Erbil 15°C چوارشەممە 03 تەمووز 16:13

چوونی عومڕەکاران بۆ سعوودیە لەسەدا 60% زیادیکردووە

ئەمساڵ تاوەکو ئێستا 16هەزار و 500 کەس گەشتیان کردووە
کوردستان TV
100%


سەرەڕای درەنگ هاتنی مووچە چوونی خەڵک بۆ گەشتی عومرە بەردەوامە، ساڵانە لەگەڵ دەستپێکی وەرزی عومرە کە لە سەرەتای مانگی 12 دەستپێدەکات تاوەکو کۆتایی مانگی ڕەمەزان بەردەوام دەبێت، ژمارەیەکی زۆری عومرەکاران سەردانی سعودیە دەکەن.

ئەمساڵ ژمارەی عومرەکاران لەسەدا 60% زیادیکردووە

شێخ قاسم ڕەسوڵ، سەرۆکی دەستەی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: ئەمساڵ لەگەڵ باش بوونی دۆخی دارایی حکومەت و خەڵک ڕێژەی عومرەکارانیش بەبەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادیکردووە.  بەجۆرێک ساڵی ڕابردوو 9هەزار و 865 کەس گەشتی عومرەیان کردووە، ئەمساڵ تاوەکو ئێستا 16هەزار و 500 کەس گەشتیان کردووە، بۆیە پێشبینی دەکەین لەسەدا 60% زیادبێت. ئاماژەی بەوەشدا: لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی عومرەکاران داهاتیش زیاد بووە، بەجۆرێک ساڵی ڕابردوو 383 هەزار دۆلار داهاتمان هەبووە، ئەمساڵ پێشبینی دەکرێت داهاتەکە دووهێندە بێت. 

عومرەکاران 50 دۆلار دەدەن حکومەت

جگە لەپارەی عومرە هەر عومرەکارێک 50 دۆلاری لێوەردەگیرێت، لەو بڕەش ئەوانەی لەڕێگەی هێڵی ئاسمانی عێڕاقی گەشت دەکەن 25 دۆلاری بۆ حکومەتی عێڕاقە و 25 دۆلاریش بۆ هەرێم، ئەوانەشی لەڕێگەی هێڵەکانی دیکە گەشت دەکەن پارەکە بۆ دەستەی گشتی حەج و عومرە دەبێت.


ڕێژەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە زیادیکردووە

بەپێی داتاکانی دەستەی گشتی حەج و عومرە تا دێت ژمارەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە زیاد دەبێت، بەجۆرێک ئێستا نزیکەی 300 کۆمپانیای حەج و عومرە هەن، ساڵی ڕابردوو 62 کۆمپانیا ڕێگەیان پێدراوە عومرەکاران بگوازنەوە، ئەمساڵ تەنیا 52 کۆمپانیا ڕێگەیان پێدراوە. 

حاجی سەدرەدین سیرینی، خاوەنی کۆمپانیاکانی ڕوەیدە و موسلم کە لە باب و باپیرانەوە ئەو کارەی بۆ ماوەتەوە دەڵێت: ساڵانە خواست لەسەر گەشتی عومرە زیاد دەبێت، بەجۆرێک ساڵی ڕابردوو 1000 کەس لەڕێگەی کۆمپانیاکانمان گەشتیان کردووە، ئەمساڵ تاوەکو ئێستا 1500 کەس گەشتیان کردووە، لەوڕێژەیە لەسەدا 55% یان ئافرەتن. حاجی سەدرەدین، لەبارەی نرخەکان ڕایگەیاند:" بەبەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئەمساڵ بەهۆی زۆربوونی ڕێژەی کۆمپانیاکان، نرخ دابەزیووە، بەجۆرێک ساڵی ڕابردوو نرخی عومرە لەنێوان 850 بۆ 950 دۆلار بوو، ئەمساڵ، 640 بۆ 750 دۆلارە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی - سیامەند کەریم

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.