Erbil 15°C دووشەممە 01 تەمووز 12:40

به‌رپرسێکى باڵای پێشمه‌رگه‌: گەشبینین بە رێکخستنەوەى یەکەى ٧٠ و٨٠ لە کابینەى نوێى حکوومەتدا

هەولێر و بەغدا پەرە بە پەیوەندییە سەربازییەکانى نێوانیان دەدەن
کوردستان TV
100%


بەڕێوەبەرى پەیوەندیی و هەماهەنگییەکان لە وەزارەتى پێشمەرگە، عەمید روکن هەژار عومەر رایگەیاند "لە ئایندەدا هەماهەنگییەکانى نێوان کۆلێژى ئەرکانى پێشمەرگە و کۆلێژى ئەرکانى هاوبەشی عێراق زیاتر دەبێت.

لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو، بەڕێوەبەرى پەیوەندیی و هەماهەنگییەکان لە وەزارەتى پێشمەرگە، عەمید روکن هەژار عومەر گوتى: رێککەوتن لە نێوان وەزارەتى پێشمەرگە و وەزارەتى بەرگریی عێراق کراوە، بۆ ئەوەى راهێنانى هاوبەش لە نێوان کۆلێژى ئەرکانى پێشمەرگە و کۆلێژى ئەرکانى هاوبەشی عێراق لە ئەکادیمیای زاخۆ ئەنجام بدرێت و راهێنانە هاوبەشەکان لە ئایندەدا زیاتر بکرێن.

گوتیشى: "لەئێستادا شاندێکى سەربازى کۆلێژى ئەرکانى هاوبەشی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی راگری كۆلێژ، لیوا روكن محەمەد عەبدولرەزاق و شاندی یاوه‌ری لە‌ مامۆستایان و قوتابیانی خولی ٧٩ی كۆلێژی ئه‌ركان پێکهاتوون لە هەولێرن، ئەم سەردانەیان وەک سەردانێکى زانستى ئەنجامداوە".

عەمید روکن هەژار عومەر دەڵێت "وەزارەتى بەرگریی عێراق و وەزارەتى پێشمەرگە بەڵێنى ئەوەیانداوە کە پەرە بە پەیوەندییەکانى نێوانیان بدەن و هەماهەنگییەکانى نێوانیان بەرەو قۆناغێکى باشتر ببەن، هەر لەم چوارچێوەیەدا کۆلێژى ئەرکانى هاوبەشی عێراق و کۆلێژى ئەرکانى پێشمەرگە لە چەند رۆژى داهاتوو دەست دەکەن بە راهێنانى هاوبەش".

دەشڵێت "بڕیارە شاندەکەى کۆلێژى ئەرکانى هاوبەشی عێراق سەردانى هەریەکە لە کۆلێژى ئەکادیمیاى زاخۆ و کۆلێژى ئەکادیمیاى قەڵاچوالان بکەن".

- "گەشبینین بە رێکخستنەوەى یەکەى ٧٠ و یەکەى ٨٠ى لە کابینەى نوێى حکوومەتدا"

بەڕێوەبەرى پەیوەندیى و هەماهەنگییەکان لە وەزارەتى پێشمەرگە باس لە رێکخستنەوەى یەکەى ٧٠ و یەکەى ٨٠ى هێزەکانى پێشمەرگە دەکات و دەڵیت "پێویستیمان بە سوپایەکى رێکخراو دوور لە سیماى حزبى هەیە، بۆ ئەم مەبەستە ٣٥ پڕۆژەى چاکسازیمان هەیە لە وەزارەتى پێشمەرگە، یەکێک لە پڕۆژەکان رێکخستنەوەى یەکەى ٧٠ و یەکەى ٨٠ى هێزەکانى پێشمەرگەیە".

عەمید روکن هەژار گوتیشى: "زۆر گەشبینین کە لە کابینەى نۆیەمى حکوومەت رێکخستنەوە لە هێزەکانى پێشمەرگە لە چوارچێوەی سوپایەکى رێکخراو بێتە ئاراوە، راوێژکارانى هاوپەیمانان لە پڕۆژەى رێکخستنەوەى یەکەى ٧٠ و یەکەى ٨٠ى هێزەکانى پێشمەرگە رۆڵیان هەیە".

سه‌رچاوه‌ - AA 
دانانى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.