Erbil 15°C دووشەممە 20 ئایار 06:02

لەدوا شەودا ..یەک دوو قسه

ئەو بێ‌ ئەزموونیە وای لێ‌ كردووە لەكاتی نووسین دا  ئامانج و فەلسەفەی بەرهەمەكەی دیاری  نەكات
کوردستان TV
100%

لە دەست پێكی نمایشكردنی ئەلقە سەرەتاییەكانی  زنجیرە درامای (دوا شەو) ی دەرهێنەر (كارۆخ ئیبراهیم) بەرهەمەكە زۆر بەتوندی  كەوتەبەر شالاوی  رەخنەیەكی زۆری  جەماوەری، بەڵام  زۆرینەی ئەو رەخنانە، فۆرمێكی  زانستیانەو لۆژیكییانەیان وەرنەگرتووە،  كە تێیدا  بەرهەمەكە شەن و كەو كەین و دەست نیشانی كەم و كوڕییەكانی بكەین و لایەنە نەگەتیف و پۆزەتیلفەكانیشی  لەبەرچاو بگرین .
لەهەموو حاڵەتێكا پێویستە ئەو بەرهەمە وەك ئەزموونێك بخەینە ژێر توێژینەوە، ئەوە لەبەرچاو بگرین كە ئەو بەرهەمەو زنجیرە درامای (بەختەبارانە) ی نیاز لەتیفیش  لەدایك بووی  قۆناغێكی ترن لەقۆناغەكانی  درامای كوردی، کە دوای چەندین ساڵ لەغیابی درامای كوردی  و ئەو چەقینە درێژ خایەنە لە دایك بوون، كە بینەر تێیدا دووچاری بێ‌ هیوایی  ببوو.
بۆیە پرسی سەرهەڵدانەوەی درامای كوردی بو و بەزەرورە، دەزگا میدیا كارەكانی خستە بەردەم  بەرپرسیاریەتێكی ئەخلاقی و نیشتمانی كە لەبری كڕینی زنجیرەی بیانی و خەرجیەكانی دۆبلاژ كردن، هەوڵی بەرهەم هێنانی زنجیرە  درامای كوردی بدەن، بەڵكو بەو هۆیەوە  بتوانن ئەلتەرناتیف  بۆ زنجیرە درامای بیانی  دابین بكەن، لەهەمان كاتیشدا بۆشایی غیابی درامای كوردیش پڕ كەنەوەو تینوویەتی بینەری كوردیش بشكێنن.
ئەو دوو دەرهێنەرە (كارۆخ ئیبراهیم) و (نیاز لەتیف) چانسی وەرگرتنی ئەو دەرفەتەیان بەركەوت و كەوتنە بەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەخت، كە چۆن بتوانن لەو دەرفەتەدا دڵی جەماوەر لەخۆیان رازی بكەن و لەئاست ئەو متمانەیە دابن كە هەردوو دەزگای كورد ماكس و ئاڤا بەو دوو دەرهێنەرەیان بەخشی .
بەگوێرەی كارۆخ ئیبراهیم ـ ئەو دەرهێنەرێكی شانۆیی بووە و لەو بوارەشدا جێگەی متمانەی هەوادارە شانۆییەكانی خۆی بووە، بەڵام بەهۆی ئەو هەلومەرجە ساردو سڕو  چەق بەستووەی شانۆی كوردی، بڕیاری دەست هەڵگرتنی لەشانۆی كوردی دا، لەئان وساتێكا  بڕیاری دا كە كاری دەرهێنانی تەلەفزیۆنی بدا، بێگومان ئەو بڕیارەش  بڕیارێكی سەختە، چونكە شانۆو تەلەفزیۆن دوو دنیای لێك جودان، هەر یەك لەوان تەمەنێك ئەزموونی دەوێ‌ تابتوانیت ئەركێكی قورسی وەك دەرهێنانی زنجیرەیەكی 20 ئەلقەیی بگریتە ئەستۆی خۆت، بۆیە ئەو بڕیارە بۆ ئەو سەركێشیەكی سەخت بوو.
