ن/ حه‌مه‌سوار عه‌زیز
یه‌كێك له گرنگترین و جیاوازترین ئه‌و نمایشه شانۆییانه‌ی كه له چوارده‌مین ڤیستیڤاڵی شانۆی شه‌قامی مه‌ریوان پێشكه‌شكرا، نمایشی شانۆیی (زمانی كێوی_كوێستانی) نووسه‌ری ناوداری به‌ریتانی خاوه‌نی خه‌ڵاتی نۆبڵ ھاڕۆڵد پینته‌ر (١٩٣٠_٢٠٠٨) و ده‌رھێنانی شانۆكاری داھێنه‌ر ره‌حیمی عه‌بدوڵره‌حیم زاده بوو،ئه‌م نمایشه به‌رھه‌می گروپی شانۆی كانی بوو، كه یه‌كێكه له جیاوازترین و داھێنهرترین گروپه شانۆییه‌كانی رۆژھه‌ڵات كه بنكه‌یان شاری بۆكانه، نمایشه‌كه بۆ چه‌ندینجار و بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ له باڵه‌خانه‌یه‌كی كۆنی شاری مه‌ریوان پێشكه‌شكرا.
پینته‌ر و زمانی چیا:
پینته‌ر ئه‌م تێكسته‌ی له ساڵی ١٩٨٨ نوسیوه، دوای سێ ساڵ له سه‌ردانیكردنی بۆ وڵاتی توركیا به ھاوڕێیه‌تی نوسه‌ری به‌ناوبانگی ئه‌مریكی ئارسه‌ر میلله‌ر، ئه‌م سه‌ردانه له‌سه‌ر داوای رێكخراوی (ئینته‌رناشناڵ پێن) كه رێكخراوێكی تایبه‌ته به بایه‌خدان به كاروباری نوسه‌رو شاعیر‌و رۆماننووس و رهخنهگرو رۆژنامه‌نووسان و سه‌ر به رێكخراوی لێبوورده‌یی نێوده‌وله‌تییه، مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه ھه‌وڵێك بوو بۆ دڵنیابوون له‌و ره‌وشه‌ی سه‌خته‌ی كه نوسه‌ران و رۆژنامه‌نووسان له توركیا دووچاری ده‌بنه‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش سه‌ردانی باكوووری كوردستان ده‌كه‌ن، "پینته‌ر ئه‌م گه‌شته‌ی توركیا ده‌قۆزێته‌وه بۆ به‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له گرینگه‌كانی مافی مرۆڤ و سه‌ركوتكردنی گه‌لی كورد و ده‌مكوتكردنی رای گشتی و ئازادی رۆژنامه‌وانی، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به نه‌ھێنی و به ئاشكرا په‌یوه‌ندی به ژماره‌یه‌كی زۆر له زیندانییه سیاسییه ئازادكراوه‌كانه‌وه ده‌كات، گفتوگۆ له‌گه‌ل بهرھهڵهستكاران ده‌كات و به‌ده‌نگی به‌رز دژی سیاسه‌تی ره‌گه‌زپه‌رستی و سه‌ركوتكه‌رانه‌ی توركیا ده‌دوێت"*.
پینته‌ر دوای ئه‌وه له ئاھه‌نگێكی تایبه‌ت له نێو بالێوزخانه‌ی ئه‌مریكی له توركیا كه له‌سه‌ر شه‌ره‌فی ئارسه‌ر میلله‌ر رێكخراوه، به‌ڕاشكاوی باسی ئازار‌و مه‌رگه‌ساته‌كانی كورده‌كان ده‌كات و ئاماژه به‌و ئازاردانه جه‌سته‌ییه‌و شكۆشكاندنه مرۆییه ده‌كات كه كورده‌كان له‌نێو زیندانه‌كانی توركیا رووبه‌رووی ده‌بنه‌وه، ئه‌م وتاره چاوه‌ڕوان نه‌كراوه ھه‌مووان توشی شۆك ده‌كات ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌تی ئه‌وكاته‌ی توركیا ھاوپه‌یمانی ئه‌مریكا ده‌بێت و ئه‌مریكاش پشتیوانی له سیاسه‌ته‌كانی توركیا ده‌كات، بۆیه بالێوزی ئه‌مریكا پاش ئه‌وه‌ی دڵنیا ده‌بێت كه ناتوانێت پینته‌ر بێده‌نگ بكات، له ئاھه‌نگه‌كه ده‌یكاته ده‌ره‌وه، ئارسه‌ر میلله‌ریش وه‌ك پشتیوانی بۆ ھه‌ڵوێستی ھاڕۆڵد پینته‌ری ھاوڕێی، ھاوشانی پینته‌ر ئاھه‌نگه‌كه جێده‌ھێلێت، "ئه‌م دوو نووسه‌ره دواتر پێكه‌وه به‌یاننامه‌یه‌ك دژی ده‌سه‌ڵاتی توركیا بڵاوده‌كه‌نه‌وه، پینته‌ر سه‌باره‌ت به‌م رووداوه گوتوویه‌تی(له بالێوزخانه‌ی توركیا له ئه‌نقه‌ره له‌گه‌ل ئارسه‌ر میلله‌ر بكرێیته ده‌ره‌وه، رووداوێكه من ھیچ كێشه‌یه‌كم لهگهلییدا نییه، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه یه‌كێكه له‌و ساتانه‌ی كه له‌ژیانمدا شانازی پێوه ده‌كه‌م)**.
پینته‌ر ھه‌ر له باره‌ی ئه‌م رووداوه‌و ده‌ڵێت"ئه‌وه‌ی له‌وێ بۆم ده‌ركه‌وت كێشه‌یه‌كی راسته‌قینه بوو، له‌نزیكه‌وه زانیم كه كورده‌كانی توركیا به ساده‌یی مافی بوون و ژیانیان نییه و ناتوانن به زمانی دایك قسه بكه‌ن، له‌بیرمه ئه‌و كاته‌ی له توركیا گه‌ڕامه‌وه چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كم له‌و باره‌یه‌وه نوسی، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لێی دڵنیا نه‌بووم خستمه ناو ته‌نه‌كه‌ی خۆڵه‌كه‌وه، به‌ڵام ئه‌نتۆنیای خێزانم یه‌كسه‌ر دهریھێناو و خوێندییه‌وه، زۆر به پێداگیرییه‌وه داوای لێكردم ھه‌ڵیان بگرم، منیش له‌نێو یه‌كێك له دۆڵابهكان ھه‌ڵمگرت، دواتر له رۆژێكدا پاش تێپه‌ڕبوونی سێ ساڵ، ھه‌ر به رێكه‌وت لاپه‌ڕه‌كانم ده‌رھێناو تێكسته‌كه‌م به خێراییه‌كی سه‌رسوڕھێنه‌ر ته‌واو كرد"***.
ئه‌م تێكسته كورته له چه‌ند دیمه‌نێكی كورت پێكھاتووهو باس له باڵه‌خانه‌ی زیندانێك ده‌كات كه تیاییدا كه‌سوكاری زیندانییه‌كان له كاتی سه‌ردانیكردن چۆن سوكایه‌تییان پێده‌كرێت و رووبه‌ڕووی جۆره‌ھا ئازار‌و بێڕێزی و ده‌ستدرێژی ده‌بنه‌وه، له‌وه‌ش دژواتر ئه‌وه‌یه كه ئه‌م كه‌سانه بۆیان نییه به زمانی دایكی خۆیان بدوێن، كه پینته‌ر به زمانی چیا‌و ره‌حیم زاده‌ی ده‌رھێنه‌ریش به زمانی كێوی یا كوێستانی ناوزهدیكرددوه.
