سه‌عات 3ی پاشنیوه‌ڕۆی دوێنی هه‌ینی 15/11/2019، له هۆڵی گراند میلینۆم (شاری جوان) له سلێمانی، چله‌ی رووناكبیرو پرۆفیسۆر د. عیزه‌دین مسته‌فال ره‌سوڵ، به‌ئاماده‌بوونی خانه‌واده‌و دۆست و هاوڕێ و میوانانی ناوخۆ‌و بیانی به‌ڕێوه‌چوو،له چله‌كه‌دا، چه‌ندین وتار‌و ڤیدیۆ له‌باره‌ی ژیان و به‌رهه‌مه‌كانی د. عیزه‌دین پێشكه‌ش كران.
عیزه‌دین مسته‌فا ره‌سوول یه‌كێكه له نووسه‌ر و رووناكبیر و كه‌سایه‌تییه ناوداره‌كانی كوردستان كه هاوڕێیان و دڵسۆزانی به عه‌میدی ئه‌ده‌بی كوردی ناوی ده‌به‌ن.
عیزه‌دین كوڕی مه‌لا مسته‌فای سه‌فوه‌ت كوڕی حاجی مه‌لا ڕه‌سوڵی دێلێژه‌یه، ساڵی 1934 له گه‌ڕه‌كی ده‌رگه‌زێن له شاری سلێمانی له‌دایك بووه، سێیه‌م منداڵی باوك و چواره‌م منداڵی دایكیه‌تی. كاتێك دایكی له مێردی یه‌كه‌م جیا بووه‌ته‌وه، له‌گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فای سه‌فوه‌تدا خێزانی پێك هێناوه‌ته‌وه.
عیزه‌دین له‌ناو بنه‌ماڵه‌یه‌كی خوێنده‌واردا ژیاوه؛ حاجی مه‌لا ڕه‌سووڵ كه ده‌كاته باپیری یه‌كێك بووه له زانا ئاینیه‌كانی سه‌رده‌می حكومه‌تی خوارووی كوردستان و له‌لایه‌ن مه‌لیك و كاربه‌ده‌ستانه‌وه گوێی لێ گیراوه.
عیزه‌دین مسته‌فا یه‌كێكه له دامه‌زرێنه‌كانی یه‌كێتیی نوسه‌رانی كورد، یه‌كه‌م به‌یاننامه‌ی دامه‌زراندنی به قه‌ڵه‌می عیزه‌دین نوسراوه. ده‌سته‌ی دامه‌زرێن 11 كه‌س بوون. ساڵی 1969 مۆڵه‌تیان وه‌رگرتووه و جه‌مال بابان كراوه به سه‌رۆكی ده‌سته‌ی دامه‌زرێن. به‌ڵام دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی نووسه‌رانی شاخ پاش به‌یاننامه‌ی 11ی ئازار، ئه‌م ده‌سته‌یه هه‌ڵوه‌شێندراوه‌ته‌وه و له به‌غدا هه‌ڵبژاردن كراوه، د. عیزه‌دین به كۆی 63 ده‌نگ بووه‌ته سه‌رۆكی یه‌كێتیی نووسه‌رانی كورد.
ساڵی 1974دا له هه‌ولێر كۆنگره گیراوه، له‌م كۆنگره‌یه‌دا سه‌یدا ساڵح یوسفی بووه‌ته سه‌رۆك و د. عیزه‌دین جێگری بووه. دواتریش درێژه‌ی به كاری ڕۆشنبیریی خۆی داوه له‌ناو ئه‌م ڕێكخراوه‌یه‌دا. دوای ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 ئازادانه‌تر كاری كردووه.
له ڕۆژی 3ی 10ی 2019 پڕۆفیسۆر عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سووڵ له شاری سلێمانی و له ته‌مه‌نی ٨٥ـساڵیدا كۆچی دواییی كرد.
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.