Erbil 15°C دووشەممە 01 تەمووز 13:06

نێچیرڤان بارزانی و شاندێکی ئه‌مه‌ریکی دۆخی سیاسی و سه‌ربازیی ناوچه‌که‌ تاوتوێ ده‌که‌ن

چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و گفتوگۆ
کوردستان TV
100%

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نێوان نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و ویلیام ڕۆبۆك جێگری نێرده‌ی تایبه‌تیی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ هاوپه‌یمانیی دژی داعش و شاندێكی یاوه‌ری، چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ دۆخی سیاسی و ئه‌منیی ناوچه‌كه‌وه‌‌ و دوا پێشهاته‌كان، تاوتوێ كران.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ كه‌ ئێواره‌ی دوێنێ سێشه‌ممه‌ 23/4/2019 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو و ستیڤ ڤاگن كونسوڵی گشتیی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند به‌رپرسێكی حكوومه‌تی هه‌رێمیش تیایدا به‌شدار بوون، په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كان، قوربانیدانی هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش، به‌رده‌وامیی ڕاهێنانی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان به‌تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكاوه‌، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و تۆكمه‌كردنی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كان به‌تایبه‌تی له‌ بواری ئه‌منیدا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر  و توندوتیژی، باس كران.

تاوتوێكردنی بارودۆخی گشتیی ناوچه‌كه‌، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و گفتوگۆ، دوا هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پرۆسه‌ی سیاسیی له‌ عێراق، دۆخی ئێستای سووریا، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌، دووپاتكردنه‌وه‌ی دۆستایه‌تیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكا و په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.