سهرۆك بارزانی پهیامێكی پیرۆزبایی ئاراستهی خوشك و برایانی كلدان سریان ئاشووریی كوردستان و عێراق كرد، بەبۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی تازەی بابلی ئاشووری و جەژنەكانی ئەكیتۆ. ئهمه دهقهكهیهتی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی هاتنەوەی سەری ساڵی تازەی بابلی ئاشووری و جەژنەكانی ئەكیتۆ، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی خوشك و برایانی كلدان سریان ئاشووریی كوردستان و عێراق دەكەم و هیوای شادی و بەختەوەرییان بۆ دەخوازم.
لەو بۆنەیەدا جەخت لە قووڵتركردنی كولتووری پێكەوەژیان و ئاشتی و برایەتی لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی كوردستان دەكەینەوە و بە تایبەت خوشك و برا مەسیحییەكان لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە كوردستان وڵاتی خۆیانە و نابێ زێدی باب و باپیرانی خۆیان جێ بهێڵن و پێویستە هەموومان وڵاتی خۆمان پێكەوە بەرەو پێشەوە ببەین.
ئومێدی ئەوەیش دەخوازم ئاوارە و پەنابەرەكان بەزووترین كات بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە پارێزگای نەینەوا و ناوچەكانی تر، هیوادارم ساڵی تازەتان پڕ بێ لە خۆشی و كامەرانی و هەموو جەژنەكانتان بە ئاشتی و ئاسوودەیی بە ڕێ بكەن.
مسعود بارزانی
31ـی 3ـی 2019
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.