ن/ حه‌یده‌ر عه‌بدولره‌حمان
واتێ بگه‌م راسته‌وخۆ بچینه نێو كرۆكی بابه‌تی شانۆگه‌ری ( باوك) باشتره‌و و دوو سێ قسه له سه‌ر ئه‌و نمایشه بكه‌ین، ئه‌وه‌نده له سه‌ر تێكسته‌كه‌ی ئۆگیست سترانبیرگ ـ ی گه‌وره نووسه‌ری سویدی نه‌وه‌ستین ، چونكه فه‌لسه‌فه‌و ئامانجی شانۆیی (ئۆگیست سترانبیرگ ) وه‌ك خاوه‌ن میتۆدێكی سروشتی و واقیعی ، پێگه‌ی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه له بواری رۆمان و شانۆ و ئه‌ده‌بی جیهانی و پرسی ململانێی كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی، به تایبه‌ت دوای نمایش كردنی شاكاره مه‌زنه‌كه‌ی ( باوك ) كه زۆرینه‌ی شانۆكانی جیهانی هه‌ژاندووه.
ئۆگیست سترانبیرگ ـ ئه‌و نووسه‌ره بلیمه‌ته‌ی ئه‌ده‌ب و كولتوور‌و، شانۆی سویدی و شانۆی جیهانیی به هزرو رۆمان و به‌رهه‌مه به پێزه‌كانی ده‌وڵه‌مه‌ند كردووه، یه‌كێكه له سێ جومگه‌كانی وه‌ك چیخه‌ف و ئه‌بسن، كه پێشه‌نگی شانۆی نوێی جیهانی بوونه، تا سه‌ده‌ی بیسته‌م.
سترانبیرگ ساڵی 1887 ئه‌م شانۆگه‌ریه‌ی بڵاو كردۆته‌وه، كه یه‌كێكه له دیارترین ئه‌و شانۆگهریانهن له ئه‌ده‌بی جیهانیدا زۆر به تێر‌و ته‌سه‌لی به‌رجه‌سته‌ی ملمڵا نێ ی نێوان پیاوو ئافره‌ت ده‌كه‌ن، ناوداریهتێكی زۆری به هه‌ردوو شانۆگه‌ری سروشتی و ته‌عبیر ییه‌كانی وه‌ك ( باوك ) و (خاتوو جولیا ) و چه‌ند شانۆگه‌ری تر، ده‌رباره‌ی ملمڵانێی ئافره‌ت و پیاو په‌یدا كرد، دواتر بوو به پێشه‌نگی شانۆی ده‌روونی، به تایبه‌ت دوای نووسینی شانۆگه‌ری (خه‌ون و ئه‌قلی قوڵایی)
چمكی نمایشه‌كه‌ی (باوك) ی سترانبێرگ ، سه‌ربورده‌ی ( ئه‌دۆلف ) ی كابتنه، كه‌سێكی به مه‌عریفه‌و زانست په‌روه‌ره، ئه‌و پیاوه‌ی هه‌موو ژیانی بۆ بایه‌خ پێدان به توێژینه‌وه زانستیه‌كان ته‌رخان كردووه، به به‌رده‌وامی به دوای كتێبدا دهگهڕێنت و ماڵه‌كه‌ی پڕ كردووه له فه‌لسه‌فه‌و زانست، هاوسه‌رگیری له گه‌ڵ ( لۆرا ) ی خوشكی قه‌شه كردووه، بیست ساڵی ته‌مه‌نیان به یه‌كه‌وه به سه‌ر بردووه، كچێكیان كه‌وتۆته نێوان به ناوی (بیرتا) كه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی كێشه‌ی نێوانیان بووه.
لورا ـ ئاره‌زووی ئه‌وه‌ی ده‌كرد ( بیرتا ) له گه‌ڵیاندا بژی و فێری هونه‌ری ره‌سم كردن بێت، به‌ڵام ئهدۆلیفی باوكی به پێچه‌وانه‌وه ده‌یویست كچه‌كه‌ی لێیان به دوور كهوێتهوهو له گه‌ڵ ژنانی تر دابڕێ ، ببێت به مامۆستا،تا ئه‌گه‌ر هاوسه‌رگیریشی نه‌كرد، بتوانێت خۆی به‌ڕێوه ببات
كابتن له سه‌ر بیر‌و ڕاكه‌ی خۆی مكوڕه، چونكه خۆی به به‌رپرسی یه‌كه‌م داده‌نێ به‌رامبه‌ر به‌ئاینده‌ی كچه‌كه‌ی،
لورا ـ دڵگرانه به‌وه‌ی كابتن هه‌موو ئه‌و پاره‌و پووله بۆ كڕینی كتێب و توێژینه‌وه‌ی زانستی خه‌رج ده‌كات و دژایه‌تی ژنه‌كه‌ی ده‌كات بۆ په‌روه‌رده‌كردنی كچه‌كه‌ی.
