Erbil 11°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 15:19

په‌پوله‌ی ماچ

شوێنی لێوه‌كانی به‌جوانی ده‌رده‌كه‌وتن
کوردستان TV
100%

ماوه‌یه‌ك ماڵه‌كه‌م، به‌تایبه‌تی ژووری كتێبخانه‌كه‌م، جمه‌ی دێ له‌ په‌پوله‌ی هه‌مه‌جۆر، سوور، قاوه‌یی، سه‌وز، مۆر، ته‌نانه‌ت ڕه‌ش و سپیش، به‌رچاوم ده‌كه‌وێت.

ئه‌مجۆره‌ په‌پولانه‌م ، نه‌ له‌ (گه‌لی خاڵه‌ڕه‌ش) نه‌ له‌ (گه‌لی ئاكۆیان)، نه‌مبینیووه‌، كه‌ به‌هاران، مرۆڤ سه‌رسامده‌كه‌ن له‌ ڕه‌نگ و جۆر و زۆری په‌پوله‌كان. ماڵی منیش، له‌ چه‌ند گوڵێك زیاتری لێ نییه‌، ئه‌ویش له‌ نێو چه‌ند گوڵدان و مه‌ركانێكی بچووكن، له‌سه‌رمێزه‌ و ته‌نیشت په‌نجه‌ره‌كان، داندراوون. به‌شی بۆنكردنی چه‌ند په‌پوله‌یه‌ك ناكات ، نه‌خاسمه‌ ئه‌و ژماره‌ زۆره‌. له‌هه‌مانكاتیش، مه‌رگی زۆریشیان ده‌بینم، له‌سه‌ر ڕایه‌خ و په‌نجه‌ره‌ و مێز و به‌رده‌رگا و نێو كتێب و سه‌ر سه‌رینه‌كان. سه‌ر و باڵ و جه‌سته‌ی نه‌رم و سووك وجوانیان كه‌وتوون ،هه‌میشه‌ش، بۆ ته‌مه‌نكورتیی ومه‌رگی بێ هۆی ئه‌م په‌پولانه‌ خه‌م ده‌خۆم. بوونی ئه‌م ژماره‌یه‌ منی خستۆته‌ دونیایه‌ك پرسیار و گومان، ناچاری كردووم پرسیار له‌ دۆست و جیرانه‌كان بكه‌م. كه‌چی به‌رسڤی سه‌یرم ده‌ستده‌كه‌وێت، په‌پوله‌یه‌ك بۆده‌رمانیش ڕوو له‌ ماڵی ئه‌وان نه‌كردووه‌. سه‌یره‌، خۆ ماڵی من گوڵستان نییه‌، بویته‌ ماڵی ئه‌و هه‌موو په‌پوله‌یه‌. دێن و ده‌چن، سه‌ما ده‌كه‌ن و هه‌ڵده‌نیشن و گه‌وره‌ده‌بن و ده‌مرن و ده‌بنه‌ خوڵه‌مێش و له‌چه‌ند خوله‌كێك شوونیان نامینێت.

په‌پوله‌كان ، ماڵییان خستۆته‌ ژێركۆنتڕۆڵی خۆیان. نێو ڕه‌فه‌ی كتێبه‌كان وه‌ك په‌لكه‌ زێرینه‌ی لێهاتووه‌. ده‌بێت ڕاستگۆیانه‌، پشكنین بكه‌م، بۆ پرسیار و گومانه‌كانی خۆم. هۆكاری ده‌ركه‌وتنی ئه‌و ڕه‌وه‌ په‌پوله‌یه‌ بزانم، كه‌ شه‌و ڕۆژ له‌ جوڵه‌دانه‌. ته‌نانه‌ت خه‌یاڵ و هزری منیش، هه‌ر به‌ په‌پوله‌ ته‌نراوه‌. ئاخر من نه‌ پیاو چاكم، نه‌ سه‌یدێكی پیرۆزم، نه‌ دیندارێكی بێگه‌رد وله‌ خواترسم، نه‌ جادوگه‌ر و پێغه‌مبه‌رم، نه‌ حه‌زره‌تی سلێمانم. ئه‌و هه‌موو په‌پوله‌یه‌ مێوانی منه‌. من تائێستا، ته‌نها خوێنه‌رێك بووم و هۆگری كتێبه‌كان بووم، هه‌ر له‌ خه‌می كتێبه‌كانیشم بووم، فریایان بكه‌وم، پیس نه‌بن و هیچ نه‌بێت هه‌وڵێك بده‌م ئه‌و په‌پولانه‌ له‌ كتێبخانه‌كه‌ دوورخه‌مه‌وه‌. كتێبخانه‌كه‌م وه‌ك گوڵستان لێهاتبوو، ئه‌و هه‌موو په‌پوله‌یه‌ی له‌ باوه‌ش گرتبوو. به‌ كلێنكس كه‌وتمه‌ خاوێنكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كان. ڕه‌فه‌ی سه‌ره‌وه‌ی كتێبخانه‌كه‌م، به‌شی زۆری شیعر و دیوانی شاعیرانی له‌ خۆ گرتبوو، یه‌كه‌م جار له‌وێ ده‌ستم پێكرد. هه‌ستم كرد، به‌شی هه‌ره‌ زۆری په‌پوله‌كان له‌سه‌ر ئه‌و دوو ڕه‌فه‌یه‌ دێن و ده‌چن، زیاتر له‌ ڕه‌فه‌كانی تر. دانه‌ دانه‌ كتێبه‌كانم پاككرده‌وه‌. مه‌رگی ئه‌و هه‌موو په‌پوله‌یه‌ له‌ نێو به‌رگ و په‌ڕی كتێبه‌كان ناخهه‌ژێن بوو. نازانم! چۆن خزابوونه‌ نێو په‌ڕه‌كان و وشك ببوون وهه‌ناسه‌یێكیان به‌ركه‌وتبایه‌، هه‌ڵده‌وه‌ڕان و ده‌بوونه‌ تۆز و خۆڵ و ون ده‌بوون. دوای پاكردنه‌وه‌ی چه‌ند كتێبێك، كاتێ گه‌یشتمه‌ دیوانێ (هێمن)، به‌ هێمنی په‌ڕ به‌په‌ڕم خاوێنده‌كرده‌وه‌، یه‌كێك له‌په‌ڕه‌كان دوو لێوی سووری گێلاسی شوێنی له‌ سه‌ر په‌ڕه‌كه‌ دیاربوو. كه‌وته‌وه‌ یادم، لێوی ئه‌و كێژۆڵه‌یه‌ی چه‌ندین ساڵ به‌ر له‌ ئێستا، ماڵێكمان بۆ عه‌شق و كتێب دروست كردبوو.