له‌وه‌ش سه‌یرتر ئه‌وه‌یه كاتێ پینته‌ر رێگا به كۆمه‌ڵه كوردێكی په‌نابه‌ر ده‌دات كه گروپێكی شانۆییان ھه‌یه به‌نێوی ھونه‌ری تازه ئه‌م شانۆییه نمایش بكه‌ن، له كاتی ئاماده‌كارییه‌كانی شانۆییه‌كه و به‌ھۆی به‌كارھێنانی چه‌كی ساخته كه نزیكه له شێوه‌ی چه‌كی راسته‌قینه، خه‌ڵكی ئه‌و باڵه‌خانه‌یه پۆلیس له بوونی ئه‌و چه‌كانه ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه، كاتێ پۆلیسی به‌ریتانی ئه‌ندامانی گروپه‌كه ده‌ست به‌سه‌ر ده‌كات به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده نییه گوێیان لێبگرێت و بڕوا به‌وه بكات كه ئه‌وانه چه‌كی راسته‌قینه نین و ساخته‌ن و بۆ مه‌به‌ستی نمایشه‌كه به‌كاردێت، له‌وه‌ش سه‌یرتر پۆلیس ئه‌ندامانی گروپه كوردییه‌كه ناچار ده‌كات كه ته‌نھا به ئینگلیزی قسه بكه‌ن و رێگه نادات كه گروپه‌كه له‌نێوان خۆیان به زمانی كوردی قسه بكه‌ن و زمانه‌كه‌یان قه‌ده‌غه ده‌كات.
*دانا ره‌ووف/ھاڕۆلد پینته‌ر، ده‌زگای سه‌رده‌م ، ٢٠١٥
**سه‌رچاوه‌ی پێشوو .
زمانی چیا‌و شانۆی ژوور:
ئه‌گه‌رچی ھاڕۆڵد پینته‌ر له پاڵ ھه‌ریه‌ك له بێكێت و یۆنسكۆو ژینێهو ئه‌دامۆف، به یه‌كێك له گرنگترین نوسه‌ره‌كانی شانۆی ئه‌بسۆرد ده‌ژمێردرێت و به دواھه‌مین نوسه‌ری مه‌زنی ئه‌م ته‌وژمه شانۆییه ناوزه‌د ده‌كرێت، له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا ئه‌م نوسه‌ره ھه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تره‌و زۆرێك له تێكسته شانۆییه‌كانی وه‌ك رووبه‌ر ده‌چێته پانتایی شانۆی ژوور، یا وه‌ك ئه‌وه‌ی له رۆژھه‌ڵات پێیده‌ڵێن شانۆی پلاتۆ، ھاڕۆڵد پینته‌ر پاش ئه‌وه‌ی ساڵی ١٩٥٧ تێكستی "ژوور" ده‌نووسێت و باس له ژن و پیاوێك ده‌كات له چوارچێوه‌ی ژوورێك ژیان ده‌كه‌ن، ترسێكی زۆر ژنه‌كه‌ی داگرتووه له بوونی ئه‌و پیاوه‌ی كه له‌ژێر زه‌مینه تاریكه‌كه ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، دوای ئه‌م تێكسته زۆرێك له تێكسته شانۆییه‌كانی پینته‌ر باس له رووبه‌رێكی بچووكی ترسناك ده‌كه‌ن كه له ژوورێك وێنای ده‌كات، پینته‌ر له‌و رووبه‌ره بچووكه ترس و دڵه‌ڕاوكێ و ته‌نگه‌تاوی كۆده‌كاته‌وه، به‌و مانایه‌ی ده‌توانێت رووبه‌ری ژووره‌كه كه ته‌سك و تاریك و شێداره، به‌و ترسه ببه‌ستێته‌وه كه ناخی كاره‌كته‌ره‌كانی داگیر كردووه، ھه‌میشه ترسیان له‌و كه‌سانه ھه‌یه كه ره‌نگه بێنه ناو رووبه‌ری ژووره‌كه‌و مه‌ترسی دروست بكه‌ن، له كاتێكدا خودی ژووره‌كه ھیچ جۆره ھهستكردنێكی به دڵنیایی تێدا نییه‌و ھیچ جۆره ئارامی و پارێزگارییه‌ك به كه‌سانی ناوه‌وه‌ی نابه‌خشێت.
ئه‌گه‌رچی پینته‌ر یه‌كه‌م كه‌س نییه كه شانۆنامه‌ی له‌و چوارچێوه‌یه‌ی كه پێیده‌ووترێت ژوور نوسیبێت، شڕۆڤه‌كاران و ره‌خنه‌گران ھه‌ندێ تێكستی نوسه‌رانی وه‌ك سترندبێری و چێخه‌فیش به‌و چوارچێوه‌یه ده‌به‌ستنه‌وه، به‌ڵام دیارترین نوسه‌ری شانۆیی كه پێش پینته‌ر كه‌وتبێت و تێكسته‌كانی بچێته بواری شانۆی ژوور، شانۆكارو شاعیری فه‌ڕه‌نسی (جان تاردیۆ ١٩٠٣_١٩٩٥)یه، تاردیۆ له ناوه‌ڕاستی چله‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو واته به ده ساڵ پێش پینته‌ر كۆمه‌ڵه شانۆنامه‌یه‌ك ده‌نوسێت كه ده‌چێته چوارچێوه‌ی شانۆی ژوور‌و ئه‌م تێكستانه‌ش ئێستا له كتێبێكدا چاپكراوون له‌ژێر ئه‌دره‌سی شانۆی ژوور، له لایه‌ن دكتۆر حه‌ماده ئیبراھیم وه‌رگێردراوه‌ته سه‌ر زمانی عه‌ره‌بی له چوار چێوه‌ی چاپكراوه‌كانی ڤیستیڤاڵی قاھیره بۆ شانۆی ئه‌زموونگه‌ری بڵاوكراوه‌ته‌وه.
له ئێستادا له زۆر وڵاتی دونیا ڤیستیڤاڵی تایبه‌ت به شانۆی ژوور به‌ڕێوه‌ده‌چێت و له وڵاته عه‌ره‌بییه‌كانیش ڤیستیڤالی له‌و ته‌رزه له وڵاتانی وه‌ك میسر و سوریا رێكخراوه، له خوله‌كانی ڤیستیڤاڵی سه‌قزیش كه تایبه‌ته به شانۆی كوردی، ساڵانه چه‌ند نمایشێكی شانۆیی له چوارچێوه‌ی ئه‌و ڤیستیڤاڵه له‌و ژووره پێشكه‌ش ده‌كرێت كه به پلاتۆ ناوزه‌د ده‌كرێت و ئه‌م نمایشانه‌ش ده‌چێته نێو رووبه‌ری شانۆی ژوور، له باشووری كوردستانیش له كۆتایی ھه‌شتاكان پاش دامه‌زراندنی تیپی شانۆی ئه‌زموونگه‌ری له سلێمانی، له‌لایه‌ن نوسه‌رو شانۆكار دانا ره‌ووف، شانۆیی چیرۆكی باخچه‌ی ئاژه‌ڵانی شانۆكاری ئه‌مریكی ( ئه‌دوارد ئه‌لبی ١٩٢٨_٢٠١٨) له نێو رووبه‌ری شانۆی ژوور نمایش ده‌كرێت، كه پێموایه ئه‌مه یه‌كه‌م ئه‌زموونی شانۆی ژوور بووه له باشووری كوردستان و پێشتر من نه‌مدیوه یا نه‌مبیستووه نمایشی شانۆیی له‌و ته‌رزه پێشكه‌ش كرابێت، چونكه به‌گشتی تێكسته‌كانی پینته‌ر ئه‌گه‌رچی پانتاییه‌كی گه‌وره‌یان له‌نێو رووبه‌ری شانۆی دونیا داگیركردووه، به‌ڵام شانۆكارانی كوردستان زۆر به خه‌مساردی و په‌راوێزه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ل ئه‌و نووسه‌ره كردووه‌و كه‌مترین تێكستی ئه‌م نوسه‌ره له كوردستان نمایشكراوه، له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی تاكه نوسه‌ری جیھانییه كه تێكستێكی شانۆیی گرنگی تایبه‌ت به ئازار‌و مه‌رگه‌ساته‌كانی گه‌لی كورد به‌رھه‌م ھێنابێت.