ئەو لەدەستپێكدا  پشتی بەچەند بنەمایەك بەست بۆ ئەوەی لەو سەركێشیەدا  سەركەوتن بە دەست بێنێت 
1.هێنانی كاستێكی پرۆفیشنال لەوێنەگرو هونەركارە توركییەكان بۆئەوەی زامنی  وێنەگرتن دراماكەی بۆ بكەن، بەوناوەی  وێنەگرتن رەگەزی بنەڕەتی درامایەو زامنی بەشێكی زۆری  سەركەوتنی دراماكەی بۆ دە كەن .
2 .ئەنجام دانی گرێ‌ بەست لەگەڵ زۆرێك لەهونەرمەندە دیارەكانی كوردستان لەسلێمانی  و لە هەولێر، بۆ ئەوەی  ناوە ناسراوو دیارەكانی بواری نواندن لەكوردستان  هەم ببنە فاكتەرێكی رەونەقداری میدیایی  بۆ بەرهەمەكە، هەمیش لەلایەنی  نواندن لەبەرهەمەكەدا زامن كەن .
3.هێنانە پێشەوەی  نوخبەیەك لەگەنجە كوڕو كچەكان، لەوانەی  توانای باشی نواندنیان هەیە و هەندێكی تریان روخساری سەرنج راكێشیان هەبوو، بۆ رەونەق داركردنی شاشە .
4.دەستەیەك  لەمیدیا كارو نەخشەسازو گەنجی لەدەوری خۆیدا كۆ كردەوە، بۆ كاری راگەیاندن وپەیوەندی  و راگەیاندن.
هەموو ئەو رەگەزانە بنەمایەك بوون بۆ ئەو پلان و نەخشەیەی كەدەرهێنەر دایڕشتبوو بۆ ئەنجام دانی كارەكەی، بەڵام ئەو پرسیارەی دێتە پێشەوە  ئەوەیە ئاخۆ بەو هەموو خۆ ئامادە كردنەەوە  لەئەنجامدا بەرهەمەكە سەركەوتنی بەدەست هێنا؟  یا تووشی  شكستێكی گران بەها بوو؟    من دەڵێم: ئەگەر بەرهەمەكە وەك ئەزموونێكی هونەری وەربگرین دەڵێم، رەنگە بەرهەمەكە وەك شێوە  لەگەڵ  ئەزموونە رابووردووەكانی درامای كوردی جیاوازی هەیە، بەڵام ئێمەی كورد خاوەنی نین، كاتێك بۆمان هەبوو دڵمان پێیان خۆش بێت كە ئەو ئەزموونە ئەزموونی دەستی  وێنەگرانی خۆمان بوایە، یا كۆمپانیایێكی كوردستان  ئەو كوالیتەی دابین كردایە، بۆ نموونە ئێمە لەبەرهەمەكەدا شانازی بە مۆنتاژ دەكەین كە تێیدا گەنجێكی كورد ( كاروان زامدار)  كاری مۆنتاژی بۆ كردووە.
بۆیە پرسی بەكارهێنانی خیبرەی بیانی لەهەر پرۆژەیەكی هونەری دا، ئەگەرچی كارێكی نا ئاسایی نیە،  هەندێ‌ لە دەرهێنەران بۆ كاری سینەمایی و درامی پیادەی دەكەن، ناگەڕێتەوە  بۆ سەر لێهاتوویی دەرهێنەر، بەڵكو ئەو پرۆسەیە پرۆسەیەكی بازرگانیە، بۆ هەر كەسێك دەكرێت  پارەی بۆ خەرج كات،  بەڵام لەهەندێ‌ حاڵەتیشا زیان بەخشە، چونكە ئەو ستاافە مۆركی تایبەتی خۆیانیان هەڵگرتووە، ستایلی ئەوان لەهەر بەرهەمێكدا بەكار بێت دەناسرێتەوەو دەزاندرێ‌ كە ئەو ستایلە ستایلێكی توركیە، بۆیە بایەخێك  بۆ مۆركی  نیشتمانی و نەتەوەیی تۆ بەجێ‌ ناهێڵێ‌  و هونەری خۆیشت بە سەردا فەرز دەكات.
