ڕۆژی یهكهشهمهی ڕابردوو، ئه‌كته‌ر و ده‌رهێنه‌ری به‌ناوبانگی شانۆ، شانۆكاری عێراقی، دكتۆر سامی عه‌بدولحه‌مید، له ته‌مه‌نی 91 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
مامۆستا نه‌ك هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی عێراق، بگره له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بی، ئه‌كته‌رێكی به‌توانا، ده‌رهێنه‌رێكی شانۆیی جیاهه‌ڵكه‌وتوو، هه‌روه‌ها ڕاهێنه‌ر و پێداگۆگ (په‌روه‌رده‌كار) و وه‌رگێڕ و نووسه‌ر و توێژه‌ریش بوو.
سامی عبدولحه‌مید له شه‌سته‌كان، له سی ساڵی ته‌مه‌نیدا، هونه‌ری شانۆی له ئه‌كادیمیای شاهانه‌ی هونه‌ره‌كانی دراما (رادا) له له‌نده‌ن خوێند، كه له‌سه‌ر جیهاندا، به یه‌كێك له هه‌ره كۆلیژه به‌رزه‌كانی شانۆ داده‌نرێت. واته له سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه ئاوی داهێنانی خواردبووه‌وه كه سه‌رچاوه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی شانۆیه، كه ئه‌كته‌ره مه‌زنه‌كانی به‌ریتانیا، وه‌كوو جۆن گیلگود، لیندا جاكسون، ئه‌نتۆنی هوپكنز و چه‌ندین ئه‌ستێره‌ی دره‌وشاوه‌ی ئاسمانی شانۆی به‌ریتانیی، په‌روه‌رده كردووه. كه‌س به‌خۆڕایی و به‌هه‌وه‌نته له ئه‌كادیمیای ڕادا وه‌رناگیرێت.
جارێك نازانم چۆن مامۆستا سی ڤییه‌كه‌ی منی به‌رچاو كه‌وتبوو، له شاریقه گوتی: دكتۆر فازڵ، به‌ڕاست تۆ له رادا وۆركشۆپت ئه‌نجام داوه؟ گوتم به‌ڵێ، گوتی: به‌ڕاستی شانازیت پێوه ده‌كه‌م. گوتم: مامۆستا تكایه به دكتۆر با‌نگم مه‌كه، شه‌رم ده‌كه‌م.
مامۆستا تاكوو دوایه‌مین ڕۆژی ژیانی، له داهێنان و كاری هونه‌ری و ئه‌ده‌بی نه‌كه‌وت. دواڕۆژه‌كانی ته‌مه‌نی، به جه‌سته‌ی بیمار و به‌ده‌م ئازاره‌وه، له‌سه‌ر قهرهوهێڵهی مه‌رگ، له یه‌كێك له خه‌سته‌خانه گه‌وره‌كانی ئوردن، به دكتۆرانامه‌ی یه‌كێك له قوتابییه‌كانیدا ده‌چووه‌وه، كه له زانكۆی به‌غدا سه‌رپه‌رشتیی ده‌كرد.
باسكردنی سی ڤیی ده‌وڵه‌مه‌ندی هونه‌رمه‌ندێكی وا مه‌زن، لێره‌دا جێگه‌ی نابێته‌وه، ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه له‌م وتاره‌دا، جه‌ختكردنه له‌سه‌ر ڕۆڵی ئه‌وه وه‌ك مامۆستا و ڕاهێنه‌ر. هه‌ر بۆیه ته‌نیا به مامۆستا ناوی ده‌به‌م، ئێمه‌ی قوتابییه‌كانی زۆر به‌ده‌گمه‌ن به ناوی خۆی باسم كردووه، ئه‌و بێجگه له‌وه‌ی مامۆستای هونه‌ری نواندن و ده‌رهێنانی شانۆیی بوو، یه‌كێك بوو له گه‌وره ڕاهێنه‌ره‌كانی بواری ده‌نگ و ده‌مودوو، نه‌ك ته‌نیا له عێراقدا، بگره له سه‌رانسه‌ری وڵاتانی عه‌ره‌بیشدا.