پینته‌ر له نوسینی شانۆنامهكانی تایبه‌تمه‌ندی ھه‌یه‌و تێكسته‌كانی ئاوێته‌یه‌كه له ریالیزم و ئهبسۆردو سوریالیزم ، شێوازێكی تایبه‌تی ھه‌یه له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ل ووشه‌و رسته‌و بێده‌نگییدا، زمان لای پینته‌ر ئه‌و فاكته‌ره ساده‌یه‌ی گه‌یشتن تێده‌په‌ڕێنێت و ووشه‌و رسته‌كان بارگاوی ده‌كرێن به كه‌شێكی سایكولوجی و ناتوانن وه‌زیفه‌ی ئاسایی خۆیان جێبه‌جێبكه‌ن، بێده‌نگی و متبوون یه‌كێكه له خه‌سڵه‌ته گرنگه‌كانی شانۆی پینته‌ر و له رێگه‌ی ئه‌م فاكته‌ره‌وه فۆرمی نمایش داده‌مه‌زرێت و زۆرترین په‌یوه‌ندی له‌نێو فه‌زای نمایش و بینه‌ردا ده‌خوڵقێنێت، پینته‌ر به‌شێوه‌ی جیاواز كاره‌كته‌ره‌كانی ده‌خزێنێته نێو رووبه‌ری تێكسته‌كانی و خوێنه‌ر و بینه‌ر ناتوانن به ئاسانی له‌و په‌یوه‌ندییه تێبگه‌ن كه كاره‌كته‌ره‌كان به یه‌كه‌وه گرێده‌دات و ره‌گه‌زی درامیش له‌م تێكستانه جیاواز‌و نامۆیه و له رواڵهتتدا سه‌خت و ئالۆز ده‌رده‌كه‌وێت .
زمانی چیا له چوار بینراوی كورت پێكھاتووه كه له فه‌زایه‌كی ریالیزمی به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه باڵه‌خانه‌ی به‌ندیخانه‌یه‌و كاره‌كته‌ره‌كانیش كاره‌كته‌ری ئاسایین بریتیین له ئه‌فسه‌رو باشچاوه‌ش وبهندكراو و دوو ژن كه سه‌ردانی كوڕ‌و مێردیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام داڕشتنی تێكسته‌كه ئه‌و فه‌زا ریالیزمه ده‌به‌زێنێت و بینه‌ر ده‌باته نێو فه‌زایه‌كی ئالۆز كه تیاییدا چه‌ند دیالۆگێكی كورت و بێده‌نگیش به‌شێكی گرنگی بونیادنانی تێكست دیاریده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌و ته‌كنیكه گرنگانه‌ی پینته‌ر كه له‌م تێكسته به‌كاری ده‌بات، ده‌نگه، پینته‌ر له ھه‌ندێ شوێنی ئه‌م تێكسته له شوێنی دیالۆگ ده‌نگی ئه‌كته‌ره‌كان وه‌ك كاریگه‌ری ده‌نگی به‌كار ده‌بات و دیالۆگه‌كان له شێوه‌ی راسته‌وخۆی نێوان ئه‌كته‌ره‌كان ده‌گوازێته‌وه نێو كاریگه‌رییه ده‌نگییه‌كان و ئه‌كته‌ره‌كان وا ده‌رده‌كه‌ون وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌نێو نه‌ست و ویژدانه‌وه دیالۆگ له‌گه‌ل یه‌كتر بكه‌ن، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئه‌لته‌رناتیفێك بۆ ئه‌و قه‌ده‌غه‌كردنه ئاشكرایه‌ی زمان كه له‌نێوان كه‌سه‌كان پیاده ده‌كرێت، پینته‌ر له یه‌كێك له دیالۆگه‌كان په‌رده له‌سه‌ر بێڕه‌وشتی و ئاستی نزمی ده‌سه‌ڵات ھه‌ڵده‌ماڵێت كاتێك ئه‌فسه‌ر داوا له ژنه‌كه ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت كارئاسانی بۆ بكرێت په‌یوه‌ندی سێكسی له‌گه‌ل كه‌سێكی ده‌سترۆیشتووی نێو ئه‌م به‌ندیخانه‌یه دروست بكات و جه‌سته‌ی خۆی پێبفرۆشێت.
له وێنه‌یه‌كی تردا پاشئه‌وه‌ی كه یه‌كێك له زیندانییه‌كان كه به زمانی چیایی قسه ده‌كات و دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه ئه‌ویش وه‌ك پاسه‌وانی به‌ندیخانه‌كه ژنێك و سێ منداڵی ھه‌یه و چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن، له‌سه‌ر ئه‌م رسته‌یه زیندانییه‌كه خه‌ڵتانی خوێن ده‌كرێت و تا لێواری مردن ئازار ده‌درێت، دوای ئه‌وه ئه‌فسه‌ره‌كه به‌گاڵته‌پێكردنه‌وه راده‌گه‌ینێت كه ئێستا ده‌توانن به زمانی چیا قسه بكه‌ن، لێره‌دا پینته‌ر به‌روونی ئه‌و ریسواییه نیشانده‌دات كه ده‌سه‌ڵاتێك ته‌نھا بۆ چێژ بینین تاكه‌كانی ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌و یاری به چاره‌نوسی ده‌كات، دوای ئه‌وه كوڕه‌كه ده‌كه‌وێته خواره‌وه و دایكیش له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م دیمه‌نه زمانی ووشك ده‌بێت، ئه‌فسه‌ره‌كه‌ش فه‌رمانده‌دات كه رایانكێشنه ده‌ره‌وه.
ئێواره‌یه‌ك له زیندان:
رۆژێك پێشتر ده‌رھێنه‌ری نمایش (ره‌حیم عه‌بدوڵڕه‌حیم زاده) به براده‌رانی ئێمه‌ی گووت، بۆ بینینی نمایشی زمانی كێوی_چیا، سه‌عات چوار‌و نیوی ئێواره له پاڕكی شانۆ ئاماده‌بن و له‌وێ پاسێك ئاماده‌كراوه‌و ده‌تانبات بۆ شوێنی نمایش و ژماره‌ی بینه‌ریش دیاریكراوه، نابێ له بیست وپێنج تا سی كه‌س زیاتر بێت، ئێمه‌ش له‌گه‌ل ھاوڕێكانمان و كچه‌كانی ده‌ربه‌ندو گه‌رمیان، چاره‌كێك پیش ئه‌و واده‌یه گه‌یشتینه پارَكی شانۆ، پاسێكی گه‌وره وه‌ستا بوو، پاش ماوه‌یه‌ك ده‌رگای پاسه‌كه كرایه‌وه و ئێمه‌ش سه‌ركه‌وتین، ئینجا كه‌سێك به جلوبه‌رگی سه‌ربازی و چاویلكه‌یه‌كی ره‌شه‌وه سه‌ركه‌وته ناو پاسه‌كه‌و ده‌ستیكرد به ھارواركردن به‌سه‌ر سه‌رنیشانی پاسه‌كه‌و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئه‌و تێلا پۆلیسییه‌ی كه به‌ده‌ستییه‌وه بوو، ھه‌ر زوو ئاگاداری كردینه‌وه كه قسه‌كردن و پێكه‌نین و جوله قه‌ده‌غه‌یه، به‌تایبه‌تی قسه‌كردن به زمانی كێوی به‌ھیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌پێدراو نییه، له‌و كاته‌دا پاسه‌كه كه‌وته‌ڕێ و چه‌ند ھه‌نگاوێك دووركه‌وته‌وه، دێرین حامید كه دیاربوو چه‌ند ده‌قه‌یه‌ك دواكه‌وتبوو، به په‌له‌په‌ل خۆی گه‌یانده ده‌رگای پاسه‌كه، به‌ڵام سه‌ربازه‌كه رێگه‌ی نه‌دا سه‌ركه‌وێت، ھه‌رچه‌نده به‌كری بینه‌ر ھاواری لێ ھه‌ڵسا، به‌ڵام سه‌ربازه‌كه زۆر به تووندی به‌گژ به‌كری بینه‌ردا چوویه‌وه‌و بێده‌نگی كرد‌و پاسه‌كه كه‌وته‌ڕێ، فه‌زایه‌كی ترسناك سه‌رنیشانی پاسه‌كه‌ی داپۆشی، زۆێك له ئێمه كه‌وته گومانه‌وه، ئایا كێشه‌یه‌ك روویداوه, ئه‌م سه‌ربازه ئێمه بۆ كوێ ده‌بات، ئێمه ده‌چین بۆ شوێنی نمایش یا مه‌سه‌له‌یه‌كی تر له ئارادایه، ھه‌موو ره‌فتاره‌كانی ئه‌و سه‌ربازه چاویلكه ره‌شه یه‌قینی ئه‌وه‌ی لادروست ده‌كردین، كه ره‌نگه كێشه‌یه‌ك ھه‌بێت و ئێمه به‌ره‌و شوێنێكی نادیار ده‌بردرێین.