بەڵام خۆ  تۆش نەتەوەیەكی پێت خۆشە بەدراما، بە سینەما، بە شانۆ ، بە موزیك ،  خزمەت بە كولتووری  نەتەوەكەی خۆتەوە بكەیت، ئەو كولتوورە لەو كەناڵە هونەرییانەوە  بەجیهان بگەینیت، ئەگەر سبەینێ‌ ئەو زنجیرەیە  بەزمانێكی غەیرە  كوردی تەرجەمە یا دۆبلاژ كرا، ئەو غەیرە كوردە لەرێگەی دراماكە ئاشنا بەزۆر لەسیما نەتەوەییەكانی تۆ بێت، نەك وا بزانێ‌ بەرامبەر بەدرامایێكی توركی دانیشتووە، ئەی كەواتە ئێمە چیمان كرد؟ بەپارەو خەرجی خۆمان بچین خزمەتی تورك بكەین ؟
كارۆخ  لەنەخشە پلانەكەی خۆیدا بیری بۆلای گەلێك بابەت چووە  ببنە فاكتەر بۆ سەركەوتنی دراماكەی،  تەنیا شتێك نەبێت كە بۆتە فاكتەری هەموو ئەو ئاسەوارە نەگەتیفانەی روو بە رووی دراماكە بۆتەوە ئەویش  كاری نووسین و سیناریۆی زنجیرە دراماكەیە.
كارۆخ نووسەر نیە، بەڵام لە هەستیارترین كاتدا بۆتە كەسێكی خۆ پەرست و بەرژەوند  پەرست بەبێ‌ ئەوەی هیچ ئەزموونێكی هەبێت لەبواری نووسین و سیناریۆ  تێكستی درامی دا، ئەو ئەركەی خستۆتە سەر شانی خۆی، ئەو ئامادە بوو بۆ هەموو كارە هونەرییەكانی تر دەست كراوە بێت و ئەو كاستە هونەرییە لە توركیا بێنێ‌  و هونەرمەندانی هەولێرو سلێمانی لەیەك بەرهەمدا كۆ كاتەوە، بەڵام ئامادە نەبوو نووسەرو سیناریستێك بۆ بەرهەمەكەی دابین بكات و  بەو هۆیەوە  روو بە رووی هەموو ئەوكێشانە بێتەوە كە لە دراماكەدا هەیە، چونكە سەرچاوەی گشتی هەموو گرفتەكانی ئەو زنجیرەیە كەم و كوڕیەكانی دەقە كەهەموو ماندوو بوون و خەرجی و ئاواتەكانی بینەری بەهەدەر دا.
ئەو پرسی دەقی بەپرسێكی زۆر لاوەكی وەرگرتووە و هیچ بایەخێكی پێ‌ نەداوە، كەچی  كۆمپانیا بیانیەكان كاتێ‌  دەیانەوێت دەق ئامادە كەن، گرنگترین شت بەلای ئەوانەوە دەقە، بۆ زنجیرەكان چەندین نووسەرو چەندین سیناریۆ نووس كاری بۆ دەكەن ، هەندێكیان  رۆژانە لەگەڵ ستاف دا دەمێننەوە بۆ هەندێ‌ چارەسەری درامی لە كاتی  وێنە گرتندا، هەر هەمووشیان  كەسانی شارەزاو پسپۆرن لەبواری خۆیاندا.
ئەوانن دیمەن و گرێ‌ ی درامی  وروژێنەر دروست دەكەن و چارەسەری  بۆ دادەنێن، ئەگەرنا بە تەنیا كەسێك چۆن 300 ئەلقە ئامادە دەكرێت .چ زنجیرە درامایەكی 20 ئەلقەیی هەیە ئەركی نووسین و دەرهێنان و بەرهەم هێنان بگرێتە ئەستۆی تەنیا كەسێكی بێ‌ ئەزموون لە نووسین ، بێ‌ ئەزموون لە دەرهێنانی تەلەلفزیۆنی، بێ‌ ئەزموون لەبەرهەم هێنان ؟
هەتك كردنی زمان :
سەركێشیەكانی كارۆخ هەر تەنها بەسەر ئاستی دراماكە نەشكاوەتەوە، بەڵكو زمانی كوردیشی هەتك كردووە، كە بینەر نازانێ‌  بەو پەرش و بڵاویەو سەرلێ‌ شێوانەی  دیالیكت ئەو ئەكتەرانە خەڵكی كوێن؟  بۆ هەندێكیان  نیوەی رستەی دایەلۆگەكانیان سلێمانیەو نیوەكەی تری رستەكەی هەولێرییە،بۆ جیاوازی دیالیكت  لە نێوان باوك و كچ ، خوشكو برادا هەیە؟
بۆ ئەوەندە بە سووكی  و بێ‌  بایەخی تەماشای زمان بكرێت  كە ناسنامەی نەتەوەییتە؟ لەجێگەی تر بۆ پاراستنی تێكست  لەهەڵەی زمان بەلانی كەمەوە سێ‌ سەرپەرشتیاری زمانەوانی  دادەندرێت بۆ پێداچوونەوە بەتێكست لەچەندین لایەندا ..
