ن/ جه‌مالی ده‌لاك
ئه‌ی به‌ندینخانه تاكه‌ی ئه‌مێنی لاوانی گه‌لمان له‌ناو خۆت ئهچێنی
لهشۆرشهكانی كورد دژ به‌داگیركه‌ران و ناحه‌زانی كوردستان ، شان به‌شانی پێشمه‌رگه نوسه‌ران و ڕۆشنبیران و شاعیران و هونه‌رمه‌ندان وه‌ك ئه‌ركێكی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی له‌به‌ره‌ی گه‌له چهوساوهكهیاندا بوون و به‌رهه‌میان خولقاندووه به خامه و هه‌ستی به‌رزیان ئه‌ده‌بی به‌رگریان بالاتر كرد و هونه‌رمه‌ندان یش به‌گه‌رووی كوردانه‌یان هونه‌ری به‌رگری گه‌لی كوردی‌یان پته‌و تر و به‌جۆشتر كردووه ، له هه‌موو قۆناغه‌كانی شۆرشی كورد هونه‌رمه‌ندانی ژه‌نیار و ده‌نگبێژ و سروود بێژ له‌ناو تیپه مۆسیقیه‌كان به‌وپه‌ڕی دلسۆزیی و له‌خۆبووردووییه‌وه بێ ووچان كاری هونه‌رییان تۆماركردووه .
ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه تیشكێك بخه‌مه سه‌ر سروودی ( ئه‌ی به‌ندینخانه ) ، به‌ڵام به‌رله‌وه‌ی بچمه سهرباسهكهم له‌نێو هونه‌ری به‌رگری نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا گه‌لێك سروود و مارش تۆماركراوون كه‌هه‌ریه‌كه‌یان بۆسه‌رده‌می خۆیی و ته‌نانه‌ت ئێستاش گرنگی خۆی هه‌یه‌و هه‌ریه‌كه‌یان پاشخانێكی هه‌یه كه پێویسته ئاماژه‌یان پێبدرێت و بیان كه‌ینه دۆكۆمێنت و سه‌رچاوه بۆ داهاتوو .
له‌سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٨٤كاتی دانوسانی نێوان ڕژێم و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ، له‌ڕێی تۆمارگای (پیرۆزه) له‌شاری سلێمانی گوێبیستی سروودێك بووم به‌ناوی ( ئه‌ی به‌ندیخانه) له‌گه‌ڵ یه‌كه‌م بیستندا ئه‌و سرووده له‌ڕوویی تێكست و میلۆدی و ده‌نگه‌وه راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر بیسه‌ر داده‌نا ، له‌به‌ر گرنگی سرووده‌كه و كاردانه‌وه‌ی تێكسته‌كه له‌سه‌ر ناخ و هه‌ستم له‌خاوه‌ن تۆمارگام پرسیی ئه‌و سروود بێژه كێیه ؟ به‌داخه‌وه هیچ زانیاری له‌سه‌ر نه‌بوو ته‌نها وتی ئه‌وه كاسێتێكه هه‌مووی سرووده به‌ناوی،( تیپی هونه‌ری چه‌وساوه‌كان ) بۆم هاتووه و بڵاوی ده‌كه‌مه‌وه ، ئه‌و پرسیاره بێ وه‌ڵامه له‌لا مایه‌وه تادوای ڕاپه‌ڕین ، زیاتر كه‌وتمه دوای وه‌رگرتنی وه‌ڵامه‌كه‌م تا بۆم ڕۆشن بۆوه ئه‌و سروود بێژه هونه‌رمه‌ند ( لالۆ ره‌نجده‌ر) ی ئازیزه و له‌نزیكه‌وه به‌خزمه‌تی گه‌یشتم ، به‌پێویستم زانی كه بكه‌ومه دووی و زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و سرووده وه‌ده‌ست بهێنم و له‌نزیكه‌وه كاكه لالۆ ره‌نجده‌ر بدوێنم و چه‌ند پرسیارێكی ئاراسته بكه‌م ، به‌وپه‌ڕی لوتفه‌وه وه‌ڵامی درووستی پێ به‌خشیم سه‌باره‌ت به‌سروودی ( ئه‌ی به‌ندینخانه) .