پاسه‌كه پاش ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی زیاد له بیست ده‌قه له‌نێو بێده‌نگی سه‌رنشینانی و ده‌نگی به‌رزی سه‌ربازی ناو پاسه‌كه، ئێمه‌ی به چه‌ند شه‌قام وكۆڵانێكی ته‌سك و قه‌ره‌باڵغدا برد، دواتر له‌به‌رده‌م باڵه‌خانه‌یه‌كی كۆنی گه‌وره‌ی یه‌ك نھۆمی وه‌ستا كه حه‌وشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی ھه‌بوو، دواتر ھه‌موو به‌ریز براینه نێو حه‌وشه‌كه، سه‌ربازێكی تر به سه‌گێكی پۆلیسییه‌وه چاوه‌ڕوانی ئێمه‌ی ده‌كرد، دوو ژنیش له حه‌وشه‌كه بوون كه جلی ره‌شیان له‌به‌ردابوو، دیاربوو پێش ئێمه له‌وێ بوون و له‌نێو حه‌وشه‌كه وه‌ستابوون و بێزاری و بێتاقه‌تییان پێوه دیاربوو، یه‌كێكیان به‌ته‌مه‌ن و قژ سپی، ئه‌ویتر گه‌نج، دواتر ھه‌مووان له‌گه‌ل دوو ژنه‌كه له یه‌ك ریز وهستێنراین و سه‌ربازه‌كان به‌ده‌نگی به‌رزو تێلای به‌رزه‌وه كه‌وتنه ھه‌ڕه‌شه‌كردن لێمان، به‌زمانێكی تر كه به‌باشی تێینه‌ده‌گه‌یشتین ئاگاداریان كردینه‌وه كه قسه‌كردن به زمانی كێوی یا كوێستانی قه‌ده‌غه‌یه، ته‌نھا زمانی پایته‌خت رێگه‌پێدراوه، ئێمه‌ش ووشه له قوڕگمانا گیری خواردبوو، له‌وده‌مه‌دا ژینۆی ھاوڕێم ویستی به مۆبایله‌كه‌ی چه‌ند وێنه‌یه‌ك بگرێت، سه‌ربازه‌كه به تووندی مۆبایله‌كه‌ی لێستاندو ده‌ستی به‌سه‌ردا گرت، كه‌سێكیش جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌كرد بپرسێت ئێمه بۆ لێره‌ین، ئێمه بۆ بینینی نمایشێكی ڤیستیڤاڵ ھاتبووین، كه‌چی له‌م شوێنه‌دا ھه‌مووان ده‌ست بهسهركراوین و مافی قسهكردنیشمان زه‌وتكراوه، چونكه زۆرینه‌مان ته‌نھا ئه‌و زمانه كوێستانییهمان ده‌زانی كه لای ئه‌وان قه‌ده‌غه‌بوو.
له ریزێكدا ریز كراین و یه‌ك به‌یه‌ك پرسیاری ناویان لێده‌كردین، ھه‌موومان به ملكه‌چی و ترسه‌وه ناوی خۆمان ئاشكرا ده‌كرد، تا گه‌یشته یه‌كێك له‌و دوو ژنه جل ره‌شانه‌ی كه له‌پێش ئێمه‌وه له‌وێ بوون، دیاربوو خاتوونه‌كه رازی نه‌بوو ناوی خۆی بڵێت، چونكه پێشتر ناوی خۆیان گوتبوو، به‌ڵام سه‌ربازه‌كه ھه‌ر مكوڕ بوو له‌سه‌ر ئه‌مه، دواتر شكاتی ئه‌وه‌ی كرد كه ئه‌وان چه‌ندین سه‌عاته لێره چاوه‌ڕێین و پێشی ئێمه سه‌گه‌كان ھێرشییان كردۆته سه‌ر ژنه به‌ته‌مه‌نه‌كه، زانیمان كه سه‌گه‌كه گازی له ده‌ستی گرتووه، دواتر سه‌ربازه‌كه به چه‌ند رسته‌یه‌ك وه‌ڵامی دایه‌وه كه لای ئێمه روون نه‌بوو چی ده‌ڵێت.
ئێمه به‌ڕیز براینه ژووره‌وه‌ی باڵه‌خانه‌كه كه ھۆڵێكی گه‌وره‌ی له ناوه‌ڕاستدا بوو، به‌چه‌ند ژوورێكی گوماناوی ده‌وره درابوو، فه‌زای شوێنه‌كه‌و دیمه‌نی ژووره‌كان و دابه‌شكردنی ئێمه بۆ چه‌ند گروپێك كه له پێنج یا شه‌ش كه‌س پێكھاتبوو، كه‌شێكی ئالۆزو بێده‌نگییه‌كی سامناكی له ده‌روونی ھه‌ر یه‌كه‌مان دروستكردبوو، سه‌ربازه‌كان به ئاماژه‌ی تێلاكانیان ئێمه‌یان به‌ره‌و ژووری یه‌كه‌م برد، گروپه‌كه‌ی ئێمه له غه‌فوور عه‌بدوڵلا و به‌كری بینه‌ر و ژینۆ سه‌رتیپ و براده‌رێكی مه‌ریوان و من پێكھاتبوو، براده‌ران سالار ماهیرو حه‌مه‌سه‌عید و عوسمانی شانۆ‌و رۆشنا و حهمهمستهفاو زه‌ریا كه‌وتنه گروپی تره‌وه، له ژووری یه‌كه‌م كه ژوورێكی چلكنی شێدار‌و تاریك وه‌ك ھه‌موو ژووره‌كانی تر، كه‌سێكمان بینی كه به جلێكی خۆڵه‌میشی و چاویڵكه‌یه‌كی روونه‌وه، به‌نێو ژووره‌كه ده‌سوڕایه‌وه و وه‌ك ئه‌وه‌ی شتێك بژمێرێت، خه‌ریكی دركاندنی ژماره‌كان بوو به‌شێوه‌ی لۆژیكی له كه‌مه‌وه بۆ زۆر، ژووره‌كه‌ش به خه‌تێكی سپی ھێلكاری كرابوو، ناوه ناوه كه‌سه‌كه به‌ره‌و ناوه‌ڕاستی ژووره‌كه ده‌ڕۆیشت و سه‌رو روخساری بۆ چه‌ندجارێك ده‌خسته نێو ئه‌و سه‌تڵه ئاوه‌ی كه له ناوه‌ندی ژووره‌كه دانرابوو، ئه‌م كرداره‌ش وه‌ك ئه‌وه وابوو كه به ده‌ستی خۆی، خۆی ئه‌شكه‌نجه بدات، ئه‌م كرداره‌و به‌رده‌وامبوون له ژماردنی ژماره‌كان درێژه‌ی ھه‌بوو، تا ئه‌و كاته‌ی سه‌ربازه‌كه ئه‌و ژنه قژ سپییه‌ی ھێنایه ژووره‌وه كه سه‌گه‌كه گازی لێگرتبوو، دواتر زانیمان ئه‌م ژنه دایكی بهندكرداوهیهكه، سه‌ربازه‌كه چه‌ند جارێك رێگری ده‌كات كه بهندكراوهكهو و ژنه قژ سپیه‌كه به‌زمانی كوێستانی قسه بكه‌ن، دواتر ده‌كه‌وێته ھه‌ڕه‌شه‌كردن و ئازاردان، به‌ڵام به‌ندكراوه‌كه له به‌رامبه‌ر ئه‌م دیمه‌نه به ده‌نگێكی به‌رز به سه‌ربازه‌كه پێده‌كه‌نێت.