زۆرجار كتێبم پێده‌دا، ئه‌و له‌ سه‌ر ئه‌و لاپه‌ڕه‌یه‌ی كه‌ ژماره‌ی ساڵی له‌ دایكبوونی منی ده‌كرد، ماچێكی لێده‌كرد و شوێنی لێوه‌كانی به‌جوانی ده‌رده‌كه‌وتن و وه‌ك مۆر و واژۆ به‌جێیده‌هێشت. ئه‌و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حه‌زی له‌ شیعر بوو به‌شی زۆری ئه‌و كتێبانه‌ی ده‌بردن، كه‌ شیعری له‌ خۆده‌گرت. به‌م شێوه‌یه‌ ماچێكی به‌دیاری پێشكێشده‌كردم. له‌سه‌ر ئه‌و ژماره‌یه‌ی ساڵی له‌ دایكبوونی من بوایه‌. له‌ هه‌مان كاتیش ئه‌و كتێبانه‌ی دیاری ئه‌و بوون، به‌ لێوه‌ ناسك و جوانه‌كه‌ی له‌ جیاتی ناوی خۆی و ڕۆژ و واژۆ، ماچێكی نه‌مری له‌ كتێبه‌كه‌ ده‌كرد. منیش، پشكنینم بۆ كتێبه‌كانی تر كرد و لێی وردبوومه‌وه‌، دوایی ئه‌و هه‌موو ساڵه‌، هێشتا شوێنی لێوه‌كانی ئه‌و ماوون و وه‌ك بڵێی ئێستا ئه‌م كاره‌ی كردووه‌. زه‌مه‌نی یادگارییه‌ شیرینه‌كانی عه‌شقی بیرخستمه‌وه‌. لێوی كیژۆله‌یه‌ك، وه‌ك میرات و په‌ڕجۆ وسیعری جوانی، بویته‌ خولقێنه‌ری ئه‌و هه‌موو په‌پوله‌یه‌. په‌ڕ و پیت و وشه‌ و دێره‌ شیعره‌كان و دڵی كتێب و باوه‌شی ڕه‌فه‌، به‌جارێك بویته‌ گوڵستان ومه‌مله‌كه‌تی په‌پوله‌. سه‌یر له‌وه‌دابوو ، هه‌ر كتێبێك ، ڕه‌نگی لێوی ئه‌و كاته‌ی كه‌ كچه‌كه‌ ماچی پێكردووه‌، چ ڕه‌نگێك بوایه‌ ، په‌پوله‌كانیش ئه‌مجۆره‌ ڕه‌نگه‌یان گرتبوو، له‌ده‌وری ئه‌و كتێبه‌ كۆده‌بوونه‌وه‌. ئه‌ویش لێزانانه‌، ڕه‌نگی جۆراوجۆری بۆ لێوه‌كانی به‌كارهێناوه‌، وه‌ك لێوی كچانی هۆلیۆد تۆخ و سه‌رنجڕاكێش. ئیدی چ نهێنی و سیعرێك له‌و لێوانه‌ دابوو، نازانم!. ئێستا هه‌ر ئه‌و لێوانه‌، ده‌بنه‌ په‌پوله‌ی عه‌شق و له‌ پێناوی عه‌شقیش ده‌سوتێن. شه‌وان ، ئاسووده‌م. خه‌وی شیرینم لێده‌كه‌وێت، په‌پوله‌كان هۆگری من بوینه‌. دێنه‌ سه‌ر سه‌رم، هه‌نیه‌م، ڕوومه‌ته‌كانم، مل و گه‌رده‌نم، په‌نجه‌كانم، سه‌رلێوه‌كانم. هه‌ڵده‌نیشن و ماچم ده‌كه‌ن. دووباره‌ و سێباره‌ و هه‌زارباره‌، تا سپێده‌ به‌ سه‌ما ماچم ده‌كه‌ن، كه‌ ده‌شمرن له‌ سه‌ر جه‌سته‌م ده‌بنه‌ هه‌ڵم، وه‌ك نێرگز و نازناز و رێحانه‌ بۆن ده‌به‌خشن. ئارامیش به‌ ده‌روونم. ئێستا ماڵه‌كه‌م، یه‌ك پارچه‌یه‌، ته‌ژی له‌ په‌پوله‌ی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ.. له‌ په‌پوله‌ی ماچی كیژۆله‌یه‌كی عاشق، كه‌ وه‌ك په‌پوله‌ ده‌سوتێت و ده‌سوتێت و ده‌سوتێت..

 ن/ یاسین برایم

كوردستان تیڤی /كامران

ئەدەب

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.