیتۆی فەڕەنسا" لە بازاڕی ئۆنلاینی حەفتا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کانی 2020 کە ئەمساڵ بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت، ڕاگەیاندرا.
بازاڕی ئۆنلاینی حەفتا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کان بە ناونیشانی سەرەکی Marché du Film لە ڕۆژانی 22 تا 26ی جوونی 2020 لە ئێستادا بەڕێوەدەچێت و سینەماکاری سەربەخۆی کورد "کەیوان کەریمی" بە نوێترین و دووهەمین پرۆژەی سینەمایی خۆی بە ناویی "ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟" Do you know anything about Omid? کە وەکوو 10 باشترین پرۆژەی بەرچاویی دنیا لە بەشی La Fabrique du Cinema لە حەفتاوسێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کان لە ساڵی 2020 هەڵبژێردرابوو، لەم ڕووداوە گرینگە سینەماییەدا بەشدارە، وردەکارییەکانی بەرنامەی "دە پڕۆژە لە سینەمای جیهان بۆ داهاتووی سینەما" لە پاڤیۆنی "ئەنستیتۆی فەڕەنسا" لە بازاڕی ئۆنلاینی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کان بە ئامادەبوونی ئەم دەرهێنەرانە و بە ڕێنوێنی "ڕەشید بووشارب" Rachid Bouchareb دەرهێنەر، ئەکتەر و بەرهەمهێنەری ناوداریی ئەلجەزایری و دانیشتووی وڵاتی فەڕەنسا ڕاگەیاندرا.
دوای دوو مانگ، بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ڕێکووپێکی ڕۆژانە، لە نێوان "ئەنستیتۆی فەڕەنسا" و هەڵبژێردراوانی 10 پڕۆژە لە بەشی La Fabrique du Cinema بڕیاروابوو کە لە پێنج ڕۆژی بەڕێوەچوونی بازاڕی ئۆنلاینی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کان، دەرئەنجامی کارەکانیان بخەنەڕوو. لە دوو مانگ ڕابردوودا ئەم 10 دەرهێنەرە بە ڕێنوێنی و ڕێبەرایەتی "ڕەشید بووشارب" سەرقاڵی کارکردن لەسەر سیناریۆ و ئامادەکردنی فایلی فیلمەکانیان بوون تاکوو لە ئیستانداڕدی جیهانیدا و بە پێشکەش کردن بە بازاڕی سینەمای دنیا ئامادەی بکەن.
لە ماوەی ئەم دوو مانگەدا، بەشداربووان لەم خولەدا، لە دوو نۆبەی دوو کاتژمێریدا ڕۆژانە کۆبوونەوەیان لەگەڵ بڵاوکەرەوانی فیلم، بەرهەمهێنەران و پسپۆڕانی پیشەگەڕی سینەما لەوانە: "ستێفانۆ تیالدی" Stefano Tealdi بەرهەمهێنەری سینەما بۆ ئامادەکردنی پیچینگی ڤیدیۆکان، کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی سەرەکی بەشە جۆراوجۆرەکانی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "کان"ی فەڕەنسا، فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "بەڕڵیناڵە"ی ئەڵمانیا، ڕێکخراوەی سینەمایی فەڕەنسا CNC، فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ساندەنس"ی ئەمەریکا، فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "تۆڕێنتۆ"ی کەنەدا و هەروەها لە بواریی فانددا کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەنستیتۆی فیلمی "دۆحە"ی قەتەر، Bertha Film Fund، World Cinema Fund و ... سازکرد.
نوێترین پرۆژەی سینەمایی "کەیوان کەریمی" بە ناوی "ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟" لە ماوەی ئەم دوو مانگی ڕابردوودا، بە شێوەی پیشەیی ڕێکخراو و سیناریۆکەی ئامادەبووە. هەروەها ئەو بەڵگانەی کە بۆ فاندی جیهانی پێویستە، بە لەبەرچاوگرتنی ئیستانداڕدەکانی دنیا، بە پێی بیڕووڕای دەرهێنەرانی ناودار و هەروەها ڕێخراوە سینەماییە گرنگ و پیشەییەکان ئامادەکراوە و ئێستا لە قۆناغێکدایە کە بۆ یەکەمین جار، "ئەنستیتۆی فەڕەنسا" لە بازاڕیی ئۆنلاینی حەفتا و سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کانی فەڕەنسا ئەم بەرهەمە سینەمایی دەناسێنێت، دەیفرۆشێت و لە بازاڕیی سینەماییدا دەیخاتەڕوو.