ئامانج و فەلسەفەی دراماكە:
ئەو بێ‌ ئەزموونیە وای لێ‌ كردووە لەكاتی نووسین دا  ئامانج و فەلسەفەی بەرهەمەكەی دیاری  نەكات، نەتوانێ‌  لوكێشن و دیمەن و رووداوەكان،  بەئاراستەیەكی دیاری كراو بۆ  خزمەتكردنی  ئامانج  بەرجەستە بكات.
   ئەو لەتاوەرێكی  باڵاوە دەڕوانێتە خوارەوەو  و دەچێتە ناو ژیانی بورژواو سەرمایەدارو بزنس مانەكان و ئەو ژیانە باق و بریقەدارانەی ئەوان لەكۆشك و تەلارو كۆمپانیا بازرگانیەكانیان دەخاتە روو، ئەوەندەی  بەلایەوە گرنگە كامێرا  بۆ  خزمەتی نمایشكردنی  باڵەخانە بڵندەكانی ئەوان و لوكێشنەكانی سپۆنسەر تەرخان بكرێت، ئەوەندە  هەوڵەكانی بۆ تێر كردن و گەیاندنی ئامانجی دراماكە تەرخان نەكرا، بۆیە پرسی بازرگانی كردن بە بەرهەمەكە  زۆر بە زەقی لە رێكلامەكانی  زنجیرەكە بۆ ئەو كۆمپانیایانە دەردەكەوێت.
واقعێكی مزەییەف
 لە پەنای  ئەوەدا، دەرهێنەر پەردەپۆشی لەواقعێكی تاڵی كۆمەڵایەتی دەكات، واقعێكی مزەیەفی ئەمڕۆی كوردستان   نیشان دەدات، وەك ئەوەی كوردستان تەنیا كێشەی  خاوەن كۆمپانیا زەبەللاح و مافیا بازرگانەكانی هەبێت، بەشێوەیەك لە واقیعە راستەقینەكە دوور دەكەوێتەوە،  بینەر وا هەست بكات، ئەوەی دەیبینی كوردستان  نیەو هیچ پەیوەندیشی  نەبە كوردستان و نە بەخەڵكەكەشیەوە  هەیە.
پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەو دیمەنانە چی پێشكەش بەكۆمەڵگای كوردی دەكەن؟  دەیەوێ‌ چیان پێ‌ بڵێ‌ ؟ 
ئیدی (شێوە) كە رووی دەرەوەی زنجیرەكەیە لەسەر ئەو بناغە داڕماوە  لەبیرو ئامانج و دامەزراوە.
جاران لە سەردەمی كلاسیك  و  رە شو سپی دا،  شێوە  بوونی نەبوو، بەڵام چونكە ناوەرۆك هەبوو، لە چوارچیوەی ئاماجێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی  و كۆمێدی دا بەرجەستە دەكرا، وەرگری خۆیان هەبوو، كە تا ئێستاكەش دوای تێپەڕ بوونی  دەیان ساڵ، خەڵكی تامەزرۆی بینینی دراماكانی ئەو دەمەی وەك جەنابی موفەتیش، تاپۆ هەقی چیە، لانەوازان، پیسكەی تەڕ پیرن.