ئه‌م كێشه‌یه‌ی په‌روه‌رده كردنی منداڵ و و رێكخستنی كاروباری نێو خێزان، كێشه‌ی سه‌ره‌كی مل مڵانێی نێوان ئه‌و ژن و مێرده بوو، ئه‌و كاته كابتن له پۆپه‌ی ده‌سه‌ڵات بوو، قسه‌ی یه‌كه‌م له‌و ئیمپراتۆریه‌ته بچووكه‌ی ماڵ، قسه‌ی ئه‌و بوو، به‌ڵام دواتر كه په‌تای گومان و رارایی رووی تێ كرد و هه‌ست و ده‌روونی داگیر كرد، به هۆی گومان كردن له‌وه‌ی بیرتا ـ كچی راسته‌قینه‌ی ئه‌و بێت و ژنه‌كه‌ی خیانه‌تی لێ نه‌كردبێت ، گومان ئهدۆلیفی كابتنی خسته قۆناغێكی ترسناك له ژیانیدا، ته‌نانه‌ت كاتێ پزیشك سه‌ردانیان ده‌كات ، لورای هاوسه‌ری ئه‌دۆلیف به شێت بوون له قه‌ڵه‌م ده‌دات، چونكه ئه‌دۆلیف گومان له‌وه ده‌كات كه بیرتا كچی ئه‌و بێت، به‌ڵام كاتێ پزیشك ده‌یبینێ ، زۆر پێی سه‌رسام ده‌بێت و رێز له توێژینه‌وه‌كانی ده‌گرێ ، ئه‌دۆلف وا له پزیشك ده‌گه‌یه‌نێت كه هۆكاری توڕه بوونی ئه‌وه‌یه خاوه‌ن كتێبخانهكات كه‌مته‌رخه‌من له ناردنی كتێب بۆ توێژینه‌وه‌كانی، ئه‌گه‌رچی چه‌ندین نامه‌ی بۆ ناردوون.
بۆیه پزیشك به لورا ده‌ڵێت كه ئه‌و هه‌ست به‌هیچ نیشانه‌یه‌كی شێت بوونی ئه‌دۆلیف ناكات، ئه‌و توێژینه‌وانه‌ش هه‌مووی نیشانه‌ی بیرمه‌ندی مێرده‌كه‌یه‌تی.
به‌ڵام (لورا) پێداگری ده‌كات له‌سه‌ر به شێت بوونی مێرده‌كه‌ی و داوای لێ ده‌كات چاوه‌ڕوانی بكات تا نیشانه‌كانی شێتی تیا ده‌رده‌كه‌وێت.
كاتێ كابتن له پۆسته خانه ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و ده‌زانی ژنه‌كه‌ی ناردنی هه‌ندێ نامه‌ی لێ قه‌ده‌غه كردووه، توڕه ده‌بێت ، ئه‌وه‌نده‌ی تر لورا دهیههژێنێ كه پێی ده‌ڵێ هه‌موو دۆست و براده‌رانی به شێت بوونی ئاگادار كردۆته‌وه و به‌م زووانه ده‌ست به سه‌ر سه‌رو سامانیدا ده‌گرێ
ئه‌دۆلیف ئاگاداری ژنه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌به‌ستی شێت كردنی بێت ، ئه‌وه پێش ئه‌وه‌ی ئه‌وه روو بدات خۆی ده‌كوژێت، به‌مه‌ش ئاواتی ده‌ست به سه‌ر داگرتنی قرۆشێكی بۆ نامێنێته‌وه له سه‌رو سامانه‌كه‌ی .له ئه‌نجامی ئه‌و روو به روو بوونه‌وه توند‌و تیژه ئه‌دۆلیف له حاڵه‌تێكی توڕه بووندا،چرایه‌كی هه‌ڵگیرساوی بۆ داوێ ..
