Erbil 8°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 07:37

مۆزه‌خانه‌ی مالیزیا تابلۆی “کچه‌ی قورئان خوێن” به‌ نرخێکی پێوانه‌یی ده‌کڕێت

به‌ شه‌ش ملیۆن و 315 هه‌زار پاوه‌ند كڕدراوه‌
کوردستان TV
100%

تابلۆی “كچه‌ی قورئان خوێن”ی عوسمان حه‌مدی به‌ی، نیگاركێشی به‌ناوبانگ ، كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو به‌ نرخێكی پێوانه‌یی فرۆشرا، زانراوه‌ كه‌ كڕیاره‌كه‌ی مۆزه‌خانه‌ی هونه‌ره‌ ئیسلامییه‌كانی مالیزیا-یه‌ و تابلۆكه‌ بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مۆزه‌خانه‌ی به‌ریتانیی- بریتیش میوزیه‌م British Museum، نماییش ده‌كرێت.

جولیا ته‌گوێڵ، به‌ڕێوه‌به‌ر له‌ بریتیش میوزیه‌م ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد تابلۆی “كچه‌ی قورئان خوێن” هه‌فته‌ی رابردوو له‌ زیادكردنێكی ئاشكرادا له‌ خانه‌ی بۆنهامز له‌ له‌نده‌ن، له‌لایه‌ن مۆزه‌خانه‌ی هونه‌ره‌ ئیسلامییه‌كانی مالیزیاوه‌ به‌ شه‌ش ملیۆن و 315 هه‌زار پاوه‌ند كڕدراوه‌.

هه‌ردوو مۆزه‌خانه‌كه‌ به‌ سپۆنسه‌ری جاك ره‌یان و ستاندارد چارته‌ر بانك، پێشانگایه‌كی هاوبه‌شیان له‌ ژێر ناونیشانی “به‌ ئیلهام له‌ خۆرهه‌ڵاته‌وه‌: چۆن جیهانی ئیسلامیی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هونه‌ری خۆرئاوا دانا” سازكردووه‌ و جولیا ته‌گوێڵ رێكخه‌ری پێشانگاكه‌یه‌، ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد تابلۆكه‌ی عوسمان حه‌مدی به‌ی له‌ دوایین خوله‌كدا بۆ پێشانگاكه‌ زیادكراوه‌ و هه‌فته‌ی ئاینده‌ له‌گه‌ڵ تابلۆكانی دیكه‌دا به‌ڕووی سه‌ردانیكه‌رانیدا ده‌كرێته‌وه‌.

ته‌گوێڵ تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تابلۆكه‌ی عوسمان حه‌مدی به‌ی له‌ بریتیش میوزیه‌م نماییشده‌كه‌ن و كاره‌كه‌ی نیگاركێشه‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی گونجاوه‌ له‌گه‌ڵ ناونیشانی پێشانگاكه‌دا كر بریتییه‌ له‌ دیالۆگی خۆرهه‌ڵات-خۆرئاوا.

باسی له‌وه‌شكرد عوسمان حه‌مدی به‌ی له‌ توركیا و له‌ فه‌ڕه‌نساش كاریكردووه‌ و نیگاركێشه‌كه‌ به‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ی هونه‌رمه‌ندێكی نموونه‌ییه‌ بۆ پێشانگاكه‌.

جولیا ته‌گوێل ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد كچی نێو تابلۆكه‌ كتێبێكی له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ له‌به‌رده‌مدایه‌ كه‌ ده‌یخوێنێته‌وه‌ به‌ڵام هێشتا ئه‌وه‌ یه‌كلایی نه‌بووه‌ته‌وه‌ كه‌ كتێبه‌كه‌ قورئانی پیرۆزه‌ یان نا.

باسی له‌وه‌شكرد تابلۆكه‌ كه‌شێكی هێمن ده‌گوازێته‌وه‌ و توخم و ره‌نگه‌ ئیسلامییه‌كانی باكگراونده‌كه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ئۆریه‌نتاڵییان داوه‌ته‌ كاره‌كه‌.

ته‌گوێڵ جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت له‌ رێگه‌ی پێشانگاكه‌وه‌ ئه‌وه‌ بخه‌نه‌ڕوو كه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ك جیهانی ئیسلامیی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هونه‌ری خۆرئاوا هه‌بووه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌مانه‌وێت تیشك بخه‌ینه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی چۆن خۆرئاوا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هونه‌رمه‌نده‌ موسڵمانه‌كان داناوه‌ ئه‌وه‌ش له‌رێگه‌ی كاره‌كانی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی عوسمان حه‌مدی به‌ی، و له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه‌ كاری هونه‌رمه‌نده‌ عوسمانیی و ئێرانییه‌كان.

تابلۆكه‌ی عوسمان حه‌مدی به‌ی به‌ بۆیه‌ی رۆن له‌سه‌ر خام به‌ قه‌باره‌ی ٤١سانتیمه‌تر به‌ ٥١ سانتیمه‌تر كێشراوه‌ و هونه‌رمه‌نده‌ مێژوونووسه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن تابلۆكه‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی نیگاركێشی هه‌ڵگرتووه‌.

ورده‌كارییه‌كانی جلوبه‌رگی كچی نێو تابلۆكه‌ و ره‌نگ و دیزاینه‌ ئیسلامییه‌كانی ئه‌و كه‌شه‌ی نیگاره‌كه‌ ده‌یگوازێته‌وه‌، وه‌ك واژووی نیگاركێشه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ ناوده‌برێت.

ئه‌و نرخه‌ی كه‌ تابلۆكه‌ی عوسمان حه‌مدی به‌ی-ی پێ فرۆشرا، نرخێكی پێوانه‌ییه‌.

سه‌رچاوه‌/ ته‌با

كوردستان تیڤی/ كامران

شێوه‌کاری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.