هونه‌ره‌كان به‌گشتی ناسنامه و ره‌گه‌زێكی گرنگن له ناسینی هه‌ر میلله‌تێك، چونكه میلله‌تان به دابونه‌ریت و جلوبه‌رگ و كولتوور و زمان و هونه‌ره‌كانیان لێك جیا ده‌كرێنه‌وه.
بۆ ئێمه‌ی كوردیش زۆر گرنگه كه خاوه‌نی هونه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی خۆمانین و تا ئێستاش هه‌م پاراستوومانه و هه‌میش پێ به پێ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه ڕۆیشتووین، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و داگیركاری و دوژمنكارییه‌ی نه‌ته‌وه و ڕژێمه باڵاده‌سته‌كانی ده‌وروبه‌رمان نه‌بوونایه، ئێستا زۆر له ئێستای خۆمان و له‌وانیش له‌پێشتر ده‌بووین.
له‌ناو هونهرهكانیشدا، كه ده‌مه‌وێ له‌سه‌ری بوه‌ستم، هونه‌ری موزیك و گۆرانییه، هه‌ڵبه‌ته ئه‌م بواره‌ی هونه‌ری كوردی زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده، چ له فۆلكلۆر و زاره‌كی و داستان و به‌ند و جۆره‌كانی گۆرانی و مه‌قام و لاوك و حه‌یران و سیاچه‌مانه و هۆره، چ له ئامێری شمشاڵ و ده‌ف و ده‌هۆڵ و زوڕنا و دووزه‌له و عوود و تا به ئامێره‌كانی ئه‌مڕۆ راده‌گا. له‌م ناوه‌شدا ده‌یان گرووپ و تیپی هونه‌ری جۆراوجۆر دامه‌زران و هه‌ریه‌كه‌یان ئه‌رشیفێكی گه‌وره‌ی پڕ خزمه‌تی له بواره‌كه‌دا هه‌یه.
به‌ڵام بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی ئێستای ئێمه، كه هه‌رێمێكی فیدڕاڵین و نیمچه ده‌وڵه‌تێكی سهرهبهخۆین له‌ناو ده‌وڵه‌ته داته‌پیوه‌كه‌ی عێراق، ئۆركێسترایه‌كی گه‌وره كوردستان زۆر زه‌ڕووڕه. ئۆركێسترایه‌ك كه كۆی هونه‌رمه‌نده ئاكادیمی و خاوه‌ن دیدی داهێنان و نوێكاری له موزیكدا بگرێته خۆی و له چالاكی و فیستیڤاڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا نوێنه‌رایه‌تیی هونه‌ری كوردی بكا و رووی مێژووی كورد له هه‌موو بوارێكی ژیان و تێكۆشان و به‌رگری و داستان و شۆڕش و ئاوه‌دانكردنه‌وه و پێكه‌وه‌ژیان و پێشكه‌وتنخوازی پیشانی هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كانی دونیا بده‌ین. ئه‌مه‌ش له حكوومه‌ت و له دامه‌زراوه هونه‌ری و رۆشنبیری و ئه‌كادیمییه‌كان و له هونه‌رمه‌ندانی خاوه‌ن ئه‌زموون و هونه‌رمه‌ندانی ئه‌كادیمی ده‌خوازێ، به یه‌كه‌وه و به‌نیازی پێشخستن و په‌ره‌دان به بواری هونه‌ر و پیشاندانی ئادگارێك له ئادگاره جوانه‌كانی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه و حكوومه‌ت وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی فهرهمانڕهوا پیشانی دونیا بده‌ین، ئه‌و دونیایه‌ی تا ئێستا له ئاست گه‌وره‌یی كێشه ره‌واكه‌مان و ره‌سه‌نایه‌تیی بیری نه‌ته‌وه‌یی و ره‌سه‌نایه‌تیی كولتوور و هونه‌ر و زانستمان، گوێی خۆی كه‌ڕ كردووه و سه‌ره‌ڕای سیما جوانه‌كانمان، كه‌چی نابینایانه ته‌ماشامان ده‌كات، ریفراندۆمیش بۆ سه‌ربه‌خۆیی نزیكترین نموونه و به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌م رایه‌مان.
بۆیه هه‌ر ده‌بێ خۆمان پشتی یه‌كتر بگرین و له هه‌موو بواره‌كانی كولتووری و په‌روه‌رده‌یی و ئابووری و سه‌ربازی و پیشه‌سازی و هونه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی و حوكمڕانی هه‌نگاوی به‌هێزتر بنێین، ئێمه‌ش له‌ناو توێژی هونه‌رمه‌ندان و له بواری موزیك و گۆرانیدا، زیاتر پشتیوانیی له ئۆركێسترای كوردستان بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته سومبول و ئارمێكی دیكه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردستان.
ن/ فه‌رهه‌نگ غه‌فوور
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.