دواتر سه‌ربازه‌كه ده‌مانباته‌وه نێو ھۆڵهكهو ھه‌موو گروپه‌كانیش له‌وێ كۆده‌بنه‌وه‌و ئینجا گروپه‌كان به‌ره‌و ژووری تر ده‌به‌ن و ئالوگۆڕ به ژووره‌كان ده‌كه‌ن، ئێمه ده‌به‌نه نێو ژوورێك كه كچێكی گه‌نج تیاییدا به‌ندكراوه، به چوونه‌ژووره‌وه‌مان كچه‌كه به قسه‌كردن پهلامارماندهدات و وه‌ك ئه‌وه‌ی بیه‌وێت ناڕه‌زاییه‌ك به‌رامبه‌ر ئێمه ده‌رببڕێت، دواتر ده‌چێته‌وه لای ئه‌و روخساره‌ی كه به بۆیه‌كی سوور له‌سه‌ر زه‌وییه‌كه كێشراوه‌و له روخساری كه‌سێك ده‌چێت، دواتر ده‌مانبه‌ن بۆ ژوورێك كه تیاییدا ئافره‌تێك به زنجیر به‌ستراوه‌ته‌وه، داوای ئاومان لێده‌كات، مهتارهیهكی بچووكی ئاو له كونجی ژووره‌كه به زنجیرێك به‌ستراوه‌ته‌وه، ژینۆ مه‌تاره‌كه ھه‌ڵده‌گرێت و ده‌یه‌وێ ئاو به‌و خانمه بدات، به‌ڵام زنجیره‌كه كورته‌و مه‌تاره‌كه ناگات به ده‌می خانمه‌كه، ژینۆ ئاو ده‌خاته نێو ده‌سته‌كانی و ده‌می خانمه‌كه ته‌ڕ ده‌كات، له‌م لاوه به‌كری بینه‌ر به‌زه‌وییدا كه‌وتووه‌و چاوه‌كانی ئاویان تێدازاوهو قوڕگی پڕبووه له گریان، سه‌ربازه‌كه دێت ده‌مانكاته ده‌ره‌وه، له ژووره‌وه پێنج كه‌س بووین، كه ھاتینه ده‌ره‌وه چوار ماوین، سه‌ربازه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه ژووره‌كه، ھێشتا به‌كری بینه‌ر له‌وێ شۆك بووه‌و قاچی ھاتنه ده‌ره‌وه‌ی نییه، سه‌ربازه‌كه به ھهڕهشهكردنهوه ده‌یكاته ده‌ره‌وه، دواتر ده‌مانبه‌ن بۆ ژوورێكی تر، به‌ڵام ھیچ كه‌سێكی تیا نییه، ته‌نھا ئێمه‌و بێده‌نگییه‌كی سامناك، ئینجا به‌ره‌و ژووورێكی تر كه پڕیه‌تی له كاغه‌زو ووشه،ھه‌موو ژووره‌كه به بنمیچهوه به كاغه‌ز داپۆشراوه‌و له رێگای روناكییهك كۆمه‌ڵێك ووشه‌ی لاتینی ده‌كه‌وێته سه‌ر دیوار‌و جه‌سته‌ی به‌ندییه‌كه، به‌ندییه‌ك ھه‌وڵده‌دات ئه‌و كاغهزانهمان نیشانبدات كه ھه‌موو ژووره‌كه‌ی پڕ كردووه، ئینجا ئه‌و ژنه گه‌نجه‌ی كه له حه‌وشه‌كه بوو له‌لایه‌ن سه‌ربازه‌كه ده‌ھێنرێته ژووره‌وه‌و دیالۆگێك له‌نێوان ئه‌مانه رووده‌دات و ئێمه به‌باشی لێی تێناگه‌ین، دواتر ده‌مانبه‌ن بۆ ژوورێك كه ژنێك به چاوی به‌ستراو و ده‌می به‌خوێنه‌وه، له پاڵ قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ی راكشاوه، به بینیی ئێمه ھهڵدهستێتهوهو بهنێوماندا ده‌گه‌ڕێت و به‌ده‌نگێكی به‌رز ئاوازێكی زۆر سامناك ده‌چڕێت، ده‌نگێك وه‌ك ئه‌وه‌ی له قوڵایی ئازاره‌وه سه‌رچاوه بگرێت، له‌به‌رده‌م غه‌فوور عه‌بدوڵلا ده‌وه‌ستێت و ده‌یه‌وێت ھه‌ست به شێوه‌ی روخساری بكات، ئه‌و پارچه قوماشه سپییه‌ی كه شێوه‌ی كۆرپهڵهی وه‌رگرتووه ده‌داته ده‌ست غه‌فوور و ده‌كه‌وێته خواره‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی داوای شتێك له غه‌فوور بكات، كاك غه‌فوور به ته‌واوی له‌نێو كه‌شی دیمهنهكهیهو ھهستدهكات بۆته به‌شێك له‌م ژووره ترسناكه، وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر ھه‌ر له‌م ژووره بووبێت و ئه‌م رۆڵه‌ی بۆ دیاریكرابێت.
دواتر جارێكی تر له ھۆڵه‌كه كۆماندهكهنهوهو ھه‌موومان به‌ره‌و حه‌وشه‌كه ده‌به‌نه‌وه‌و به‌ڕیز رادهگیرێین.
لێره‌دا نمایش ته‌واو ده‌بێت، به‌ڵام قسه‌كانی من ھێشتا ته‌واو نه‌بووه.
ئاماده‌یی كارهكتهرو نائاماده‌یی بینه‌ر:
من ھه‌رگیز پێم‌خۆش نییه چیرۆكی نمایش بگێڕمه‌وه، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر له‌م به‌شه‌ی نوسینه‌كه‌م حاڵی بێت، ده‌بووایه له به‌شی پێشووتر ئه‌و فه‌زایه بۆ خوێنه‌ر بگوزامهوهو نزیكی بكه‌مه‌وه له‌و وێنه شانۆییانه‌ی كه ئه‌م نمایشه ھه‌ڵیگرتوون، ده‌رھێنه‌ر له‌م نمایشه كاری له‌سه‌ر به‌رھه‌مھێنانی كارهكتهرو نه‌ھێشتنی بینه‌ر كردووه، ئه‌و پێویستی به بینه‌ر نییه، بینه‌ر ھه‌رچه‌نده له فه‌زاو كه‌شی نمایشه‌كه نزیك بێت، ناتوانێت وه‌ك كاره‌كته‌رێكی ئه‌و نمایشه ھه‌ست به قوڵاییه‌كانی فه‌زاو ئه‌و سروت و ئیحساسه تایبه‌ته بكات كه له‌نێو جه‌سته‌ی نمایش ھه‌ڵگیراوه‌و به ئاسانی به‌ر بینه‌ر ناكه‌وێت.