ئاسان نییه له‌سه‌ر كه‌سێك بنووسیت، به‌ڕاستی و به‌كرده‌یی مامۆستات بووبێت، بگره یه‌كه‌م مامۆستای ئه‌كادیمیی ئیلهامبه‌خشت بێت. پێش ئه‌وه‌ی ببم به قوتابیی شانۆ، به‌رله‌وه‌ی یه‌كه‌م وانه‌ی نواندنی له‌لای مامۆستا بخوێنم، خۆم به قوتابیی كه‌س نه‌ده‌زانی، یان هیچ مامۆستایهكهم به شایسته نه‌ده‌زانی. به‌ڵام دوای وانه‌ی یه‌كه‌م، ساڵی حه‌فتا و دوو، سامی عه‌بدولحه‌مید بوو به مامۆستای ڕاسته‌قینه‌م، به‌ر له وانه‌كانی مامۆستا، به دڵ و به گیان هاواداری شانۆ بووم، پێنج ساڵی ڕه‌به‌ق وه‌كوو ئه‌كته‌رێكی ئاره‌زوومه‌ند له كه‌ركووك سه‌رقاڵی شانۆ بووم، به‌ڵام مامۆستا وای لێ كردم، عاشقی شانۆ بم، چیدی خۆم به ئاره‌زوومه‌ند نه‌زانم. به ڕای من، ئه‌م ئه‌ركه كرۆك و جه‌وهه‌ری ڕۆڵی مامۆستای هونه‌ر پێكدێنێت، كه به‌داخه‌وه به‌ده‌گمه‌ن مامۆستا هه‌ڵده‌كه‌وێت، نه‌ك ته‌نیا سه‌رچاوه‌ی زانیاری و ئه‌زموون بێت، بگره هاوكات سه‌رچاوه‌ی ئیلهام و ئه‌فراندن و ئه‌ڤین بێت بۆ قوتابییه‌كانی، وایان لێ بكات ئه‌وینداری هونه‌ر بن. به‌داخه‌وه له‌ناو دكتۆره‌كانی خۆماندا، به‌خۆشمه‌وه، تاكوو ئێستا مامۆستایه‌ك له‌و جۆره هه‌ڵنه‌كه‌وت.
ساڵی حه‌فتا و دوو له به‌شی شانۆی ئه‌كادیمیای هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدا وه‌رگیرام، وهرگرتنهكهم جۆرێ بوو له موعجیزه، نمره‌كانم زۆر نزم بوون، په‌نجا و چوارم هه‌بوو، به‌رامبه‌ر به شه‌ست و پێنج وه‌ك مه‌رجی وه‌رگرتن، به‌ڵام بڕیاری سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆ وابوو، بیست قوتابی وه‌ربگیرێت، ته‌نیا له‌سه‌ر بناغه‌ی به‌هره و توانایی، به‌ده‌ر له ڕێنماییه‌كان سه‌باره‌ت به نمره. مامۆستا یه‌كێك بوو له ئه‌ندامانی لێژنه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان، له‌پێش لێژنه‌كه‌دا مۆنۆلۆگێكم له شانۆنامه‌ی كلیۆپاترای ئه‌حمه‌د شه‌وقی نماییش كرد. پرسیاری لێ كردم:
-أنت من كركوك؟
به ڕووخساری و زمانی جه‌سته‌یدا، هه‌ستم كرد منی به دڵ بوو، هه‌ستم كرد ده‌یه‌وێت بڵیت: تۆ كوردیت؟
كه ناوی به‌هره‌داران بڵاو كرایه‌وه، لیستی ناوه‌كان له‌پێش كۆلێژ هه‌ڵواسرابوو، ناوی من سێزده‌یه‌مین بوو، چه‌نده گرنگ بوو كه وه‌رگیرابووم، دوو هێنده گرنگتر بوو، كه به به‌هره، به داهێنان، نه‌ك به نمره وه‌رگیرام، به خۆمم گوت: بۆ ده‌ڵێن ژماره‌ی 13 شوومه! بۆ من وا نییه..
ئه‌م وه‌رگرتنه ڕوانگه و دیدگه‌ی خۆمی به‌رامبه‌ر به خۆم گۆڕی، تاكه كوردیش بووم له لیستی به‌هره‌مه‌ندان (الموهوبین). قوتابییه‌كی عه‌ره‌ب، كه ناو خالید بوو، به‌عسییه‌كی زۆر ناقوڵا بوو، فاشستێكی ته‌واو بوو، به ته‌وسه‌وه پرسیاری لێ كردم.
-كاكا حتی أنت من قائمه الموهوبین؟
واته كاكه ته‌نانه‌ت تۆش له بههرهدارهكانیت؟
-گوتم: ناوم له لیسته‌كه‌دایه، والله أعلم.
مامۆستا ده‌یزانی چۆن قوتابییه‌كانی هان بدات.
