لەتیف شێخ عومەر وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، سەبارەت بە وتەكانی مەحمود سەنگاوی، لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، ئەو وتانە گوزارشت لە هەڵوێستو سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناكات.
دەقی روونكردنەوەكە...
بەهەموولایەكی رادەگەیەنین، ئەو ووتانەی هەڤاڵ مەحمود سەنگاوی كە بڵاوكراوەتەوە، گوزارشت لە هەڵوێست و سیاسەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ناكات.
ئێمە سەرەرای رێزی تایبەتیمان بۆ كاك مەسعود بارزانی، پەیوەندییەكی دۆستانەی مێژوویی كۆمان دەكاتەوە. ئێستایش بەپەرۆشەوە، پێكەوە هەنگاو بۆ پتەوكردنی ئەو پەیوەندییە دەنێین و هەر دوێنێش لەمیانی كۆبونەوەی وەفدی دانوستانكاری هەردوولاماندا، جەخت لەسەر پێویستی فەراهەمكردنی كەشێكی ئارام و هێورو دۆستانە كرایەوە، تا بتوانین پێكەوە بە یەكگرتووی رووبەرووی مەترسیەكان ببینەوەو، پەلە بكەین لە تەواوكردنی پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی رێكەوتنەكانی نێوانماندا.
دیسانەوە دووپاتی دەكەینەوە، كە تەنها لێدوانو ووتەكانی ووتەبێژی رەسمی یەكێتی گوزارشت لە ڕاو بۆچوونو هەڵوێستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات.
لەگەڵ رێزدا...
وتەبێژی رەسمی مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
18/6/2019
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.