نارین فه‌قێ، خانمه هونه‌رمه‌ندی رۆژئاوای كوردستان، نوێترین ڤیدیۆكلیپی خۆی له رۆژی هه‌شت مارس به‌بۆنه‌ی رۆژی ژنان بڵاوده‌كاته‌وه.
هونه‌رمه‌ند نارین فه‌قێ ئه‌م گۆرانییه‌ی به‌ناوی " ژن ژیانه" بڵاوكردووه‌ته‌وه، وه‌كو رێزلێنانێك له خه‌بات و تێكۆشانی ژنانی كورد، بۆیه له نێو كلیپه‌كه‌یدا چه‌ند خانمه خه‌باتكارێكی كورد به‌شداریان تێدا كردووه، سینه‌م به‌درخان، یه‌كێكه له‌و ژنانه‌ی به‌شداری له‌م كلیپه‌دا كردووه.
له‌م باره‌وه نارین فه‌قێ رایگه‌یاند: گۆرانی (ژن ژیانه) وه‌ك زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌م، گۆرانییه‌كی نیشتمانییه باس له خه‌باتی ئافره‌تی كورد ده‌كات و تیشك ده‌خاته سه‌ر ئه‌و خه‌باته، په‌یامی من له‌و گۆرانییه‌دا ئه‌وه‌یه كه خودی ژن ژیانه، ژنی كورد خاوه‌ن خه‌باتێكی بێ وچانه له گشت بواره‌كانی ژیاندا و شان به شانی پیاو رۆڵی خۆی هه‌بووه، بۆیه پێویسته رێز له ئافره‌تی كورد بگیرێت و به ئازادی بژیت.
ئه‌م گۆرانییه له تێكستی ئه‌دیب چهلكییه، میلۆدی و كاری دابه‌شكردنی میوزیك له‌لایه‌ن عه‌لی شاكر ئه‌نجامدراوه، كاری ده‌رهێنانی ڤیدیۆكلیپهكهش له‌لایه‌ن هه‌ژار دهۆكی له سوێد جێبه‌جێكراوه.
نارین فه‌قێ، له ساڵی 1980 له شاری دێرك له رۆژئاوای كوردستان له بنه‌ماڵه‌یه‌كی هونه‌ری له‌دایكبووه و باوك و باپیریشی هونه‌رمه‌ند بوون، دیوه‌خانی ماڵباتهكهشیان هه‌میشه شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی هونه‌رمه‌نده به‌نێوبانگه كۆچكردووه‌كان بووه و كاریگه‌ریی زۆریان له‌سه‌ری دروستكردووه. له ساڵی 1991 وه له سوێد نیشته‌جێیه، خاوه‌نی بڕوانامه‌ی ماسته‌ری مافناسیی ئه‌وروپییه، جگه له كرمانجی به سۆرانیش گۆرانی گوتووه، خاوه‌نی چوار ئه‌لبوومی گۆرانییه
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.