كەواتە ناوەرۆك لەشێوە گرنگترە،  بەڵام هەردوكییان بە یەكەوە  هاوكێشەكە تەواو دەكەن، ئەوەی ناوەرۆكە بەركەوتەی لەسەر  بیرو خەیاڵ و عەقل هەیە، بەڵام شێوە  تەكنیكێكە تەنیا بۆ جوانكاریی و هەڵخەڵەتاندنی چاوە، شێوە بەهەموو تەكنیك و كولیتە رەنگاو رەنگەكانییەوە هیچ ناهێنێ‌، ئەگەر لە خزمەتی ناوەرۆكدا نەبێت،  هەر ئەو كێشەیەی نێوان ناوەرۆك و شێوەیە  زنجیرە دراما توركیەكانی  سووك و بێ‌ بەها كردووە، كە ئێستا ئێمە  دەمانەوێت  لەدوا شەودا لاساییان بكەینەوە، كۆمەڵگاكەمان  وەك كۆمەڵگای توركی نیشان بدەین، چەندین دیمەن  لەسەرجێیی  گەنجەكانمان لەگەڵ سۆزانیەكان  بەرووتی نیشان بدەین،  ئافرەت هان بدەین بۆ  بەڕەڵڵایی و جگەرە كێشان، ئافرەت لە خێزان دابڕێنین و هەر یەكەو بەتەنیا  لەباڵەخانەیەكی  جیا بژین بۆ رابواردن، هەندێكی دیكەیان بكەین  بەسەرۆك مافیاو پیاوەكان بفڕێنن ،ئەمانە ئەگەر تەقلیدی كۆمەڵگای توركی نەبن چین؟ 
چونكە ئامانج لە سیناریۆكەدا ونە، ئاراستەی بەڕێوەچوونی رووداوەكانیش شێواوە، ئەگەر دوای بیست ئەلقە لەهەزار بینەر بپرسی  ئەو درامایە باسی چیت  بۆ  دەكات ؟ رەنگە 10   بینەری ئاسایی شتێ‌ لە هێڵی درامی و ئایدۆلۆژی دراماكە تێ‌ نەگەیشبێ‌، ئەوەندە نەبێت كۆمەڵگایێكی  توندو تیژ دەبینێت، كە هەمووی  هەر بازرگانە و هەر یەكەیان لە رەئیس عەسابەیەك دەچێ‌، كۆمەڵێ‌  پیاو  لەشێوەی مافیا  دەوری ئەو بازرگانانەی داوە، كاری كوشتن و بڕین و فڕاندنیان  پێ‌ دەكەن، خەڵكی  وەك تەحسینی كاسب كار لە شوێنی تایبەتی  وەك ئەمنی عامە تەعزیب دەدەن و لەخوێنی سوور دەكەن، بە گوناهی ئەوەی  كچێك خانووەكی لێ‌ كڕیوە و ناونیشانەكەی لەو پیاوە بێ‌ ئاگایە داوا دەكەن ! بەدەیان دیمەنی تر لە كوشتن و فڕاندن و تەعزیب دان و  چاو بەستنەوەی كچان، بێ‌ ئەوەی ئەو هەموو ئیرهابە هیچ پاساوێكییان هەبێت .
ئەوەندەش رووداوەكانی فڕاندنی كچان و هێنان و بردنیان بۆ نەخۆشخانەو دەرهێنانیان دووبارەو سێ‌ بارە دەبێتەوە، وایان لێ‌  دێت  رووداوەكان كاڵ ببنەوەو هیچ تام و چێژێك نەبەخشن .
كێشە لەو نێوەندە ئەوەیە كە دەرهێنەر توانای دروست كردنی گرێ‌ ی درامی و چارەسەركردنیانی  پێ‌ نیە، بە دەوری چەند رووداوێكی روو كەش دا لە بازنەیەكی داخراودا دەسوڕێتەوە، بێ‌ ئەوەی هەست بە پێشەوەچوونی ریتمی دراماكە بكەیت.
