Erbil 8°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 07:32

جۆر و شێوه‌کانی بوونی کاریکاتێر له‌ ڕۆژنامه‌گه‌ریدا

بریتیه‌ له‌ وێنه‌كردنی ڕوخساری كه‌سێكی دیاریكراو به‌ به‌كارهێنانی شێوازی زێده‌ڕۆییكردنی
کوردستان TV
100%

ن/ هه‌ندرێن خۆشناو

به‌شی 3

به‌ گوێره‌ی ئه‌و ناوه‌ڕۆكه‌ی كه‌ كاریكاتێر باسی لێوه‌ده‌كات، ده‌كرێ كاریكاتێر دابه‌ش بكرێت به‌سه‌ر چه‌ند جۆرێكدا، دابه‌شبوونه‌ كلاسیكیانه‌كه‌ش كاریكاتێر به‌سه‌ر چوار جۆردا دابه‌ش ده‌كات، به‌ گوێره‌ی گرنگی له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا:

 

1- كاریكاتێری سیاسی 2- كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی 3- كاریكاتێری گاڵته‌جاڕیی

 

4- كاریكاتێری پۆرترێت:

 

بریتیه‌ له‌ وێنه‌كردنی ڕوخساری كه‌سێكی دیاریكراو به‌ به‌كارهێنانی شێوازی زێده‌ڕۆییكردنی كاریكاتێری له‌ وێنه‌كێشاندا، له‌وانه‌شه‌ ته‌نیا نه‌وه‌ستێت به‌ وێنه‌كردنی ده‌موچاوه‌وه‌، به‌ڵكو به‌ وێنه‌كردنی به‌شه‌كانی تری له‌شیش، به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی فۆكه‌سكردن له‌سه‌ر ده‌موچاوه‌.

 

ئه‌وه‌ی باوه‌ كه‌ ئه‌م جۆره‌ دابه‌ش ده‌بێت به‌سه‌ر دوو به‌شدا، كاریكاتێری دڵسۆز یان بێلایه‌ن و دووه‌میش كاریكاتێری زه‌مكردن. ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ردوو به‌شه‌كه‌ له‌یه‌ك جیاده‌كاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ له‌ یه‌كه‌مدا ته‌نیا زێده‌ڕۆیی به‌كاردێت له‌ وێناكردنی روخساره‌كاندا، به‌بێ خستنه‌سه‌ری هیچ ئامرازێكی دیكه‌ كه‌ ئاماژه‌ بێت بۆ شتی دیكه‌ی مه‌به‌ستدار، زۆربه‌ی كه‌سایه‌تیه‌ ناسراوه‌كان و سیاسه‌تمه‌داران ئه‌م جۆره‌ كاریكاتێره‌یان بۆ كراوه‌، زۆرێك له‌ هونه‌رمه‌ندان كاریكاتێری هاوڕێ و ناسیاو و ناوداره‌‌كان ده‌كێشن، كه‌ به‌جۆری دڵسۆزانه‌ ده‌ژمێردرێت، بۆ نمونه‌ كاریكاتێره‌كه‌ی (عه‌بدوڵڵا په‌شێو)ی كاریكاتێریست هه‌ندرێن خۆشناو، ئه‌و كاریكاتێرانه‌ی بۆ سیاسه‌تمه‌دارانیش ده‌كرێن ده‌توانین به‌ جۆری كاریكاتێری بێلایه‌ن بیانژمێرین، چونكه‌ به‌ پاڵنه‌ری دیكه وێنه‌كراون بێجگه‌ له‌ ڕالێبوون، بۆ نمونه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ ڕۆژنامه‌یه‌ك‌ داوا بكرێت كه‌ كاریكاتێرێك بۆ سیاسه‌تمه‌دارێك بكێشی، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بابه‌تێكی دیكه‌ بڵاوبكرێته‌وه‌، به‌ڵام كاریكاتێری زه‌مكردن بریتیه‌ له‌وه‌ی بێجگه‌ له‌ خستنه‌سه‌ری زێده‌ڕۆیی هونه‌ریی، چه‌ند توخمێكی دیكه‌ی بۆ زیادده‌كرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌سه‌كه‌ ڕوخساری مه‌یمونێك یان هه‌ر ئاژه‌ڵێكی دیكه‌ی پێببه‌خشرێت، یان زیادكردنی هه‌ر ماده‌ و بابه‌تێكی دیكه‌، كه‌ ئاماژه‌بن بۆ چه‌ند بابه‌ت و شتێكی دیاریكراو، بۆ نمونه‌ ئه‌و كاریكاتێره‌ی كه‌ (هێنری دۆمیێ) بۆ شا (لویس فیلیپ)ی كێشابوو له‌سه‌ر شێوه‌ی هه‌رمێ، له‌ زمانی فه‌ره‌نسیدا هه‌رمێ به‌ مانای گێل و گه‌وجیش دێت، به‌ كورتی جیاوازی نێوانیان، كاریكاتێری دڵسۆزانه‌ وبێلایه‌ن، ڕوخسارێكی دیاریكراو وێناده‌كات ته‌نیا به‌ به‌كارهێنانی ته‌كنیكه‌كانی زێده‌ڕۆییكردن و به‌ڵام كاریكاتێری زه‌مكردن، جیا له‌ ڕوخساری كه‌سایه‌تی، هه‌ندێ زێده‌ڕۆییكردنی تری بۆ زیادده‌كرێت بۆ شه‌رمه‌زاركردنی كه‌سایه‌تیه‌كه‌.