ئەم پڕۆژەیە، هاوکاریی وڵاتانی ئێران، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، سویسڕا و نۆڕوێژی بۆلای خۆی ڕاکێشاوە و لە ئێستادا لە قۆناغی هەڵسەنگاندن و پەسەندکردن مەسرەفی سازکردنیدان و هەروەها ئەم وڵاتانە بەرنامەیان بۆ داڕشتووە کە لە ماوەی یەک ساڵی داهاتوودا، ئەم بەرهەمە بگەیەننە قۆناغی بەرهەمهێنان.
هەروەها "کەیوان کەریمی" ڕۆژی چوارشەمە 24ی جوونی 2020 لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی 15 بەرهەمهێنەری پیشەیی سینەمای جیهان، نوێترین پڕۆژەی سینەمایی خۆی پێناساندن.
بەشی La Fabrique du Cinema گرنگترین بەرنامەی "ئەنستیتۆی فەڕەنسا" لە بازاڕی ئۆنلاینی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کان دێتەئەژما، بە شێوەیەک کە ئەم بەشە، لە ڕۆژی دووشەمە 22ی جوونی 2020 بە بەڕێوەچوونی مەستێرکلاسی "ڕەشید بووشارب" دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.
لە ڕۆژی سێشەمە 23ی جوونی 2020 ڕۆژی دووهەمی ئەم بەرنامەیە، دەرهێنەرانی بەشداربوو، پڕۆژەکانی خۆیان بە 720 بەرهەمهێنەری پیشەیی سینەمای جیهان کە تیایدا بەشدارییان کردبوو، ناساند. لەم بەرنامەیەدا هەر دەرهێنەرێک 10 خولەک کاتی هەبوو تاکوو سەبارەت بە پڕۆژەکەی خۆی لە بەشەکانی دەرهێنان، سیناریۆ، قۆناغی بەرهەمهێنان و ... قسە بکات و لە کۆتاییشدا کۆبوونەوەی پرسیار و وڵام لە نێوانیاندا بەڕێوەچوو.
"کەیوان کەریمی" ناویی هەندێک لە ستافی سەرەکی پڕۆژەی "ئایا ئێوە شتێک سەبارەت بە هیوا دەزانن؟" بە بەرهەمهێنەرانی پیشەیی سینەمای جیهان ڕاگەیاندووە، کە ناوی "ئەمین جەعفەری" بەڕێوەبەریی وێنەگرتن، "ئەمیر ئەسکەندەری" بەرپرسی بەرهەم، "مەنسوور جیهانی" بەڕێوەبەریی ڕاگەیاندنی گشتیی و هەروەها خاتوو "کیانا تەجەمول" لە ڕۆڵی "سارا"دا، ئەکتەری پیشەیی سینەمایی ئێران و ئەکتەری فیلمی سینەمایی "هەژدیها دێتە ناوەوە" لە دەرهێنانی "مانی حەقیقی" لەم پڕۆژەی "کەیوان کەریمی" مسۆگڕ بووە.
دەرهێنەرانی بەرنامەی "دە پڕۆژە لە سینەمای جیهان بۆ داهاتووی سینەما" لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا و هەر کامێکیان لە وڵات و لە ماڵی خۆیان لە بەرنامەی جیهانێکی یەکگرتوودا، بە شێوەی ئۆنلاین بۆ بەرپرسانی سەرەکی بەشە جۆراوجۆرەکانی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کانی فەڕەنسا کۆبوونەوەیان هەبوو و پڕۆژەکانی خۆیان بۆ بەرپرسانی باڵای ئەم ڕووداوە گرنگەی سینەمای جیهان و هەروەها بەرپرسی "ئەنستیتۆی فەڕەنسا" خستەڕوو و ناساندیان. چونکە ئەوانیش دەبێت لە ڕەوتی بەرهەمهێنانی ئەم پڕۆژانە ئاگاداربن، چونکە ساڵی داهاتوو، چاوەڕوانی بەشداریی ئەم بەرهەمانە لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کانن.
ئا / مەنسوور جیهانی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.