Erbil 15°C شەممە 18 ئایار 14:26

نێچیرڤان بارزانى شه‌سته‌هەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕۆژنامەی خەبات پیرۆز ده‌کات

له‌ په‌یامێكدا
نێچيرڤان بارزانى شه‌سته‌هەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕۆژنامەی خەبات پیرۆز ده‌كات
کوردستان TV
100%

نێچیرڤان بارزانى جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ په‌یامێكدا شه‌سته‌هەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕۆژنامەی خەبات پیرۆز ده‌كات و ئه‌مه‌ش ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

بەڕێزان، سەرنووسەر و سەرجەم ڕۆژنامەنووس و میدیاکار و کارمەندانی ڕۆژنامەی (خەبات)ی تێکۆشەر
سڵاو و ڕێز، 

بە بۆنه‌ی شه‌سته‌هەمین ساڵیادی دامەزراندنی ڕۆژنامەی (خەبات)ی ئازیزەوە، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم و ئومێدی بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.

کار و تێکۆشانتان بەوپەڕی هەستی بەرپرسیاریه‌تییەوە بۆ گەیاندنی پەیامی ئاشتیخوازانەی پارتی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و بەهێزکردنی بنەماکانی کولتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیان لەپێناو ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سەقامگیریی سیاسی و پێشکەوتنی گەل و نیشتیماندا، مایه‌ى ستایش و پێزانینە. 

(خەبات) خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییە و ناوێکی گەورە و دیاری نێو بزاڤی ڕۆژنامەگەریی کوردستان و بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستانە، دەیان ساڵە لە سەنگەری داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلەکەماندا تێدەکۆشێ و قوتابخانەی پێگەیاندنی چەندین کادیری لێهاتوو و بەتواناى ڕاگەیاندن و بڵندگۆی هەموو دەنگێکی ئازادیخواز، ئاشتیخواز و پێشکەوتنخواز بووە لە کوردستان. 

(خەبات) وەک زمانحاڵی پارتى دیموكراتى كوردستان هەمیشە بەوپەڕی هەستکردن بە بەرپرسیاریه‌تى و لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی گەل و نیشتیمانەوە، پەیام و گوتاری خۆی ئاراستە کردووە. 

لەم قۆناغە چارەنووسسازەی ئێستاشماندا وەک هەمیشە و وەک میدیایەکی نیشتیمانی، چاوەڕوانیی ڕۆڵێکی چالاک و کاریگەر لە (خەبات) دەکرێت بۆ جێگیرکردن و بەهێزکردنی پایەکانی ئاشتی و دیموکراسی و ئازادییە گشتییەکان لە کوردستان لەپێناو ئێستایەکی گەشاوە و ئایندەیەکی گەشتردا بۆ گه‌ل و وڵات و نەوەکانی داهاتوومان. 

دووبارە پیرۆزباییی ئەم یادەتان لێدەکەین و هیوادارین هەردەم لە سەرکەوتن و پێشەکەوتندا بن، سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم ئەو شەهیدە قارەمان و ڕەوانشادانەی کە بە ناو و بیر و بەرهەمەکانیان قۆناغ بە قۆناغ ڕۆژنامەی خەباتیان بەرەو بڵندی سەرخست، سڵاو لە سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و سەرفرازیی كوردستان. 

نێچیرڤان بارزانى، جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان
4ـی 4ـی 2019

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.