له دوای سه‌ركه‌وتنی بینه‌ر بۆ نێو پاسه‌كه‌و سه‌ركه‌وتنی سه‌ربازه چاویڵكهرهشهكه، له‌و ساته‌دا ھیچ بینه‌رێك له ئارادا نییه، نمایش ده‌ستیپێكردووه‌و بینه‌رانیش له ده‌ره‌وه‌ی پاسه‌كه‌ن، له‌نێو پاسه‌كه نمایشێك به‌ڕێوه‌ده‌چێت كه ھیچ بینه‌رێك ئاماده‌ی بینینی نییه، ئه‌گه‌ر به‌گوێره‌ی تیۆره‌كه‌ی پیته‌ر بڕۆك بێت، ھیچ نمایشێك به‌بێ بینه‌ر بوونی نییه، به‌ڵام تیۆریه‌كه‌ی ره‌حیم عه‌بدوڵڕه‌حیم زاده ئه‌م تیۆره ره‌تده‌كاته‌وه‌و نمایشێكی بێ بینه‌ر به‌ڕێوه ده‌بات، له پاسه‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك كاره‌كته‌ر ھه‌یه‌و كۆمه‌ڵێك كه‌سایه‌تی كۆكراوه‌ته‌وه‌و نمایش ده‌ستیپێكردووه، كۆمه‌ڵه كه‌سێك كه ھیوایان ده‌خواست به سه‌ركه‌وتنی پاسێك ببرێن بۆ ھۆڵێكی شانۆیی یا پارَكێك تا بینه‌ری نمایشێكی شانۆیی بن، به‌ڵام له چركه‌یه‌كدا ھه‌موو شتێك ده‌گۆڕێت و ده‌كه‌ونه نێو فه‌زای نمایشێك و ھه‌ریه‌كه‌یان ئه‌و رۆڵه وه‌رده‌گرێت كه پێشتر كه‌س بۆی دیارینه‌كردووه، به‌كری بینه‌ر رۆڵی كه‌سێكی یاخی كه ده‌یه‌وێت رووبه‌ڕووی ئه‌و توندوتیژیه سه‌خته ببێته‌وه كه سه‌ربازێك به‌سه‌ر كۆمه‌ڵه كه‌سێك سه‌پاندویه‌تی، غه‌فوور ده‌یه‌وێت به ھێمنی ھاوشانی ره‌وشه‌كه بڕوات و بزانێت ئه‌م ده‌روازه‌یه بۆ كوێمان ده‌بات، سالار ماھیر و ژینۆ سه‌رتیپ ده‌یانه‌وێت سه‌ركێشی بكه‌ن و به‌ھه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت ئاو بده‌نه ئه‌و خاتوونه به‌ندكراوه‌ی كه به‌په‌رۆشه‌وه داوای قومێك ئاو ده‌كات، من ئه‌گه‌رچی له فۆرمی ده‌ره‌وه‌م ده‌بم به كاره‌كته‌رێكی تری ئه‌م شانۆییه، به‌ڵام رۆڵه‌كه‌م له‌وه كورتده‌كه‌مه‌وه كه وورده‌كارییه‌كانی نمایشه‌كه تۆمار بكه‌م و به‌دژی یاساوڵهكانهوه وێنه‌ی ژوور‌و به‌ندكراوه‌كان بگرم و له مۆبایله‌كه‌م ھهڵیانبگرم، زۆر ترسیشم له‌وه‌یه كه سه‌ربازه‌كان ئه‌مه ببینن و وه‌ك ژینۆی ھاوڕێم مۆبایله‌كه‌م لێ بستێنن و دهستبهتاڵبم.
كاتێ ده‌رھێنه‌ر له یه‌كه‌م چركه ساتی نمایش ھه‌وڵده‌دات بینه‌ر له فۆرمی بینین بهتاڵبكاتهوهو به‌بێ ھه‌ڵبژارده‌و پرس و ڕاوه بكرێته كاره‌كته‌رێكی له‌نێو فه‌زای ئه‌و درامایه كه به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ده‌بێ ھه‌ڵوه‌سته‌ی ئه‌وه‌مان لادروست بكات، ده‌رھێنه‌ر بۆ ئه‌مه ده‌كات، بۆ وه‌ك ھه‌ر كارێكی ریالیزمی له رێگه‌ی ترس ده‌روونمان پاكناكاتهوه، یا وه‌ك ھه‌ر كارێكی داستانی له‌رێگه‌ی لۆژیكی عه‌قڵ و ره‌خنه‌گرتنه‌وه رووبه‌ڕووی نمایشه‌كه‌مان ناكاته‌وه، یا وه‌ك ھه‌ر كارێكی توندوتیژی ئارتۆیی له رێگه‌ی گۆڕان و كرداری سه‌خت و چاوه‌ڕواننه‌كراودا نامانخاته به‌رده‌م ئه‌زموونێكی مه‌ترسیداری ناخھه‌ژێن؟
له راستییدا ئه‌وه‌ی ده‌رھێنه‌ر له‌م نمایشه ده‌یكات ھه‌موو ئه‌مانه تێده‌په‌ڕێنێت و بینه‌ر وه‌ك یهیهكی تایبه‌تمه‌ند ھهڵدهوهشێنتهوهو به بێ ویست ئیڕاده‌ی خۆی ده‌یخاته نێو ئه‌و كه‌شه ترسناكه‌ی كه نمایشه‌كه‌ی تیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ھه‌ڵبژارده‌ی چی بكات و كاردانه‌وه‌ی چی بێت، بۆ خۆی به‌جێدێلێت، ئه‌مه‌ش به‌رێگه‌یه‌كی ئاسایی ناكات و بینه‌ر له‌م گۆڕانكارییه ئاگادار نییه تا پێشوه‌خته جۆرێك له ئاماده‌یی جه‌سته‌یی و سایكۆلۆژی بۆ بكات، ئه‌م ره‌وشه كتوپڕه وا له ئێمه ده‌كات ھیچ ده‌رفه‌تێكمان نه‌بێت بۆ دبلۆماسییه‌ت و نواندن، به‌ڵكو ده‌كه‌وینه به‌رده‌می واقیعێكی نه‌خوازراو، ئه‌و كاردانه‌وه‌ی لامان دروست ده‌بێت، كاردانه‌وه‌یه‌كی راسته‌قینه‌یه، ھیچ درۆ‌و ساخته‌كارییه‌كی تێدانییه، ئێمه له‌ناكاو به‌ر ره‌وشێك ده‌كه‌وین ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان پێنادات بیر له ده‌رھاوێشته‌ی ره‌فتاره‌كانمان بكه‌ینه‌وه‌و حیساب بۆ ئه‌وانیتر بكه‌ین، ئه‌وه‌ی رووده‌دات ئێمه رووبه‌ڕووی واقیعێك ده‌بینه‌وه كه ده‌رفه‌تی ھیچ جۆره پێچ و پانهیهك به‌كه‌س نادات، بۆیه ئه‌وه‌ی لای ئێمه رووده‌دات، حه‌قیقه‌تێكی ساده‌یه‌و ھه‌موو نمایشێكی شانۆیی ناتوانێت له بینه‌ری وه‌ربگرێت، ئیتر ئێمه وه‌ك خۆمان بیردهكهینهوهو وه‌ك خۆمان ره‌فتار ده‌كه‌ین و ئیحساسهكانمان گوزارشت له ھه‌ناسه‌و لێكدانه‌وه‌و بیروبۆچوونی ئه‌و ساته‌مان ده‌كات و قابیلی ھه‌ڵبژارده‌و نواندن نییه.
ده‌رھێنه‌ر ئێمه ده‌خاته به‌رده‌م نواندنی چه‌ند ئه‌كته‌رێكی گروپه‌كه‌ی خۆی كه گروپی كانییه، ھه‌ر له‌و سه‌ربازه چاویڵكهڕهشهی ناو پاسه‌كه (كهژوان محه‌مه‌دی) كه گومانێكی گه‌وره ده‌خاته دڵی ھه‌مووان و كه‌س جورئه‌تی ئه‌وه ناكات ته‌نانه‌ت بیریش بكاته‌وه، تا تریفه‌ی كه‌ریمییان، ئه‌و خاتوونه چاوبهستراوهی كه به‌و چریكه درامییه‌ی ھه‌ست و نه‌ستمان پڕ ده‌كات له سه‌دای ئازار‌و ده‌نگدانه‌وه‌ی مه‌رگه‌سات، له ناوه‌ڕاستیشدا به‌ر (سمكۆ زوھرابی) ده‌كه‌وین، ئه‌و سه‌ربازه‌ی كه سه‌گه‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه، ئینجا (ره‌حیم عه‌بدوڵڕه‌حیم زاده ) كه خه‌ریكی ئه‌داكردنی كاره‌كته‌ری ئه‌و كوڕه بهندكراوهیه كه ھه‌میشه خه‌ریكی ژماره‌كانه له‌گه‌ل خاتوو (كه‌ژال موباره‌كی) كه ئه‌دای كاره‌كته‌ری دایكی كوڕه‌كه ده‌كات، ئه‌و ژنه قژسپییهی كه سه‌گه‌كه گازی له ده‌ستی گرتووه، دواتر (سه‌نه‌م قاره‌مانی) ئه‌و خاتوونه به‌ندكراوی كه به‌دیار روخساری سه‌ر زه‌وییه‌كه دۆشداماوه، له‌ولاوه‌ش رووبه‌ڕووی (سه‌عاده‌ت به‌ده‌وی) ده‌بینه‌وه، ئه‌و خاتونه‌ی كه به‌زنجیر كۆتكراوهو داوای ئاومان لێده‌كات، له فه‌زایه‌كی تردا له ژوورێكی تردا كۆده‌بینه‌وه كه ته‌نھا ئێمه له‌وێین، ئێمه‌و بێده‌نگی ژووره‌كه، ئێمه و ھه‌ست و نه‌ست و بیركردنه‌وه ئالۆزهكهمان، ئینجا ھه‌ریه‌ك له (سه‌عد قاره‌مانی) ئه‌و به‌ندكراوه رۆشهنفكرهی كه فه‌زای ژووره‌كه بارستاییه‌كه له كاغه‌ز و پیت، دواتر (ئێران ئه‌حمه‌د پوور) ئه‌و ژنه‌ی كه ھاتووه له ژووره‌كه سه‌ردانی مێرده‌كه‌ی بكات و سه‌ربازه‌كه سه‌ودای شتی تری له‌گه‌ل ده‌كات.