(لورا) قه‌شه‌ی برای و پزیشك بانگ ده‌كا، بۆ ئه‌وه‌ی رووداوه‌كه‌یان بۆ بگێڕێته‌وه، بۆیه پزیشك داوا ده‌كات به زووترین كات بۆ چاره‌سه‌ر كردنی شێت بوونه‌كه‌ی ئه‌دۆلیف ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه بكرێت، داواش له مارگرێتی دایه‌ن ده‌كات كراسی شێتخانه‌ی له بهركات، به‌ڵام ئه‌و ره‌تی ده‌كاته‌وه.
(ئه‌دۆلیف) به ته‌نیا له ژووره‌كه‌ی خۆی داده‌نیشێ و ده‌رده دڵی خۆی ده‌كات، یادی ئه‌و ئافره‌تانه ده‌كاته‌وه كه له ژیانیدا خیانه‌تیان له گه‌ڵدا كردووه،
ئینجا (بیرتا)ی كچی دێته ژوور‌و له هۆكاری په‌لاماره‌كه‌ی باوكی ده‌پرسێ بۆ سه‌ر دایكی ..ئه‌ویش له تاو گه‌وره‌یی كاره‌ساته‌كه له‌ویش توڕه ده‌بێت و به بێ ئه‌وه‌ی ئاگای له خۆ بێت به ده‌مانچه هه‌ڕه‌شه‌ی لێ ده‌كات، بۆیه (بیرتا) هاوار ده‌كا كه باوكی شێت بووه.
دواتر (مارگرێت)ی دایه‌ن دێت و به ده‌م گێڕانه‌وه‌ی یادگاره كۆنه به چێژه‌كانی، به ئه‌سپایی كراسی شێتخانه‌ی له به‌ر ده‌كات و به‌و كراسه‌وه ده‌یبه‌ستێته‌وه، كابتن كه هه‌ست به به‌ستانه‌وه‌ی خۆی ده‌كات ، به گله‌ییه‌وه به مارگرێت ده‌ڵێت : تۆش مارگرێت ؟
ئه‌دۆلیف ـ تووشی داهێزران ده‌بێت و به ده‌م ئێش و ئازاره ده‌روونییه‌كانی، خه‌و دایده‌گرێ،كاتێ ده‌زانێ پاڵتۆكهیان له به‌ر كردۆته‌وه، كه ئه‌و به پێستی شێر ناوی ده‌بات، ده‌زانێ ئیدی هه‌موو شتێ به‌ره‌و كۆتایی هاتن ده‌چێت ، بۆیه داوا له مارگرێتی دایه‌ن ده‌كات، رانی بۆ بكاته سه‌رین، بۆ ئه‌وه‌ی پشوویه‌ك بدات و به ئارامی راده‌ستی مه‌رگ بێت.
به‌م دیمه‌نه كۆتایی به ئیمپراتۆریه‌تی كابتن دێت له ماڵه‌كه‌و ژنه‌كه سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت له به‌دی هێنانی خه‌ونه‌كانی و ده‌ست به سه‌رداگرتنی ده‌سه‌ڵات و سه‌رو سامانی كابتن.
سترانبیرگ نه‌یویستووه واقیع رتوش بكات، به‌ڵكو وێنه‌یه‌ك وه‌ك خۆی نیشان بدات، چونكه ئه‌و هه‌میشه مۆركی به ململانێ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه گرتبوو، به تایبه‌ت ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ی له ناو خودی خێزانه‌وه ته‌شه‌نه ده‌كه‌ن.
ململانێی ژن و مێرد له شانۆیی ( باوك ) دا ئه‌و دژایه‌تیه فیكری و كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیریی و ده‌روونی و په‌روه‌رده‌ییه‌یه، كه ده‌رهاوێشته‌ی زه‌مه‌نێكه لێواو لێوه له نیگه‌رانی و گومان و دوو دڵی ، له دوای روخانی خۆشه‌ویستی به ئه‌لته‌رناتیفی خۆپهرستیهتی و نهرگزیهت و ته‌ماعكاری
زه‌مه‌نێك نغرۆی گومانه، له بۆشاییه‌كدا كه مرۆڤ هه‌موو شتێك ده‌كات له پێناو سه‌پاندنی غه‌ریزه ئههریمهنیهكانی خۆی، ئه‌م گومانه له یه‌كه‌م رۆژی ناوك بڕانی مرۆڤایه‌تیه‌وه هه‌یه، تا ئه‌و ده‌مانه‌ش و دوای ئه‌و ده‌مانه‌ش ، به‌رده‌وام ده‌بێت.
