ن/ سه‌باح شێخانی
(كه‌مانچه ڕه‌شه‌كه)، ڕۆمانێكی نووسه‌ری فه‌ڕه‌نسی (ماكسێنس فێرمین)ه، ئازاد به‌رزنجی له فارسییه‌وه كردوییه به كوردی جگه له‌م ڕۆمانه، هاوكات وه‌رگێڕ دوو ڕۆمانی دیكه‌ی هه‌مان ڕۆماننووسی به‌نێوی ڕۆمانه‌كانی (به‌فر) و (هه‌نگه‌وان) كردووه به كوردی.
"كه‌مانچه ڕه‌شه‌كه" له 141 لاپه‌ڕه‌ی قهبارهبچووك پێك هاتووه، ڕۆمانه‌كه، له سێ به‌شی سه‌ڕه‌كی و ده‌یان به‌شی كورت كورت پێكهاتووه، كه هه‌ر به‌شێكیان دیمه‌نێك له دیمه‌نه‌كانی ڕۆمانه‌كه‌مان بۆ ده‌خاته ڕوو، له (كه‌مانچه ڕه‌شه‌كه)دا كار له‌سه‌ر موزیك، مێژوو، واقیع، هونه‌ر، عیشق و فه‌نتازیا ده‌كات، باس له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی هه‌ژده و سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی نۆزده ده‌كات كه چۆن دوو ئینسان"یۆهانز كارلسكی و ئیراسمۆس" خۆیان بۆ دروستكردن و ژه‌نینی كه‌مانچه ته‌رخان ده‌كه‌ن.
پرسیار ئه‌وه‌یه بۆچی ڕۆماننووس نێوی له ڕۆمانه‌كه‌ی ناوه"كه‌مانچه ڕه‌شه‌كه"، به خوێندنه‌وه‌ی ورد و ته‌واوی ڕۆمانه‌كه ئه‌و نهێنییه‌مان بۆ ئاشكرا ده‌بێت، ئه‌وه‌تا یۆهانز ئاشنامان ده‌كات به سه‌رسوڕهێنه‌ریی ئه‌م كه‌مانچه‌یه (ڕاستییه‌كه‌ی به‌لای یۆهانزهوه نه "گراپا" سه‌رنجڕاكێش بوو و نه شه‌تره‌نج، كاتێكیش له باره‌یانه‌وه ئه‌دوا، به ته‌نها له‌به‌ر دڵی پێره‌مێرده‌كه بوو.
له سه‌رێكی تره‌وه، مۆسیقا به‌لای ئه‌مه‌وه شتێكی سیحراوی بوو. ئه‌و كه‌مانچه ڕه‌شه‌ی كه به سه‌رووی مێزی كاری كابرای بهساڵاچووشهوه هه‌ڵواسرابوو، هه‌رگیز كه‌مانچه‌یه‌كی له‌م چه‌شنه‌ی نه‌دیبوو، كه‌مانچه‌یه‌كی وه‌ها ڕه‌ش، وه‌ها ناسك و وه‌ها جوان... له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا، شتێكی تیا بوو ده‌بووه مایه‌ی شڵه‌ژانی مرۆڤ. ئه‌م كهمانچهیهی له چاوی ئه‌مدا زیندوو ده‌ینواند. ل53) ڕۆمانه‌كه به ده‌سپێكێكی جوان و سه‌رنجڕاكێش ده‌ست پێ ده‌كات (یۆهانز كارلسكی كه‌مانچه‌ژه‌نێك بوو، بگره له‌وه‌ش زیاتر! یۆهانز بلیمه‌تێكی بێهاوتا بوو و سه‌وداسه‌ری نووسینی ئۆپێرایه‌ك بوو كه جوانترین ئۆپێرای گشت سه‌رده‌مه‌كان بێت.
