دوانیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ شه‌ممه، كۆبوونه‌وه‌ی پەرلەمانی كوردستان ده‌ستپێكرد و تیایدا گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم كرا.
له دانیشتنی ئه‌مڕۆیدا په‌رله‌مانی كوردستان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ پێشنیازی كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان-عێراق و هه‌موارى شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تاپه‌سندكردنی ده‌ستوور كرد.
كاتژمێر 3ى پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2019/3/30، به سه‌رۆكایه‌تیی د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و مونا نه‌بى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (3)ى ئاسایی خولی به‌هاره له ساڵی یه‌كه‌می خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تاى دانیشتنه‌كه، له‌لایه‌ن مونا نه‌بى قه‌هوه‌چی، سكرتێرى په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه خوێندرایه‌وه كه بریتی بوو له خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می (پێشنیازی كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان-عێراق و هه‌موارى شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تاپه‌سندكردنی ده‌ستوور)، هه‌روه‌ها كۆنووسی دانیشتنی پێشوو و ناوى ئه‌ندامانى ئاماده‌نه‌بوو و مۆڵه‌تپێدراو خوێنرایه‌وه.
پاشان فراكسیۆنه‌كانی كۆمه‌ڵی ئیسلامى و نه‌وه‌ى نوێ و یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان خاڵی په‌یڕه‌وییان هه‌بوو به‌رامبه‌ر به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه به‌وه‌ى كه ئه‌وانیش چه‌ند پڕۆژه یاسایه‌كیان بۆ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان به‌رزكردۆته‌وه، به‌ڵام نه‌خراونه‌ته به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌وه.
له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ئه‌و هۆكاره یاساییانه‌ی خسته‌ڕوو كه بوونه هۆی ئه‌وه‌ى ئه‌و پڕۆژه‌یاسایانه نه‌خرێنه به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنی ئه‌مڕۆ و بۆ كاتێكی دیكه دوابخرێن.
دواتر به‌پێی خاڵی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه سه‌رۆكی په‌رله‌مان داواى له لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی په‌رله‌مان كرد بێنه شوێنی مه‌به‌ست بۆ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌می (پێشنیازی كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان-عێراق و هه‌موارى شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تاپه‌سندكردنی ده‌ستوور) و دوای خوێندنه‌وه‌شی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه ئاراسته‌ی لیژنه‌ی كاروباری یاسایی كرا بۆ ئه‌نجامدانی رێكاره یاساییه‌كان و به‌مجۆره كۆتایی به دانیشتنه‌كه هێنا.
شایه‌نی باسه پێشنیازی كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان-عێراق و هه‌موارى شێوازی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك تاپه‌سندكردنی ده‌ستوور، به‌ئیمزاى 68 په‌رله‌مانتار پێشكه‌ش به‌سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان كرا و سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستانیش به‌نووسراوی ژماره 26 له 2019/3/28، ئاراسته‌ی لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی‌ی په‌رله‌مانى كرد و لیژنه‌ى یاسایی-یش له‌هه‌مان رۆژ كۆبۆوه‌و له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ سیفه‌ی موسته‌عجه‌لی پێدراو به‌ده‌نگی به‌ڵێی حه‌فت ئه‌ندام ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كرا بۆ ئه‌وه‌ى بخرێته به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن و په‌سندكردنی.
داڕشتنه‌وه‌ی: سامان زاهیر
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.