به‌ندینخانه ئه‌و شوێنه ئازار به‌خشه‌یه كه داگیركه‌رانی كوردستان بۆ كه‌سانی تێكۆشهرو ئازادیخواز و شۆرشگێڕی درووست كرووه و ژووره تاریكه‌كانی به‌ندیخانه شوێنی ئازاردان و شه‌هیدكردنی سه‌دان له‌رۆڵه‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مانه به‌ده‌ستی جه‌للاده خوێنمژه‌كانی داگیركه‌ر ، سروودی به‌ندیخانه‌ش باس له‌و ئازاره ده‌كات كه ڕۆڵه قاره‌مانه‌كانی گه‌له‌كه‌مان له زیندانه‌كانی به‌عسدا به‌دڕنده‌ترین شێوه ئازار ده‌دران و قاره‌مانانه ڕووبه‌ڕووی جه‌للاده‌كان ده‌بوونه‌وه ،
ئه‌گه‌ر خاوه‌نی تێكستی به‌ندینخانه خۆی قوربانییه‌كی ژووره تاریكه‌كانی به‌ندیخانه نه‌بووبێت حه‌تمه‌ن ئه‌و هه‌سته به‌رزه شۆرشگێڕییه و هیوا به‌دوارۆژی ڕۆشنی گه‌له‌كه‌ی نه‌بووبێت ناتوانرێت له‌زیندانه‌وه ئه‌و هۆنراوه به‌رزه بنوسێت و ڕۆژێك بێت به‌گه‌رووی خۆی بیچڕێت .
بۆئه‌و مه‌به‌سته لهلالۆ ڕه‌نجده‌ری سروود بێژم پرسیی ده‌كرێت بزانین تێكست و ئاوازی سروودی به‌ندیخانه هی كێن و ساڵی چه‌ند و له‌كوێ تۆماركراوه ؟
لالۆڕهنجدهر : من هه‌روه‌ك تاكێكی نه‌ته‌وه‌كه‌م هه‌میشه خه‌مم له‌وه ده‌خوارد كه بۆ ده‌بێت نه‌ته‌وه‌كه‌م خاوه‌نی ئه‌و هه‌موو جوانییه یه ، خاوه‌نی وڵات و ئاڵا و زمان و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووری خۆیه‌تی ، به‌ڵام به‌شمان داگیركاری و سه‌ركوتكردن و زینده به‌چاڵكردن و لاوه‌كانمان له‌ژووره تاریكه‌كانی زیندان توند ده‌كرێن ، به‌هه‌رحاڵ ساڵی ١٩٧٧ له‌هه‌یئه‌ی به‌عس زیندانی بووم له‌ژێر ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌للاده‌كانی به‌عس شانیان شكاندم و ئازارێكی زۆرم چه‌شت ، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ژێر ئه‌و هه‌موو فشاره ده‌روونی و جه‌سته‌ییه‌دا هیچم نه‌دركاند و له‌كۆتایی هه‌مان ساڵدا ئازادكرام ، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم له‌دوای شكاندنی شانم كه‌وتمه خه‌یاڵی ئه‌وه‌ی له‌ناخی پڕ ئازارمه‌وه شتێك بۆ ئه‌و چواردیواره پڕ ئازاره كه‌پێی ده‌وترێت به‌ندینخانه بنووسم ، به‌ڵی له‌زیندان ئه‌و هۆنراوه‌یه‌م نوسی .
دوای ئازادبوونم له‌ساڵی 1978 په‌یوه‌ندیم كرد به‌ڕیزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه به‌رگی پیرۆزی پێشمه‌رگایه‌تیم پۆشیی و له‌گه‌ڵ براو هاوڕێ پێشمه‌رگه‌كانم به‌رده‌وام له جه‌وله‌دا بووین له‌ناوچه ئازادكراوه‌كان و به‌رده‌وام به‌ده‌م ڕێوه سرووده نه‌ته‌وه‌یی و شۆرشگێرییهكانم ده‌ووت به‌گشتی و به‌تایبه‌تی سروودی ئه‌ی به‌ندینخانه .