ل(11) كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیی"یۆهانز كارلسكی"ه، ئه‌و، هه‌ر منداڵییه‌وه خولیایه‌كی سه‌یر و سه‌رشێتانه‌ی بۆ كه‌مانچه هه‌یه و خه‌ون به‌وه‌وه ده‌بینێت ببێته گه‌وره‌ترین كهمانچهسازی ته‌واوی سه‌رده‌مه‌كان و جوانترین ئۆپێرای دونیا به نۆته بنووسێت (خۆشه‌ویستی یۆهانز بۆ كه‌مانچه، له عیشقێكی شێتانه ده‌چوو. ل12)، هێشتا ته‌مه‌نی پێنج ساڵان بوو عیشقی بۆ كه‌مانچه تیا ڕسكا و له ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵیدا یه‌كه‌مین كۆنسێرتی خۆی پێشكه‌ش ده‌كات (له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا، ناوبانگی كه‌مانچه‌ژه‌نه‌كه دونیای گرته‌وه. له ته‌واوی هۆڵه‌كانی پاریس‌دا پرسیارێك كه‌وتبووه سه‌ر زمانی خه‌ڵك: یۆهانز كارلسكی، ئه‌م مناڵه سه‌یروسه‌مه‌ره‌یه كێیه؟ ل19) ئه‌م ژیانه پڕ ناوبانگه‌ی یۆهانز به كۆچی دوایی دایكی كۆتایی پێدێت (ئه‌و ژیانه پڕناوبانگهی ده ساڵی خایاند، تا دایكی كۆچی دوایی كرد. به له ده‌ستدانی دایكی ئه‌و تاقه داوه دهزووهش پچڕا كه یۆهانزی به دونیای واقیعه‌وه ده‌به‌سته‌وه. ل22) هه‌ندێك جار ڕۆژگار به جۆرێكی دیكه چاره‌نووسی مرۆ دیاری ده‌كات به‌ڵام یۆهانز له هه‌موو قۆناغ و وێستگه‌كانی ژیانی هه‌میشه هانای بۆ كه‌مانچه‌كه‌ی بردووه (ساڵان تێپه‌رین، یۆهانز بۆ دابینكردنی گوزه‌رانی به ڕۆژ وانه‌ی مۆسیقای ده‌وته‌وه و شه‌وانیشی بۆ ئاوازدانان ته‌رخان ده‌كرد. ل23)، كاتێك جه‌نگ هه‌ڵده‌گیرسێت ئه‌ویش دهنێڕنه به‌ره‌كانی جه‌نگ و له‌وێ بریندار ده‌بێت، ئاوازی جه‌نگ هه‌میشه كوشتن و برین و گیڤه‌ی گولله‌یه، به‌ڵام كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كیی ڕۆمانی كه‌مانچه ڕه‌شه‌كه، له‌وێش هانا بۆ كه‌مانچه‌كه‌ی ده‌بات، ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌ی ژیان و گه‌ردوون له جه‌نگدا له ده‌ستی ده‌دات، ئه‌و به موزیك قه‌ره‌بووی بكاته‌وه (یه‌كه‌م شه‌و له‌ژێر چادره‌كه‌دا كه‌مانچه‌كه‌ی هه‌ڵگرت و ده‌ستی به ژه‌نین كرد. هه‌ڤاڵه‌كانی سه‌یریان ده‌كرد. جه‌نگ به‌لای ئه‌وانه‌وه ئاوازێكی تری هه‌بوو. ل37) یۆهانز كاتێك له ساختومانێكی په‌ڕپووتی كابرایه‌كی به‌ساڵاچوودا به‌نێوی "ئیراسمۆس" نیشته‌جێ ده‌بێت، بۆی ده‌رده‌كه‌وێت هه‌مووان وه‌ك یه‌ك سه‌یری شه‌ڕ ناكه‌ن، هێدی هێدی كه‌مانچه‌ی ڕه‌ش، یوهانز و ئیراسمۆس ده‌كاته ئاشنای یه‌كتر، ئیراسمۆس خاوه‌نی سێ شتی به‌نرخ بوو، یه‌كێك له‌وانه كه‌مانچه‌یه‌كی ڕه‌ش بوو، له گفتوگۆی نێوان ئه‌م دووانه‌دا، بۆمان ڕوون ده‌بێته‌وه ئه‌و كه‌مانچه ڕه‌شه‌ی ئیراسمۆس چۆن كه‌مانچه‌یه‌ك بووه (ئه‌مه سه‌رسوڕهێنه‌رترین كه‌مانچه‌یه تا ئێستا بینیبێتم. نه‌سیمێك