ده‌رھێنه‌ر ئێمه ده‌خاته به‌رده‌م فۆرم و فه‌زای نواندنی ئه‌م ئه‌كته‌ره داھێنه‌رانه له‌نێو ئه‌و فه‌زا ئارتۆییهی كه دروستیكردووه، له‌به‌رامبه‌ردا ئێمه ئه‌گه‌رچی ده‌بین به كاره‌كته‌رێكی نێو نمایشه‌كه، به‌ڵام ده‌رفه‌تی نواندنمان نییه، ئێمه ناتوانین بیر له دیالۆگ و جولهكانمان بكه‌ینه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌كته‌رێك له‌سه‌ر رێنمایی ده‌رھێنه‌رێك ده‌یكات، ئێمه دهجولێین و قسه ده‌كه‌ین و ئیحساس ده‌كه‌ین و ھه‌ست به جۆره‌ھا ھه‌سته‌وه‌ری دژوار ده‌كه‌ین و له‌سه‌ر روخسارمان ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام ھه‌موو ئه‌مانه‌ی ئێمه ئیحساسی راسته‌قینه‌ن، نواندن نین، ئێمه ده‌رفه‌تمان نییه بیر له تیۆرییه‌كه‌ی ستانسلافسكی بكه‌ینه‌وه‌و ھهستهكانمان له ناوه‌وه به به‌كاربردنی یاده‌وه‌ره ھهڵچووهكانمان دروست بكه‌ین، ناتوانین وه‌ك برێخت ھاوسه‌نگییه‌ك له‌نێوان ھه‌ست و عه‌قڵ دروست بكه‌ین، ئێمه قسه ده‌كه‌ین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێویسته ئه‌و قسه‌یه بكه‌ین، خه‌مبار ده‌بین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ناخه‌وه خه‌مبارین، ئاو ده‌ده‌ین به سه‌عاده‌ت خانم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نازانین ده‌بێ چی تر بكه‌ین، ده‌ترسیین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گومان خه‌ریكه ناخمان داگیر ده‌كات، تووڕه ده‌بین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناتوانین به‌زمانی خۆمان قسه بكه‌ین، بێده‌نگ ده‌بین له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ترسێك قسه له قوڕگمان ووشك ده‌كات، ئێمه ئه‌وه‌ین، ئه‌وانه‌ی ده‌یكه‌ین و ئه‌وانه‌ی نایكه‌ین، گوزارشته له ئێمه.
وێنه‌ی نێو ژووره‌كان:
یه‌كێك له گرنگترین فۆرمه‌كانی نمایشی زمانی كوێستانی ره‌حیم عه‌بدوڵڕه‌حیم زاده، پاراستنی فه‌زاو ته‌كنیكی تێكسته شانۆییه‌كه بوو، ده‌رھێنه‌ر ئه‌گه‌رچی ده‌سكاری تێكسته‌كه‌ی كردووه‌و كۆمه‌ڵێك ئه‌كته‌رو دیمه‌ن و لۆكه‌یشنی تری بۆ زیاد كردووه، به‌ڵام ھه‌وڵیداوه فۆرمی گشتی تێكست و ته‌كنیك و فه‌زای سایكۆلۆژی تێكسته‌كه ره‌سه‌نه‌كه له‌به‌رچاو بگرێت و ئه‌و دیمه‌نه زیادكراوانه ھه‌مان سیما‌و ته‌كنیكی داڕشتنی تێكسته‌كه ره‌سه‌نه‌كه‌ی ھه‌بێت، ھه‌رچه‌نده به‌لای منه‌وه ئه‌و دیمه‌ن و سكانسانهی كه زیادكراون، زیاتر فۆرمێكی ریالیستییان وه‌رگرتووه‌و به‌شێك له‌و چه‌مكه گرنگانه‌ی كه تێكسته‌كه‌ی تیا بونیادنراوه، له‌م دیمه‌نه تازانه ئاماده‌یی به ھێزی نییه، وه‌ك بێده‌نگی و دیالۆگی كورت و به‌ریه‌كه‌وتنی سوریاڵی كاره‌كته‌ره‌كان، به‌ڵام به ھه‌رحاڵ ره‌حیم ھه‌وڵیداوه خۆی له كۆمه‌ڵێك وێنه‌و گوتاری راسته‌وخۆ بپارێزێت و نمایشه‌كه نه‌كاته رووبه‌رێكی فڕێدانی دروشم و بزواندنی ھه‌ستی ساده‌و نه‌زۆك، بوونی ئه‌م جیاوازییه‌ش له چنینی دیمه‌نه ره‌سه‌نه‌كانی تێكسته‌كه‌و دیمه‌نه زیادكراوه‌كان ، كارێكی نۆرماڵه‌و چونكه سه‌خته ده‌رھێنه‌ر بتوانێت وه‌ك پینته‌ر به‌و ته‌كنیكه شانۆییه به‌رزه بنووسێت، یا ره‌نگه مه‌به‌ستیشی نه‌بووبێت و له ھزری ئه‌وه‌دا بووبێت نمایشه‌كه‌ی له گوتاری تێگه‌یشتن و به‌ركه‌وتن ساده‌تر بكاته‌وه له‌و گوتاره قوڕسه‌ی كه تێكسته‌كانی پینته‌ر له‌سه‌ریان بیناكراوه، ته‌نانه‌ت ده‌رھێنه‌ر گۆڕانكاری ریشه‌یی له دیمه‌نه‌كانی پینتهریش كردووه‌و ھه‌وڵیداوه په‌نا بۆ سیمبولیزم ببات و له‌رێگه‌ی ئاماژه‌و سیمبوڵه‌وه گوتاری نمایشه‌كه‌ی به بینه‌ر بگه‌یه‌نێت، بۆ نمونه له ژووری یه‌كه‌م كاتێ به‌ندییه‌كه خه‌ریكی ژماردنی ژماره‌یه، ئاماژه‌یه‌كی روونی ده‌رھێنه‌ره بۆ به‌رگریكردن و ته‌سلیم نه‌بوون له رێگه‌ی عه‌قله‌وه، چونكه ئیدراكی عه‌قل زیاتر به چه‌مكه بیركارییه‌كان پێوانه ده‌كرێت، بۆ نمونه كه كه‌سێك له بێھۆشی ھه‌ڵده‌ستێته‌وه یا له نه‌خۆشخانه‌ی ده‌روونی تێست ده‌كرێت، یه‌كه‌م فاكته‌ر بۆ جێگیری و سه‌لامه‌تی عه‌قل و ئیدراك، ژماره‌كانه، یه‌كسه‌ر به ئاماژه‌ی ده‌ست ژماره‌كانی لێده‌پرسن، بۆیه باشترین به‌ره‌نگاربوونه‌وه بۆ ھه‌ر سیسته‌مێكی داگیركه‌ر، ئه‌وه‌یه تۆ ھزرو ئیدراكی خۆت له‌ده‌ست نه‌ده‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ش بكه‌یت زۆر پێویستت به ژماره‌كانه تا به‌ھۆیانه‌وه مێشك بپارێزێت و تووشی داڕمانی عه‌قڵی و ده‌روونی نه‌بیت.
