Erbil 15°C چوارشەممە 03 تەمووز 23:30

وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا چەند بڕیارێکی گرنگیاندا

بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیری پەروەردەو خوێندنی باڵا
کوردستان TV
100%


له‌راگه‌یاندراوێكى هاوبه‌شدا هه‌ردوو وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا ڕایده‌گه‌یه‌نن ، بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیری پەروەردەو خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەسەر چەند پرسێکی گرنگ ئەنجامدرا.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر ئەم تەوەرانەی خوارەوە درا:

تەوەری یەکەم: قوتابیانی خوێندنی ئیسلامی تا ڕادەیەکی باش هاوشێوەی قوتابیانی دیکە لە کۆلێژەکانی یاسا و شەریعە و سەرجەم کۆلێژە مرۆڤایەتییەکان و زمانەوانییەکان وەربگیرێن. ئەمەش دوای کۆبوونەوەی لێژنەی هاوبەشی هەردوو وەزارەت، ڕێنمایی پێ دەردەچێت.

تەوەری دووەم: بە پێی توێژینەوەیەک، بڕیار دەدرێت کە بۆ ساڵی خوێندنی ئایندە، لەو قەزایانەی کۆلێژی پەروەردە هەیە، قوتابیانی ئەو ناوچانە وەربگیرێن بۆ ئەوەی لە ئایندەدا لە خودی خەڵکی ناوچەکە ببنەوە بە مامۆستا و کێشەی میلاکیان نەبێت.

تەوەری سێیەم: پەرەی زیاتر بە پەروەردە وخوێندنی تایبەت بدرێت و کار لەسەر وەرگرتنی زەمالە لە دەرەوەی وڵات بکرێت تا لەسەر ئەرکی هەردوو وەزارەت قوتابی بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن.

تەوەری چوارەم: گرنگی زیاتر بدرێت بە باخچەی منداڵان لە کۆلێژەکان بۆ ئەوەی پسپۆڕ لەو بوارەدا پەروەردە بکرێن.

تەوەری پێنجەم: پلانی نوێ بۆ وەرگرتن لە کۆلێژەکانی ئێوارانی پەروەردە و پەروەردەی بنیات دابنرێت بۆ ئەوەی بە پێی پێویستی وەزارەتی پەروەردە قوتابی زیاتر لە بەشە زانستییەکان وەربگیرێن و هاوکار بن بۆ میلاکی وەزارەتەکە.

تەوەری شەشەم: هەوڵ بدرێت دەرەنجامی ئەزموونەکانی وزاری پۆلی دوانزەی ئامادەیی لە کاتی خۆیدا بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بنێردرێت بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن و وەرگرتنیان لە زانکۆکان دوا نەکەوێت.


دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.