شه‌هید له‌یلا قاسم، ساڵی 1952 له گوندی بامیلی سه‌ر به شاری خانه‌قین له خێزانێكی ھه‌ژار و نیشتمانپه‌روه‌ری كورد له‌دایك بووه. له‌یلا قاسم بۆ یه‌كه‌مجار له ساڵی 1958 له شاری خانه‌قین چووه‌ته به‌ر خوێندن و قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تایی و دواناوه‌ندی له‌و شاره ته‌واو كردووه. له‌یلا له ساڵی 1971دا له به‌شی كۆمه‌ڵناسیی كۆلێژی ئادابی زانكۆی به‌غدا وه‌رگیراوه، وه‌ك هه‌ر كوردێكی نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ر، زوڵم و زۆرداری رژێمی عێراق له‌سه‌ر گه‌لی كورد، بیری ئازادیخوازانه و خه‌بات و تێكۆشانی له‌لای له‌یلا قاسم دروست كردوه.
له سه‌ره‌تای ساڵه‌كانی 1970 كه گه‌لی كورد له باشووری كوردستان به قۆناغێكی ھه‌ستیاردا تێپه‌ڕ ده‌بوو، له‌یلا قاسم و هه‌ڤاڵانی، سه‌رباری نكۆڵیكردنی رژێمی به‌عس له ھه‌بوونی گه‌لی كورد، ئه‌وان سووربوون له خه‌بات و تێكۆشان بۆ به‌ده‌ستھێنانی مافه‌كانی گه‌له‌كه‌یان. له ئاداری 1974دا دوای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ و ھێرشكردنه‌وه‌ی رژێمی عێراق بۆسه‌ر ناوچه‌كانی كوردستان، رژێمی به‌عس ده‌ستیكرد به راگوێزانی ھه‌زاران كورد و بۆردومانكردنی ھه‌ردوو شاری قه‌ڵادزێ و ھه‌ڵه‌بجه و راوه‌دونان و گرتنی رۆشنبیران و قوتابیان و ئازادیخوازانی كورد.
ده‌زگا ھه‌واڵگرییه‌كانی رژێمی به‌عس له رۆژی 28-4-1974، له‌یلا قاسم و چوار له هه‌ڤاڵانی (جه‌واد ھه‌مه‌وه‌ندی، نه‌ریمان فوئاد مه‌ستی، حه‌سه‌ن حه‌مه‌ڕه‌شید و ئازاد سلێمان میران) له ئه‌نجامی ھه‌ڵمه‌تێكی به‌رفراوانی ھێزه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانی رژێم له به‌غدا ده‌ستگیر كران.
له‌یلا قاسم له وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای ھه‌واڵگری به‌عس له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا بێباكانه گوتی: "به كوشتنی من ھه‌زاران كورد له خه‌وی نه‌زانی هۆشیار ده‌بنه‌وه، زۆر خۆشحاڵ و سه‌ربه‌رزم كه گیانم فیدای رێی رزگاری كوردستاندا ده‌كه‌م".
رژێمی به‌عس به مه‌به‌ستی چاوترساندنی لاوان و قوتابیان و توێژی رۆشنبیری كورد و گه‌لی كوردستان، به خێرایی دوای ده‌ستگیركردنیان حوكمێكی نادادوه‌رانه‌ی دژ به له‌یلا قاسم و هه‌ڤاڵانی دا و بڕیاری له‌سێداره‌دانی بۆ ده‌ركردن.
كاتژمێر 7ی سه‌رله‌به‌یانی رۆژی 12-5-1974، له‌یلا قاسم و ھه‌ر چوار هه‌ڤاڵه‌كه‌ی له‌سێداره‌دران.
كۆمه‌ڵێك له چاپه‌مه‌نییه‌كانی ئه‌وسای جیھان، ھه‌واڵی له سێداره‌دانی "له‌یلا قاسم"یان وه‌ك له‌سێداره‌دانی یه‌كه‌م ژن له مێژووی سیاسی عێراقدا بڵاوكرده‌وه.
هه‌زاران سڵاو له گیانی پاكی شه‌هید له‌یلا قاسم و هه‌ڤاڵانی و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی رێگای رزگاری كورد و كوردستان.
سه‌رچاوه/ Kurdistan CT
كوردستان تیڤی / كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.