له‌لایه‌كی تره‌وه به‌كاربردنی ئه‌و ژووره به‌تاڵه وه‌ك یه‌كێك له ژووره‌كانی زیندان ئاماژه‌یه‌كی به‌ھێزه بۆ ئه‌و زیندانه فراوانه‌ی كه ھه‌موومان تیاییدا بهندكراوین، ده‌رھێنه‌ر له رێگه‌ی به‌كاربردنی ئه‌م ژووره‌وه بینه‌ر ده‌خاته به‌رده‌م پرسیارێكی گه‌وره كه ھه‌ڵگری گومانێكی گه‌وره‌تره، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه زیندان ھه‌یه‌و زیندانی تیا نییه، كه‌واته تۆ چیت له‌نێو ئه‌و ژووره؟، بێگومان وه‌ڵامه‌كه روونه كه زیندانییه‌كه ئێمه‌ین، ئێمه‌ین كه پێمانوایه ئازادین و له‌و زیندانه بێئاگایین كه تیاییدا خزاوین، ھه‌ندێكجار ھه‌ندێ ئیحساس و ھه‌سته‌وه‌ری درۆینه ھه‌یه وا له مرۆڤ ده‌كات كه ئیدراكی حه‌قیقه‌تی خۆی نه‌كات، ئه‌م ژووره بۆ ئێمه ئاوێنه‌یه‌ك بوو كه ھه‌موومان فۆرمێكی تری جیاوازی خۆمانمان تیادا دیته‌وه.
سكانسێكی تر كه به‌لای منه‌وه ئیزافه‌یه‌كی گرنگ بوو بۆ نمایشه‌كه‌و فاكته‌رێك بوو بۆ جیاواز بوون له شێواز‌و فۆرمی ده‌ربڕین له نمایشه‌كه، ئه‌و ژووره بوو كه تریفه‌ی كه‌ریمی ئه‌دای كاره‌كته‌ری ئه‌و ژنه‌ی تیادا ده‌كرد، كه چاوه‌كانی دهرھێنراوهو ده‌می پڕ له خوێن بوو، له‌م ژووره‌دا ھیچ دیالۆگێك نییه، ته‌نھا ئه‌و ده‌نگه دراماتیكییه نه‌بێت كه تریفه له‌شێوه‌ی ئاھاتێكی درامی پڕ له ئازار‌و تووڕه‌یی ده‌ریده‌بڕێت، ئه‌م ده‌نگه ھاوتای ئه‌و ده‌نگانه‌یه كه ھه‌میشه له تێكسته‌كانی پینته‌ر له نه‌سته‌وه ھه‌ڵده‌قوڵێن، لێره‌دا ده‌نگه‌كان ده‌چنه قۆناغێكی تر‌و سنووری ووشه ده‌به‌زێنن و ده‌بن به ده‌نگی ئازار، ده‌نگی مانه‌وه، ده‌نگی ژیان، كه ده‌توانن ژووره‌كه پڕ بكه‌ن له وێنه، وێنه‌ی جۆراو جۆر، ده‌نگێك له‌سه‌رووی تێگه‌یشتنه‌وه گوتار له‌گه‌ل رۆح ده‌كات و جه‌سته‌ی جێھێشتووه.
له‌ڕووی نواندنه‌وه جیاوازییه‌كی زۆر له ئه‌دای ئه‌كته‌ره‌كان ده‌بینرێت، ھه‌ندێكیان تا سه‌ر ئێسقان رۆچووی نێو واقیعییهتن و ھه‌وڵده‌ده‌ن قه‌ناعه‌تت پێبكه‌ن كه ئه‌وان به‌شێك له‌و زیندانه‌و ئازاره‌كانیان و ھهڵسوكهوتهكانیان تا سه‌رئێسقان راسته‌قینه‌یه، وه‌ك سه‌عاده‌ت به‌ده‌وی و سه‌نه‌م قاره‌مانی و كهژوان محه‌مه‌دی و سمكۆ زوھرابی، ئه‌دای ئه‌م ئه‌كته‌رانه ئه‌وه‌نده ئه‌دایه‌كی ستانسلافسكییانهیه كه ھیچ گومانێكمان لانهمێنێت كه ئه‌وه‌ی لێره رووده‌دات واقیعه و ھیچ نمایشێكی شانۆیی لێره به‌ڕێوه‌ناچێت، به‌تایبه‌تی ئه‌داكردنی كهژوان و سه‌عاده‌ت خان، له نواندنی ئه‌م دوو ئه‌كته‌ره، ئه‌كته‌ر ئاماده‌یی نییه‌و ئه‌وه‌ی كه ده‌بینرێت كاره‌كته‌ره و به‌س، سه‌عاده‌ت خان به‌جۆرێك سۆز‌و ئیحساسمان ده‌جولێنێت، ھه‌موومان ووندهبین و نازانین ئێمه كێین و چیده‌كه‌ین، ته‌نانه‌ت كه‌سێكمان ده‌كه‌وێته سه‌رچۆك و قودره‌تی جوله‌و قسه له‌ده‌ستده‌دات، ھیچ گومانێكی لانامێنێت كه ئه‌وه‌ی ده‌یبینێت واقیعه‌و ژنێكی سته‌ملێكراوی به‌ندكراو، له‌نێو كۆمه‌ڵه زنجیرێك گیریخواردووه‌و بۆ قومێك ئاو خه‌ریكه ووشكدهبێتهوه، بهھهمانشیوه كهژوان له ئه‌دای كاره‌كته‌ری سه‌ربازه‌كه به ته‌واوی نغرۆ ده‌بێت و ئیحساسی ئه‌وه‌ی لادروست ده‌بێت كه ئه‌و سه‌ربازێكی پاسه‌وانی به‌ندیخانه‌یه، له به‌رامبه‌ردا ئه‌دای ھه‌ریه‌ك له ره‌حیم و تریفه‌و سه‌عدو ئێران جۆرێكی تره، ئهدایهكه ته‌سلیمی سۆز‌و ئه‌ندیشه نابێت و ھهستدهكهین رووبه‌رێك ھه‌یه له‌نێوان ئه‌كته‌رو كاره‌كته‌ر، ئهدایهكه نزیكتر له‌و ته‌كنیكه ئاوێته‌یه‌ی كه تێكسته‌كانی پینته‌ر پێكده‌ھێنن و دوورتر له‌و ئه‌دا واقیعییه ھهستبزوێنهی كه بینه‌ر له‌ڕووی سۆزه‌وه ده‌سته‌مۆ ده‌كه‌ن و ھێزی بیركردنه‌وه‌و تێڕوانینی لێده‌سێننه‌وه، به‌تایبه‌تی ئه‌دای ره‌حیم و تریفه.
تریفه‌ی كه‌ریمییان له ئه‌داكردنی ئه‌م كاره‌كته‌ره، ئاوێته‌یه‌كی ھاڕمۆنی له‌نێوان ده‌نگ و ئیحساس و جوله دروستده‌كات، له‌و ژووره‌دا ھه‌ست به سیحری ده‌نگ ده‌كه‌ین، ده‌نگ لێره زمانێكی جیاوازه‌و ده‌توانێت ئه‌و ووشه‌و رستانه دروست بكات كه زمان توانای دروستكردنییانی نییه، ده‌نگ له‌م ژووره‌دا ووشه‌و رسته‌كان له ھه‌سته‌وه ده‌چنێت و رووبه‌ری پیت و رێزمان ده‌به‌زێنێت، ده‌نگ له فاكته‌ری ئاگادركردنه‌وه و گه‌یشتن ده‌بێته ئایكۆنی دروستكردن و به‌ریه‌ككه‌وتن، بۆیه ھه‌ڵبژاردنی ریزبه‌ندی ژووره‌كان به‌و شێوه‌یه كه ژووره‌كه‌ی تریفه دواژوور بێت، ده‌لاله‌تی دانایی ده‌رھێنه‌ره، چونكه ده‌زانێ له‌و ژووره لیڤڵی وێنه‌و فۆرمه دراماتیكییه‌كان ده‌چێته قۆناغێكی به‌رزو تریفه ده‌توانێت به‌م چریكه درامییه، فۆرم و سه‌دای ھه‌موو ژووره‌كان ئاوێته‌ی یه‌كتر بكاته‌وه‌و له ھاوارێكی درامی به‌رزدا بینووسێتهوهو كۆتاییه‌كه‌ی به‌ھێزو كاریگه‌ری نمایشه‌كه‌ی تیادا وێنا بكات.
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.