له‌ساڵی ١٩٨٢ له‌گوندی بالیسان بۆیه‌كه‌م جار له‌گه‌ڵ ( تیپی هونه‌ری چه‌وساوه‌كان ) كه تیپێكی هونه‌ری به‌رگری گه‌ڕۆك بووین ، له‌وێ تۆمارم كرد ، واته هۆنراوه‌ی ( ئه‌ی به‌ندیخانه ) هۆنراوه‌ی منه‌و ده‌بێت ئه‌و ڕاستیه‌ش بڵیم كه دوو كۆپله‌ی سرووده‌كه ( شه‌هید شه‌ماڵی باخ ) بۆی زیادكرد ئه‌ویش ده‌ره‌ئه‌نجامی ئه‌و زامه پر سوێیه به‌و ڕووحه پر ئازاره‌وه كه ( دكتۆر ڕێبازی ) برای به‌دیل گیراو لهقهسابخانهكهی موسڵ له‌سێداره درا ، شه‌هیدكردنی براكه‌ی ببوه هه‌وێنی ئه‌و دوو كۆپله‌یه ، دووباره له‌ساڵی ١٩٨٣ له‌گه‌ڵ هه‌مان تیپی مۆسیقی له‌گوندی ( گۆپ ته‌په) ده‌شتی كه‌ركوك تۆمارمان كرده‌وه و به‌باشیی بڵاوكرایه‌وه .
سه‌باره‌ت به میلۆدییه‌كه‌ی ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵیم كه من سوودم له گۆرانیه‌كی هونه‌رمه‌ندی خۆشه‌ویست كاكه ( حه‌سه‌ن گه‌رمیانی ) وه‌رگرت گۆرانیه‌ك به‌ناوی ( زه‌رده‌ی ده‌م كه‌ل ) و هه‌ندێك ده‌ستكاریم كرد وهئاوازی ئه‌و گۆرانیه هی هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری گه‌وره مامۆستا ( خالید سه‌ركاره ) .
دوای ئه‌وه‌ی كه له زاری هونه‌رمه‌ند لالۆ ڕه‌نجده‌ره‌وه ناوی مامۆستا خالید سهركارم بیست ، ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندیم پێوه‌كرد سه‌باره‌ت به‌و ئاوازه و به‌ڕێزییان فه‌رمووی ، به‌ڵێ ئه‌وه ئاوازی منه و له‌ساڵی ١٩٧٣ له‌سه‌ر هۆنراوه‌ی ( زه‌رده‌ی ده‌م كه‌ل ) دامنا و ده‌بێ ئه‌وه‌ش بۆئێوه ڕوون بكه‌مه‌وه ئه‌و هۆنراوه‌یه ، هۆنراوه‌ی به‌ڕێز.
( فه‌تاح كه‌ریم ) ه ناسراو به ( كاوه ) ئه‌ندامی تیپی نواندنی سلێمانی بوو ، دواتر هونه‌رمه‌ندی خۆشه‌ویست كاكه حه‌سه‌ن گه‌رمیانی زۆر به‌جوانی خوێندی و بووه جێی سه‌رنج و ڕه‌زامه‌ندی گوێگرانی ده‌نگی كاك حه‌سه‌ن گه‌رمیانی و تیپی مۆسیقای سلێمانی .