ڕۆژێك مامۆستا پرۆڤه‌ی پێ ده‌كردین، من ڕۆڵم ده‌بینی، تا بۆم كرابوو، خۆم بۆ ڕۆڵه‌كه ئاماده كردبوو، هه‌ندێك ورده شتم كرد، كه بۆ ئه‌و ڕۆژه نوێ بوو، مامۆستا ڕووی كرده قوتابییه‌كان و گوتی: فازڵ جارێ بیر ده‌كاته‌وه، پاشان نماییش ده‌كات. قوتابییه‌كی به‌غدایی ناوی عه‌دنان بوو، ئه‌م قسه‌یه‌ی پێ ناخۆش بوو گوتی: ئه‌ی ئێمه‌ی چی ده‌كه‌ین؟ گوتم: تۆ جارێ نماییش ده‌كه‌یت و پاشان بیر ده‌كه‌یته‌وه. مامۆستا زۆر به قسه‌كه‌م پێكه‌نی. دوای وانه‌كه، قوتابییه‌كی خه‌ڵكی مووسڵ، كه ناوی ڕه‌مزی بوو، گوتی: بۆ خاتری خوا، له كوێ ڕووی داوه، كوردێك بێت پێمان ڕابوێرێت؟
ساڵی پار، مامۆستا له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌ی، هونه‌رمه‌ند خاتوو فه‌وزیه عارف،كه كوردی به‌غداییه و ئهكتهریسێكی به‌توانایه، له فێستیڤاڵی شانۆی ئه‌زموونگه‌ری له قاهیره میوان بوون، وه‌ك هه‌میشه تژی بوو، له وزه و تین. باسمان له چه‌ندین پرۆژه‌ی شانۆیی كرد. ئه‌مه دوا دیدارمان بوو.
مامۆستا وانه‌ی به زۆرترین ژماره‌ی قوتابی گوتووه‌ته‌وه، له‌مه‌دا هه‌موو مامۆستاكانی دیكه‌ی شانۆی عێراقی به‌زاندووه.
باشه مامۆستا چۆن ئه‌و هه‌موو قوتابییه‌ی پێگه‌یاند؟ وه‌ڵامی سه‌رپێیانه‌ی ئه‌م پرسیاره ئاسانه: ئه‌و ته‌مه‌نێكی باش ژیا، نه‌وه‌ت و یه‌ك ساڵ، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگرین، كه ئه‌و له چل ساڵی، له له‌نده‌ن گه‌ڕایه‌وه و بوو به مامۆستا. له ڕاستید وه‌ڵامی دروست ئه‌وه‌یه، ئه‌و شه‌یدای وانه‌گوتنه‌وه بوو، به دڵ و به گیان ده‌یویست كه‌سانی دیكه فێر بكات، فێركارێكی به‌رده‌وام و چاوتێر بوو، ئه‌وه‌ی ده‌یزانی، ئه‌وه‌ی فێری بووبوو به قوتابییه‌كانی ده‌به‌خشی، خۆشبه‌ختانه من یه‌كێك بووم له‌وانه.
به‌شبه‌حاڵی خۆم، یه‌كێكم له‌و كه‌سانه‌ی كه به‌ختم له مامۆستای باش‌دا یاره. هه‌میشه وا هه‌ست ده‌كه‌م، كه‌م كه‌س له شانۆدا به ئه‌ندازه‌ی من مامۆستای باشی هه‌بووبێت، له كه‌ركووك و به‌غدا و ستۆكهۆڵم و سانت پیته‌ربورگ و له‌نده‌ن. ئاخر من خۆشم به‌دوای مامۆستا باش‌دا ده‌گه‌ڕێم، ئه‌م خاسیه‌ته‌م، ئه‌گه‌ر حه‌دم هه‌بێت خۆم به‌راورد بكه‌م، له خاسیه‌تی مامۆستا عه‌لی مه‌ردان ده‌چێت، كه هه‌میشه له سۆراخی مامۆستای لێهاتوودا بوو، تاكوو خۆی بوو به مامۆستایه‌كی گه‌وره، به‌ڵام له‌نێو هه‌موو مامۆستاكانمدا، سامی عه‌بدولحه‌مید پێگه‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه.
له‌نێو هه‌موو مامۆستاكانی كۆلێژدا، ئه‌و له هه‌مووان زیاتر ده‌رسی پێ گوتووم، سێ ساڵ له‌سه‌ر یه‌ك، هه‌ر بۆیه به‌و پۆله‌ی ئێمه ده‌گوترا، خولی سامی عه‌بدولحه‌مید.
مامۆستا یه‌كێكه له شانازییه پڕ شكۆیه‌كانی عێراق، هه‌ر بۆیه ته‌نانه‌ت له‌م بارودۆخه سه‌خته‌یشدا، به ڕێوڕه‌سمێكی فه‌رمیی شایسته و قه‌شه‌نگ، به ده‌نگ و ئاوازی مارشی سوپایی، ته‌رمه‌كه‌ی له كۆلێژی هونه‌ره‌وه، له‌و كۆلێژه‌وه كه نزیكه‌ی په‌نجا ساڵ وانه‌ی تێدا گوته‌وه، گواسترایه‌وه بۆ دوا ئارامگه‌ی.
ن/ د.فازڵ جاف
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.