له شانۆیی ( باوك) دا ئه‌و گوتاره‌ی سترانبیرگ بۆ سه‌رده‌می خۆی هه‌یبووه، ره‌نگه درێژه‌ی هه‌بێت بۆ زۆر له سه‌رده‌مه‌كانی دوای خۆشی، له سنووری كۆمه‌ڵگایه‌كی دیاری كراوه‌وه بپه‌ڕێته‌وه بۆ زۆر له كۆمه‌ڵگاكانی جیهان، له زه‌مه‌نێكه‌وه بۆ چه‌ندین زه‌مه‌نی تر.. بێ ئه‌وه‌ی سترانبیرگ به سنوورێكی جوگرافی و زه‌مه‌نێكی دیاری كراوه‌وه به‌سترابێته‌وه.
به هه‌مان شێوه‌ش ( باوك) ته‌نیا ئه‌و ره‌سمه نامێنێته‌وه كه سترانبیرگ كێشاویه‌تی ، له‌وانه‌یه ده‌رهێنه‌رێكی هۆڵه‌ندی له ره‌سمی باوكدا وێنه‌و چمكێكی تر هه‌ڵێنجێ، كه پێشتر به ره‌نگێكی تر نیشان درابێت، ده‌رهێنه‌رێكی كوردیش ، بۆی هه‌یه به‌و شێوه‌یه باوك نیشاندا كه له خه‌یاڵی ئه‌و دایه، گرنگ ئه‌وه‌یه ئه‌و داهێنه‌رێكی تر بیت جودا له‌وانی تردا
ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه یه، ده‌رهێنه‌ر ئاشنا به عاله‌می سترانبیرگ بێت و بزانێت ستایلی سترانبیرگ جیاوازی هه‌یه له گه‌ڵ ئه‌وانی تر، چونكه زۆر له‌وانه‌ی پێشتر ئاشنا به عاله‌می چیخه‌ف و ستایله‌كه‌ی نه‌بوونه، هه‌میشه شكستییان خواردووه، تۆ وه‌ك ده‌رهێنه‌ر پێویستیت به میتۆدی تایبه‌تی هه‌ر یه‌ك له‌وانه، كه له رێگه‌ی به به پراكتیك كردنی تیۆر‌و به پیشه بوونی شانۆییه‌وه ئاشنایان ده‌بیت، ره‌نگه كه‌م ده‌رهێنه‌ری كوردیش ئه‌گه‌ر ئه‌كادیمی و ده‌رهێنه‌رێكی پیشه‌یی نه‌بێت بتوانێت بچێته ناو دنیای هه‌ندێ له‌و بلیمه‌تانه‌ی كه میتۆد‌و ستایلی تایبه‌تی خۆیانیان هه‌یه
سترانبیرگ ، شێوازی سروشتی خۆی هه‌یه له شانۆدا، له پاڵ ئه‌ندریه ئه‌توان ، چیخه‌ف ، ئه‌بسن ، به دوای گه‌ڕان به دوای ئه‌شكه‌نجه‌و ئازاره‌كانی كۆمهڵگاو نهخۆشییهكانیدا ده‌گه‌ڕێن، بۆیه ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ش كه له‌و جۆره نمایشانه‌دا كار ده‌كه‌ن، ده‌بنه وێنه‌یه‌ك له‌و ستایله سروشتیه، ده‌بێت خۆیان دووره په‌رێز رابگرن له گوتار بێژی و دایه‌لۆژی راسته‌وخۆ و دوور له هاتو هاوارو جولانه‌وه‌ی زێده ڕۆیی.
ده‌رهێنان:
ده‌رهێنه‌ر( سدیق عه‌زیز) كه‌متر وه‌ك ده‌رهێنه‌ر به بینه‌ری كورد ئاشنایه، تا ئێستا هیچ بهرههمێكیمان له كوردستاندا نه‌بینییووه، ناشزانین له كوێوه چۆته ناو پیشه‌ی ده‌رهێنانی شانۆییه‌وه، به‌ڵام ئه‌ركی ئێمه گه‌ڕان به دوای ئه‌و باگ راوندهدا نیه، هه‌ڵسووكه‌وت له گه‌ڵ به‌رهه‌مێكی شانۆیی ده‌كه‌ین كه ئه‌و دهرهێنهرهكهیهتی، ئه‌و توانی وێنه‌یه‌كی ترمان له شانۆی واقیعی نیشان بداته‌وه ، به‌ڵام هه‌موو ئه‌زموونێكیش مه‌رج نیه له هه‌موو بۆشاییه‌ك به ده‌ر بێت،بۆیه من وا هه‌ست ده‌كه‌م شوێن په‌نجه‌ی هه‌ندێ خاڵی لاواز له‌سه‌ر پانتایی نمایشه‌كه‌دا ده‌بیندرێت ، له‌وانه:
1.رانه‌گرتنی هاوسه‌نگی له ریتمی نمایش، به هۆی چاره‌سه‌ر نه‌كردنی كێشه‌ی تێكست و دیالۆگی درێژ‌و دادڕ
2.لاوازی له بونیاتنانی ئه‌و دیمه‌نانه‌ی هه‌مه ره‌نگی له فۆرم دا دروست ده‌كه‌ن، نمایش رزگار ده‌كه‌ن له فۆرمی چه‌قیوو.