پرسیارم ئاراسته‌ی هونه‌رمه‌ند لالۆ ڕه‌نجده‌ر كرده‌وه و وتم ئێوه به‌ده‌نگه پر جۆشهكهتان ئه‌و سروودهو چه‌ندین به‌رهه‌می سروودی ترتان له‌گه‌ڵ ئه‌و تیپه مۆسیقیه تۆماركرد ، ئایا ناوی هونه‌رمه‌نده ژهنیارهكانت له‌یاد ماوه پێم باشه خوێنه‌ران له‌لایان رۆشن بێت ئه‌و ده‌ست و په‌نجه زێرینانه به‌و هه‌سته نیشتمانی و كوردانه‌وه له‌ناوچه ئازادكراوه‌كان هاوكارتان بوون بزانێن كێن ؟
من لێره جارێكی تر سپاس و ستایش و ڕێزم بۆ هه‌موو ئه‌و هونه‌رمه‌نده ژه‌نیاره خۆشه‌ویستانه له‌و ڕۆژگاره سه‌خته‌دا هه‌موو كات هاوكارمان بوون ده‌ست و په‌نجه‌و هه‌ستی به‌رزی هونه‌ری ئه‌وان بوون كهئێمهیان زیاتر هان ئه‌دا به‌رده‌وام بین و كاری نوێ بخوڵقێنین ، هه‌روه‌ها سپاس و حورمه‌ت بۆ هه‌موو ئه‌و ئازیزانه‌ی هاوكارمان بوون ، ئه‌وه‌ی له‌یادم مابێت ئه‌و هونه‌رمه‌نده خۆشه‌ویستانه له‌گه‌ڵماندا كاری هونه‌رییان ده‌كرد وه‌به‌تایبه‌ت له‌سروودی به‌ندینخانه‌دا .
( مامۆستا مه‌جید خۆشناو ژه‌نیاری كه‌مان بوو ، مامۆستا قه‌مبه‌ر ژه‌نیاری كه‌مان ، سیار بامه‌ڕنی ژه‌نیاری گیتار ، مامۆستا محه‌مه‌د ژه‌نیاری گیتار خه‌ڵكی شارۆچكه‌ی دوكان بوو وه‌هه‌روه‌ها هه‌ندێك ژه‌نیاری خۆشه‌ویست و به‌توانا كهبهنهێنی له‌شاری سلێمانی یه‌وه هاتبوون بۆئه‌و كاته نه‌یانده‌ویست ناویان ئاشكرا بكرێت ) وه ئه‌وه‌ی لهیادما ماوه له‌و سروودهو سرووده‌كانی تردا كۆرسمان له‌گه‌ڵدا بوو ( شه‌هید سه‌ردار و شه‌هید كامه‌ران و چه‌ندپێشمه‌رگه‌یه‌كی ) تربوون ، به‌داوای لێبوردنه‌وه كه‌ناتوانم ناوی هه‌موویان بهێنم چونكه ته‌مه‌ن هه‌ڵكشاوه و له‌یادم نه‌ماون ده‌بێت به‌گه‌وره‌یی خۆیان بمبه‌خشن .
نزیكه‌ی ٤٢ ساڵ به‌رله‌ئێستا ئه‌و هۆنراوه‌یه له‌زیندانی به‌عسدا نوسراوه ، له‌وپه‌ڕی ووره به‌رزی و هیوا به‌خۆبوون و دڵنیابوون له هه‌ڵهاتنی خۆری ئازادی به‌و گه‌شبینییه‌وه شاعیر ده‌نگ هه‌ڵببڕێ و بڵێ :
بێشك بزانه ئه‌ی به‌ندینخانه
ئهتكهین به‌جێگه‌ی گوڵ و ڕه‌یحانه
له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه ئه‌و شوێنانه‌ی پێش ڕاپه‌ڕین جێی ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌دان و شه‌هیدكردنی ڕۆڵه چاونه‌ترس و قاره‌مانه‌كانی ئه‌م گه‌له بوون وه‌ك ( حامیه‌ی سلێمانی ، ئه‌منه سوره‌كه و سجنی گه‌وره‌ی سلێمانی ( پاركی دایك ) و شوێنی ئێستای پاركی شه‌هید سامی عه‌بدولڕه‌حمان و بێگومان له‌شاری دهۆكیش) به‌داخه‌وه یه‌ك