Erbil 8°C دووشەممە 25 تشرینی دووەم 23:54

(دوژمنی گه‌ل) له‌ هه‌ولێر نمایش ده‌کرێت

یه‌كێك له‌ به‌ناوبانگترین ده‌قه‌كانی نووسه‌ری مه‌زنی نه‌روێژی (هینریك ئیبسن)
کوردستان TV
100%

شاكارێكی شانۆیی نووسه‌ری جیهانی (هینریك ئیبسن ١٨٢٨ - ١٩٠٦) كه‌ به‌ باوكی شانۆی ریالیزمی داده‌نرێت، له‌ شاری هه‌ولێر كاری ده‌رهێنانی بۆ كراوه‌ و نمایش ده‌كرێت، ئه‌ویش شانۆگه‌ریی (دوژمنی گه‌ل)ـه‌، له‌م شانۆگه‌رییه‌دا كه‌ ژماره‌یه‌كی فراوانی به‌شدارانی له‌خۆ گرتووه‌، ده‌سته‌یه‌ك له‌ شانۆكاره‌ گه‌نجه‌كانی شاری هه‌ولێر رۆڵه‌كان به‌رجه‌سته‌ ده‌كه‌ن و كاره‌ هونه‌رییه‌كان راده‌په‌ڕێنن.

سه‌باره‌ت به‌م نمایشه‌، ده‌رهێنه‌ری كورد (ئه‌رسه‌لان ده‌روێش) ده‌ڵێت: شانۆگه‌ریی (دوژمنی گه‌ل) كه‌ له‌ساڵی ١٨٨٢دا بڵاو بووه‌ته‌وه‌ له‌ رێگای بابه‌تی پیسبوونی ئاوی شارێكی باكوری رۆژهه‌ڵاتی نه‌رویژه‌وه‌، پرسی نغرۆبوونی ویژدانی خه‌ڵك له‌ نێو زه‌لكاوی به‌دمۆڕاڵی و پشت له‌ راستیكردن و ملدان بۆ سته‌م وچه‌واشه‌كاریی ده‌سه‌ڵاتداران ده‌خاته‌ روو. (ئیبسن) له‌م شاكاره‌یدا بوێرانه‌ په‌رده‌ له‌سه‌ر دیارده‌ی گه‌نده‌ڵی هه‌ڵده‌ماڵێ و بانگه‌شه‌ بۆ زه‌رووره‌تی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ده‌كات ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی تاكه‌كه‌سیش بێت! تا ئه‌و ئاقاره‌ ده‌ڕوات كه‌ بڵێت: (به‌هێزترین مرۆڤ له‌ جیهاندا، ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌ به‌ته‌نها ده‌جه‌نگێت)، ئێمه‌ش له‌ میانه‌ی بایه‌خدان به‌ كه‌لتووری شانۆی جیهانی، نه‌خاسمه‌ ئه‌و تێكستانه‌ی كه‌ به‌ركه‌وتنی له‌گه‌ڵ واقیعی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و رامیاریی كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا هه‌یه‌، پێمان په‌سه‌ند بوو وه‌ك (تیپی شانۆی سالار) ئه‌م كاره‌ كه‌ چه‌ندین جار پێشتر له‌ كوردستاندا نمایش كراوه‌، له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختدا به‌ پشتیوانی (به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هونه‌ری شانۆ)ی سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی رۆشنبیری هه‌ولێر له‌  وه‌زاره‌تی رۆشنبیریی و لاوان پێشكه‌ش بكه‌ین.