3. لاوازی له سینۆگرافیا و ستاتیكای شانۆیی و به‌جێ هێشتنی فه‌زای شانۆ به رووناكی و ره‌نگی كراوه‌و فلات، سوود وه‌رنه‌گرتن له ته‌كنیكی شانۆیی ، به تایبه‌ت بۆ نمایشێكی ده‌روونی و سایكۆلۆژی بۆ به‌رجه‌سته كردنی ناخی ئه‌كته‌ر به سینۆگرافیا، كه ره‌نگه هه‌ندێ جار نمایش هه‌ر ته‌نها جه‌سته‌و ئه‌دای ئه‌كته‌ر به‌س نه‌بێت بۆ ده‌رخستنی هه‌ندێ هێمای ده‌روونی.
4.له ده‌ست دانی چێژ به هۆی ریتمی چه‌سپاوو بۆشایی سینۆگرافیا، له هه‌ندێ دیمه‌ندا.
5.به گشتی ده‌رهێنه‌ر هه‌موو پشت به‌ستنێكی به ئه‌كته‌ر بوو، زۆرینه‌ی پێكهاته‌كانی دیكه‌ی فه‌رامۆش كردبوو، ره‌نگه ئه‌گه‌ر ره‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ی ستاتیكای شانۆیی كارا بوونایه، ئه‌وه نمایشه‌كه ئاستێكی تری وه‌رده گرت ، كه زۆر له‌وه‌ی ئێستا باشتر بێت.
6.كاتێ ده‌رهێنه‌ر بڕیاری بژاركردنی ئه‌و تێكسته‌ی دا، خۆی خسته به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی زۆر سه‌خت ، كه ره‌نگه هه‌موو ده‌رهێنه‌رێك ده‌ره‌قه‌تی نه‌یه‌ت، به هۆی پێداویستیه هونه‌رییه‌كانی ، كێشه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی ده‌رهێنه‌رێك كه خۆی له قه‌ره‌ی شانۆیی (دیالۆگ ) ده‌دات ئه‌وه‌یه، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌بێت دیالۆگ له چوارچیوه‌ی ته‌نیا وشه‌و رسته‌و ده‌سته‌واژه ده‌ربێنێ و بیخاته نێو چوارچیوه‌یه‌كی هونه‌ریی ئه‌وتۆ بینه‌ر دووچاری خاوبوونه‌وه نه‌كات، كاتێ بینه‌ر سه‌عات و نیوێك له سه‌ر كورسیه‌كی ره‌ق داده‌نیشێ ، له چاوهكانیشهوه چێژ وه‌رگرێ، خۆ بینه‌ر هه‌ر ته‌نها بۆ گوێ گرتن نایه‌ته هۆڵی شانۆیی ئه‌گه‌ر ره‌گه‌زه‌كانی تر نهیوروژێنن و هه‌ست به تێپه‌ڕبوونی كات نه‌كات.
بۆیه بینه‌ر چۆن پێویستی به بیستنه، زێتر له‌وه‌نده‌ش پێویستی به بینینه، خۆ ئه‌گه‌ر له نمایشی باوك دا به‌راوردی نێوان بیستن و بینین بكه‌ین، به روونی هه‌ست به له‌نگ بوونی هاوسه‌نگی ده‌كه‌ین و له‌وه به ئاگاین كه سێ به‌شی رووبه‌ری نمایش به دیالۆگ داگیر كراوه‌و ته‌نیا به‌شێكی بۆ چاو و ره‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ی وروژاندن ماوه‌ته‌وه.