كۆپله له‌و سرووده وه‌ك تابلۆیه‌ك دانه‌نراوه تا نه‌وه‌ی نوێ بزانن كهڕۆژگارێك بوو ئه‌م شوێنانه جێی ئازاردان و ئه‌شكه‌نجه‌دان بووه و ئێستا له‌سایه‌ی خوێنی پیرۆزی شه‌هیدان و ڕاپه‌ڕینی قاره‌مانانه‌ی گه‌له‌كه‌مان بۆ ته شوێنی پشوودان و ئارامكه‌ره‌وه‌ی ڕووحی ئینسانه‌كان ، لالۆی هونه‌رمه‌ندیش هاوڕای بۆچوونه‌كه‌ی من بوو ووتی :
كاتێك ئه‌و هۆنراوه‌یه‌م نوسیی له‌و شوێنانه‌ی تۆ ئاماژه‌ت پێدان ڕۆژانه گه‌نج و لاوی كورد له‌لایه‌ن جه‌للاده‌كانی به‌عسه‌وه ئازار و ئه‌شكه‌نجه ده‌دران وشه‌هید ده‌كران وه خۆشم یه‌كێكم له‌و قوربانیانه و له زینداندا ئه‌و بیرۆكه‌ی نوسینی هۆنراوه‌یه‌م له‌لادروست بوو ، كه‌چی به‌داخه‌وه تا ئێستا له‌هیچ شوێنێك له‌و باخ و پاركانه ته‌نها یه‌ك دێڕی ئه‌و هۆنراوه‌یه‌ی من به‌رچاو ناكه‌وێ ، هه‌ركات بیری لێده‌كه‌مه‌وه هه‌ست به ناهه‌قییه‌كی زۆر ده‌كه‌م كهبهرامبهرم ده‌كرێت وه دڵنیاش بن بێده‌نگییه‌كه‌م ته‌نها بۆئه‌و ڕه‌وشته به‌رزه‌ی كورد‌و كوردستان پهروهریهم ده‌گه‌ڕیته‌وه .
تا داگیر كه‌رانی كوردستان بوونیان هه‌بێت و تا زیندان و به‌ندینخانه‌كانی داگیره خوێنمژ و دژه مرۆڤه‌كانی كوردستان لێوڕیژبن له مرۆڤی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕی كورد ، سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب و سه‌رجه‌م سرووده‌كانی تر به‌گشتی و سروودی به‌ندینخانه به‌تایبه‌تی هه‌رده‌مێنن و به‌رده‌وام له‌گه‌رووی هونه‌رمه‌ندانی سروود بێژ و گه‌نج و لاوی كورد بهكوڕو كچه‌وه به‌ده‌نگی به‌رزی میلله‌تێكی مافخوراو ههردهوترێتهوه و ده‌درێت به‌گوێی ناحه‌زان و داگیركه‌رانی كوردستان .
تێكستی سروودی ئه‌ی به‌ندینخانه
ئه‌ی به‌ندینخانه تاكه‌ی ئه‌مێنی
لاوانی گه‌لمان لهناوخۆت ئهچێنی
وابووی به‌ژووری قوڵ و ته‌نگ نه‌فه‌س
له‌بۆ میلله‌تی هه‌ژارو بێ كه‌س
دیواره‌كانت هه وه‌ك پۆلایه
ژووره‌كه‌ت تاریك وا بێ چرایه
لێدانی قامچی نانی شه‌ومانه
په‌تی سێداره لهگهردنمانه
ئێش و ئازاری برینداری به‌ند
هه‌ڵئه‌گیرسێنێ ڕاپه‌رین و جه‌نگ
ڕاپه‌ڕینێكی شۆرشگێڕانه
بۆنه‌هێشتنی ئه‌و فاشستانه
بێ شك بزانه ئه‌ی به‌ندینخانه
ئهتكهین به‌جێگه‌ی گوڵ و ڕه‌یحانه
تێك ئه‌ده‌ین ده‌رگا و دیواره‌كانت
په‌ت ئه‌خه‌ینه مل جه‌للاده‌كانت
٩/٤/٢٠١٩ ساڵیادی ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عسی فاشست
كوردستان/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.