 

بێجگه‌ له‌و چوار جۆره‌ ئاماژه‌پێكراوانه‌، ده‌توانین تێبینی جۆری پێنجه‌میش بكه‌ین، كه‌ له‌ دۆخی جینیدایه‌ و هێشتا روون نه‌بۆته‌وه‌ و ناتوانرێت به‌ كاریكاتێری كۆمه‌ڵایه‌تی یان سیاسی ناوبنرێت، چونكه‌ باسی بابه‌ته‌ فه‌لسه‌فیه‌كان ده‌كات، كه‌ گرفته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان نایگرێته‌خۆ، یان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ حاڵه‌تێكی ده‌روونی ناخی مرۆڤ ده‌كات، كه‌ ئه‌ویش ناكه‌وێته‌ خانه‌ی گرفته‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌، وه‌كو وێنه‌كانی تۆماس ڕۆلاندسۆن بۆ نمونه‌ (پینه‌دۆزێك چاره‌سه‌ری ژنه‌ خراپه‌كاره‌كه‌ی ده‌كات)، ڕۆلاندسۆن له‌م ێنه‌یه‌دا باسی حاڵه‌تی ناوه‌خۆی ناخی مرۆڤایه‌تی ده‌كات، سه‌باره‌ت به‌و كاریكاتێرانه‌ش كه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كێشه‌ فه‌لسه‌فیه‌كان ده‌كه‌ن، بۆ نمونه‌ باس له‌ كاریكاتێرێكی هونه‌رمه‌ندی سوریایی عه‌بدولهادی شه‌ماع ده‌كه‌ین، كه‌ وێنه‌ی پیره‌مێردێك و نه‌وه‌كه‌ی كردووه‌ و هه‌ریه‌كه‌یان خه‌ونی خۆی هه‌یه‌، خه‌ونی پیره‌مێرده‌كه‌ بچووكه‌ و خه‌ونه‌كانی منداڵه‌كه‌ش گه‌وره‌ن. هه‌ركه‌ مرۆڤ گه‌وره‌ بوو خه‌ونه‌كانی بچووك ده‌بنه‌وه‌. له‌ وێنه‌یه‌كی هونه‌رمه‌ندی بیلاڕوسی كۆلیادینكۆ بابه‌تێكی هاوشێوه‌ی بابه‌ته‌كه‌ی پێشوو، وێنه‌ی سه‌گێكی كۆتكراو خه‌ون به‌ سه‌ربه‌ستیه‌وه‌ ده‌بینێت. له‌ وێنه‌ی دووه‌میشدا سه‌گێكی ئازاد خه‌ون به‌ ئێسكێك و ماڵێكه‌وه‌ ده‌بینێت، هونه‌رمه‌ند لێره‌دا دوو بژارده‌ی دژبه‌یه‌ك ده‌خاته‌ڕوو، كه‌ شادی نایه‌ته‌دی ته‌نیا به‌ كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ردووكیانه‌وه‌ نه‌بێت، ئه‌م جۆره‌ كاریكاتێرانه‌ ده‌توانین ناوبنێین به‌ كاریكاتێری فه‌لسه‌فیانه‌ یان ده‌روونیانه‌ به‌پێی ئه‌و بابه‌ته‌ی كه‌ باسی لێوه‌ده‌كه‌ن، ئه‌م جۆره‌ش هێشتا روون نه‌بۆته‌وه‌ و وه‌كو ئاڕاسته‌یه‌ك له‌ دایكبووه‌ له‌ناو هه‌ناوی هونه‌ری كاریكاتێره‌وه‌، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ له‌ قۆناغه‌كانی داهاتووی ڕێڕه‌وی پێشكه‌وتنیدا ببێته‌ هونه‌رێكی جیا له‌ كاریكاتێر، هۆی سه‌ره‌كی ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ش كه‌می توخمی كۆمیدیایه‌ له‌ زۆربه‌ی ئه‌و وێنانه‌دا، به‌ پشت به‌ستن به‌ پارادۆكسه‌كانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كاریكاتێردا به‌یه‌كده‌گه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا له‌ خانه‌ی هونه‌ری كاریكاتێردایه‌ و لێی جیانه‌بۆته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌توانرێت به‌ ئاراسته‌یه‌ك له‌ هونه‌ری كاریكاتێری دابنرێت.

 

ئه‌م جۆره‌ وێنانه‌ واباوه‌ كه‌ ئامانج لێیانه‌وه‌ چالاك كردنه‌وه‌ی هزر و پاڵدانیه‌تی بۆ ده‌ره‌نجام هه‌ڵهێنان، سه‌ره‌ڕای ئه‌م دوو نمونه‌ ڕوونانه‌ی كه‌ هێنامانه‌وه‌، زۆربه‌ی ئه‌و وێنانه‌ ڕوونی و ڕاشكاوی تێدا وونه‌ و هه‌ندێ جار پێویستی به‌ بیركردنه‌وه‌یه‌كی قووڵ هه‌یه‌ بۆ تێگه‌یشتنی ئاماژه‌ و سیمبوله‌كانی، هه‌ندێ جار ئه‌وانیش شیكردنه‌وه‌یان ئه‌سته‌مه‌، ئه‌مه‌ش وای لێده‌كات كه‌ هه‌واداری زۆرنه‌بن و ‌جه‌ماوه‌رێكی به‌رته‌سكی هه‌بێت له‌ بایه‌خده‌رانی‌ هونه‌ری كاریكاتێر، كه‌ جه‌ماوه‌رێكی نوخبه‌ و ڕۆشنبیرن، بۆیه‌ ده‌توانرێت بگوترێت كه‌ ئه‌م ئاڕاسته‌یه‌ له‌وانه‌یه‌ له ‌كاریكاتێر جیاببێته‌وه‌، هه‌تا له‌ خواسته‌كانیشی بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ و به‌جه‌ماوه‌ریی بوون.

كوردستان تیڤی/ كامران

ktv

ktv

ktv

شێوه‌کاری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.