ئه‌كته‌ر :
راسته هه‌ر پێكهاته‌یه‌كی شانۆیی كاریگه‌ری تایبه‌تی خۆیان به سه‌ر نمایشه‌وه هه‌یه، به‌ڵام هه‌ندێ له‌و پێكهاتانه جومگهیهكن له هه‌یكه‌لی شانۆیی دا،بۆ راگرتنی ریتمی نمایش .
ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی له باوك ـ دا ده‌ركه‌وتن به گشتی ئه‌كته‌ری پرۆفیشنالن و زۆرینه‌یان ئه‌زموونێكی ده‌وڵه‌مه‌ندییان هه‌یه چ له گه‌ڵ شانۆی كوردستان چ له گه‌ڵ شانۆی ئه‌وروپا، ئه‌م چانسه‌ی گرد بوونه‌وه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵه ئه‌كته‌ره به توانایه له ده‌وری ئه‌و نمایشه‌دا، بوون به فریاد ره‌زی نمایشه‌كه‌و رزگار كردنی له تاقیكردنه‌وه سه‌خته‌كه.
ده‌رهێنه‌ر له كاتی هه‌ڵسووكه‌وت كردن له گه‌ڵ ئه‌كته‌ری پرۆفیشنال و خاوه‌ن ئه‌زموون ، ئه‌ركه هونه‌رییه‌كانی ساناتر ده‌بێت ، له رووی وه‌رگرتن و له رووی ئیزافه‌ی نوێ له لایه‌ن ئه‌كته‌ره‌كان خۆیانه‌وه، به‌و ناوه‌ی كه ئه‌وان خاوه‌ن مه‌عریفه‌ن بۆ ناساندنی ستایلی كاركردن و ناسینی كاراكته‌ره‌كانی خۆیان، ئه‌گه‌ر دیقه‌ت بده‌یت ده‌بینی كه جگه له شه‌ماڵی عه‌به ره‌ش كه ئه‌و له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی به‌راورد پێكردن بوو، ئه‌وه زۆرینه‌ی كاراكته‌ره‌كانی دیكه، ئه‌كته‌ری ئاماده بوون ..ده‌كرێ بڵێن نمایشه‌كه نمایشی ئه‌كته‌ر بوو، چونكه ئه‌كته‌ر بوو به ئه‌لته‌رناتیف بۆ پڕ كردنه‌وه‌ی هه‌موو بۆشاییه‌كان، سه‌رچاوه‌ی چێژ لای بینه‌ر له پێرفۆرمانسی ئه‌كته‌ر دابوو، ئه‌گه‌ر شه‌ماڵی عه‌به ره‌ش دیارترین نیشانه‌ی نواندن بێت ، ئه‌وه خه‌رمان هیرانی ، سیروان جه‌مال، دلشاد ئه‌حمه‌د ، شادان فوئاد ، دییه عه‌لی و ئه‌وانی تر هه‌ر یه‌كه‌و به قه‌د رۆڵی خۆی كاریگه‌ری هه‌بووبه سه‌ر ئاستی نمایشه‌كه.
ئه‌كته‌ره‌كان له نێًوان خۆیاندا هێزیان به یه‌كتر ده‌به‌خشی، بۆ ئه‌وه‌ی ویًَڕای ئه‌و باره قورسه‌ی له دیالۆگدا له سه‌ر شانیان بوو، ریتمی نمایشه‌كه له ده‌ست نه‌ده‌ن .
شه‌ماڵی عه‌به ره‌ش كه هه‌موو پێكهاته‌كانی جه‌سته‌ی هه‌ر له ئه‌داو ئیلقاوه ، تا ده‌گاته سیما‌و روخساری سپی ره‌نگی، له‌و نمایشه‌دا شوێنه‌وارێكی له دوا تاقیكردنه‌وه‌كانی ته‌مه‌نی هونه‌ری خۆی به جێ هێشت، كه له‌و بڕوایه دانیم هیچ له ئه‌كته‌ره‌كانی شانۆی سترانبێرگی له ئه‌وروپا ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و ئه‌دا به‌رزو بڵنده‌ی بووبێت ، بۆیه هه‌ر كات ناوی نمایشی (باوك) بێت، ئه‌وه ئه‌و دیمه‌نه‌ی كۆتایی شه‌ماڵ به زاكیرهماندا دێته‌وه، جارێكی تر چێژێكی دیكه‌مان پێ ده‌به‌خشێته‌وه.
كوردستان تیڤی / كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.