ئەكتەرى بؤليسى:
بێگومان ئاسەوارە نەگەتیفەكانی  دەرهێنان  هەر  تەنها  بەسەر رووداوەكاندا بە جێ‌ ناَمێنێ‌، بەڵكو كار دەكاتە سەر ئەكتەریش، كە نەتوانێت  كاراكتەرەكەی خۆی وەك پێویست بناسێ‌ و شوێنی خۆی لە جوگرافیای  دراماكەدا پێ‌ بزانێ‌ ، ئەگەرنا ئەو ئەكتەرانەی  لەو درامایەدا بەشدارن كۆمەڵێ‌  ئەكتەری بە ئەزموونن، لەچەشنی شەماڵی عەبە رەش، ئیبراهیم حەكیم، سەلام كۆیی، خەرمان هیرانی، پێشڕەو حسین،  یونس حەمە كاكە، فرمێسك مستەفا، ناسر حەسەن، شادان فوئاد.كە هەر یەك لەوان  لە رابووردووا، داهێنانی خۆیانیان هەبووە، بەڵام  لەو بەرهەمەدا ئەوانە نەبوون كە ئێمە پێشتر ناسیومانن و  دەرهێنەر نەیتوانی قۆرخی دەسەڵاتی هونەریی ئەوان بكا وەك پێویست ، ئەوانیش گیرودەی دەقێكی سەقەت بوون، كە نەتوانن لە چوارچیوەی ئەو دەقەدا  دەرچن، دەقێك كە پڕبێ‌ لەگرژی، ئەكتە ر ناچار دەكات نواندنێكی گرژ بكات، نەتوانێ‌ فۆرمی  نواندنی خۆی بگۆڕێت.
هەروا  لەدوا شەودا  كۆمەڵێ‌ ئەكتەری گەنجی  وەك (رۆژە   فایەق، ژیا فەرهاد، ئاكام تاهیر، محەمەد تاهیر، سۆران ئیبراهیم، ترێ‌ فاتیح ، ژاڵە،  كەنار سەرچڵ، بژار سەعدی، شادی ئارام ،رزگار زاهیر، هاوكار سەعدی، هۆشەنگ خۆشناو،بەشدارن، توانای باشی خۆیان نیشان دەدا لەنواندندا،ئەگەر  دەرهێنەر ئاراستەیەكی دروستی ئەكتەرەكانی خۆی كردایە بۆ تێگە یشتن لە كاراكتەرەكانیان، ئەو ئەكتەرانە زۆرینەیان نواندنێكی پۆلیسیان دەكرد، وەك ئەوەی پیاوی ئەمن و هەواڵگری و پۆلیس بن، نەك پیاوی بازرگان، زۆرینەیان ببون بەئەمن و لێكۆڵەرەوەی تاوان ، بەتایبەت ئاكام تاهیر كە وەك پیاوی پۆلیس و لێكۆڵەرەوە نواندنی دەكرد، نەك وەك كوڕە بازرگانێك .
دەبوا دەرهێنەر لەو ئەكتەرە لاوانە بگەینێ‌ كە ئەوان لە درامایێكی پۆلیسی دا كار ناكەن، ئەوان شتێكی ترن، بۆیە پێویست بەو نواندنە موستەنەعە ناكات كە دەیكەن و فۆرمێكی ناسروشتی و نا واقیعی دەبەخشن..بۆیە من هەستم كرد دەرهێنەر بایەخێكی ئەوتۆی بەپرسی نواندن نەداوە، جگە لە پرۆڤەیەكی رووكەش  نەبێت 
لە دیمەنەكانی كۆتایی دا چەند گۆرانیەك بە دەنگی عەبدولقەهار زاخۆیی  بۆ راكێشانی سۆزی بینەر  خرابوونە ناو رووداوەكان، بە دەنگێكی خۆش و لوكێشنێكی سەرنج راكێش، بەڵام لە كلیپ دەچوون، جگە لەوەی  هەموو گۆرانیەكان كەوتبوونە دوا ئەلقەكان، وا باشتر بوو  لە نێوان ئەلقەكاندا پارچە پارچە بكرابونایە، نەك هەموو گۆرانیەكان لە كۆتایی دا پەخش بكرێن .
ئەنجام: ئەم ئەزموونەی كارۆخ ئیبراهیم ـ وێڕای هەموو سەرنج و تێبینیەكان تەكانێكی بوو بۆ زیندوو كردنەوەی درامای كوردی، دەكرێ‌ لە ئایندەدا سوود لە كەم و كوڕیەكانی وەرگرین و درامای كوردی بە ئاراستە راست و دروستەكەی خۆیەوە بخەینە سەرپێ‌ .

ن/ حه‌یده‌ر عه‌بدولرحمان 
 

كوردستان TV

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.