ktv

ئه‌رسه‌لان ده‌روێش وتیشی: له‌م ده‌رفه‌ته‌دا وێڕای سپاس بۆ ئه‌و پشتیوانییه‌ی (به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هونه‌ری  شانۆی هه‌ولێر)، سوپاسی ته‌واوی ستافی به‌شداربوو ده‌كه‌م كه‌ له‌ هه‌لومه‌رجێكی یه‌كجار سه‌ختدا به‌ هۆی نه‌بوونی هۆڵی شانۆیی شایسته‌ له‌ شاره‌كه‌دا و ئاریشه‌گه‌لێكی زۆر بۆ ئه‌م جۆره‌ كاره‌ گه‌ورانه‌، خۆنه‌ویستانه‌ ئه‌م به‌رهه‌مه‌یان سه‌رپێ خستووه‌ بۆ به‌ر دیده‌ی بینه‌رانی ئازیز.. هه‌روه‌ها جێی خۆیه‌تی سپاسی (په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی هه‌ولێر) و به‌شی شانۆكه‌ی بكه‌م بۆ ته‌رخانكردنی هۆڵی ره‌وانشاد (مامۆستا فه‌رهاد شه‌ریف) بۆ كاره‌كه‌مان. به‌و هیوایه‌ین كه‌ بینه‌رانی ئازیزو خامه‌ ماندووكانی بواری نووسینی هونه‌ریی بایه‌خ به‌م هه‌وڵه‌ خاكه‌ڕایه‌مان بده‌ن و به‌ ئاماده‌بوونیان و به‌شداریكردنیان له‌ نمایشی (دوژمنی گه‌ل)ـدا..

ktv

جێگه‌ی باسه‌، شانۆگه‌ریی (دوژمنی گه‌ل) یه‌كێك له‌ به‌ناوبانگترین ده‌قه‌كانی نووسه‌ری مه‌زنی نه‌روێژی (هینریك ئیبسن)ـه‌، كه‌ له‌م كاره‌دا ده‌سته‌یه‌ك له‌ شانۆكاره‌ گه‌نجه‌ ئه‌كادیمییه‌كان به‌شداری ده‌كه‌ن و كاره‌ هونه‌رییه‌كانی ڕاده‌په‌ڕێنن، رۆڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندان (به‌همه‌ن حاجی، مه‌ولان حه‌مه‌ده‌مین، وه‌یلان سدیق، یوسف یوسفی، محه‌مه‌د تاهیر، یاسین عومه‌ر، سیما مسته‌فا، زیاد كه‌ریم) به‌رجه‌سته‌ ده‌كرێت، هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك ئه‌كته‌ری تر به‌شدارن له‌وانه‌ (زه‌هره‌ نه‌جات، هۆزان كاروان، نه‌ورۆز عه‌لی كه‌مال، بنیاد فه‌رحان، دیمه‌ن تاهیر، هاوكار خدر، محه‌مه‌د حه‌مه‌، شه‌نیارمحه‌مه‌د ، عه‌لی كه‌مال، گه‌رمیان گلی ، باوان كه‌یفی ، یارا ئه‌رسه‌لان ، ره‌هێڵ هه‌ورامان) هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندان (دانا محه‌مه‌د وه‌ك یاریده‌ده‌ری ده‌رهێنه‌ر، كۆمه‌ڵێك به‌هره‌ی تازه‌ ده‌ركه‌وتوو كاره‌ هونه‌رییه‌كانی (دیكۆر و روناكی و موزیك و ده‌نگ ) ئه‌نجام ده‌درێت، په‌یمانگای هونه‌ره‌جوانه‌كانی هه‌ولێریش به‌ هۆڵه‌ شانۆییه‌كه‌ی (فه‌رهاد شه‌ریف) پشتیوانیی كاره‌كه‌ ده‌كات و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندی دووره‌وڵات (هاوده‌م ساڵح جاف) له‌ نه‌رویژییه‌وه‌ ده‌قه‌كه‌ی وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی شیرینی كوردی، كه‌ بڕیاره‌ له‌ رێكه‌وتی ٩ی ئه‌یلووله‌وه‌ رۆژانه‌ كاتژمێر ٥ی ئێواره‌ له‌ په‌یمانگای هونه‌ره‌ جوانه‌كانی هه‌ولێر نمایش بكرێت.

 ئا/ ئومێد بابان

كوردستان تیڤی/ كامران

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.