به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی بیلهرێنێتهوه. ئاوازه‌كه‌ی هێنده نامۆیه، گه‌ر بۆ تاقه جارێكیش بیبیستیت بۆ هه‌تاهه‌تایه ده‌تگۆڕێت. ل54) ئیراسمۆس له‌و خانووه‌كه‌یدا كارگه‌یه‌كی دروستكردنی كه‌مانچه هه‌یه كه پێشتر ماڵباتی "سترادیڤاری" دایانمه‌زراندووه و ئه‌و شاگرد بووه لایان، دوای مه‌رگی "ئا‌نتۆنیۆ سترادیڤاری" ئیتر كارگه‌كه بۆ ئیراسمۆس ده‌مێنێته‌وه، كارگه‌ی كه‌مانچه دروستكردنهكهیش له شاری "كریمۆنا"یه كه زادگای كه‌مانچه‌یه. ناوبانگی كه‌مانچه‌ی كارگه‌ی" سترادیڤاری" به‌ته‌واوه‌تی ئه‌ورووپادا بڵاو ده‌بێته‌وه (له‌و ڕۆژگاره‌دا ئه‌وه‌ی ناو و پله و پایه‌یه‌كی هه‌بووایه، حه‌زی ده‌كرد خاوه‌نی كه‌مانچه‌یه‌ك بێت. ل77) كۆنت فێرینزی داوا ده‌كات باشترین جۆری كه‌مانچه بۆ "كارلا"ی كچی دروست بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك دیاری پێشكه‌شی كچه‌كه‌ی بكات (ئه‌مه‌وێ كهمانچهیهكم بۆ دروست بكه‌یت، ئه‌وه‌ش بزانه كه من باشترین جۆری كه‌مانچه‌م ده‌وێت. ل87) ئیراسمۆس به‌لێن ده‌دات كه كه‌مانچه‌یه‌ك دروست بكات نموونه‌ی نه‌بێت و هه‌موو هه‌وڵ و توانای خۆی بۆ ده‌خاته كار (سوێند ئه‌خۆم تا كه‌مانچه‌یه‌كی وا دروست نه‌كه‌م كه ده‌نگی له ده‌نگی ئه‌و و ڕه‌نگی له ڕه‌نگی چاوی ئه‌و بچێت، واز له كاركردن نه‌هێنم. ل122) ڕۆمان ده‌بێت ڕه‌نگدانه‌وه‌ی واقیع بێت، یۆهانز سی و یه‌ك ساڵی پێویست بوو تا توانی ئۆپێراكه‌ی خۆی بنووسێت. ڕۆژێكیان كه دوا نۆته‌كانی ده‌قی ئۆپێراكه‌ی داده‌نا، هه‌ستی كرد هه‌موو ماندووێتییهكانی به فیڕۆ ده‌چێت چونكه كه‌سێك نه‌بوو بتوانێ وه‌ك "كارلا فێرینزی" بیچرێت، له‌مه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌وین نه ده‌وڵه‌مه‌ندی و نه هه‌ژاری ده‌زانێت و نه له سه‌واد و بێ سه‌واد ده‌پێچێته‌وه. ڕۆماننوس به شێوه‌یه‌كی هونه‌ری كۆتایی به ڕۆمانه‌كه‌ی ده‌هێنێت (ئه‌و شه‌وه كه له گه‌رمه‌ی خه‌ودا بوو، ماڵئاوایی له ژیان كرد و به‌وپه‌ڕی ئارامییه‌وه له دونیای خه‌ونه‌كانییه‌وه به‌ره‌و ئه‌و دونیا چوو. هه‌رگیز كه‌سیش نه‌یزانی كه ئه‌و یه‌كێك بوو له بلیمه‌ته‌كان. ل141) وێڕای ده‌ستخۆشی له به‌رانبه‌ر وه‌رگێڕان و چاپكردنی ئه‌م به‌رهه‌مه ناوازه‌یه، به‌ڵام له وه‌رگێڕانه‌كه‌یدا، كرداره ڕانهبردووهكانی به (ئه)ی نووسیوه وه‌ك (ئه‌دات، ئه‌تبینم، ئه‌گۆڕا، ئه‌ژیام، ئه‌مه‌وێ، ئه‌چێت، ئه‌زانێت و ئه‌خۆم) كه دروستتر وابوو به (ده) بنووسێت. ماكسێنس فێرمان له كۆتایی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، به ڕۆمانی "به‌فر" ده‌ست به ژیانی هونه‌ری ده‌كات. تا ئێستا چه‌ندان ڕۆمانی نووسیوه و، بۆ گه‌لێ زمانی دونیا وه‌رگێڕدراون.
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.