Erbil 14°C سێشەممە 05 تشرینی دووەم 07:16

لە ته‌واوى شارو شارۆچکه‌کانى هه‌رێمى کوردستان، مه‌شخه‌لى ئاگرى نه‌ورۆز کرایه‌وه‌

چەندين چالاکی جۆراوجۆریش به‌م بۆنه‌وه‌ ئه‌نجامدران
کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ چوارشەممە 20/3/2019، لە ته‌واوى شارو شارۆچكه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، مه‌شخه‌لى ئاگرى نه‌ورۆز كرایه‌وه‌و چەند چالاکییەکی جۆراوجۆریش به‌م بۆنه‌وه‌ ئه‌نجامدران.

لە چوارچێوەی کارەکانی ڤیستیڤاڵی ئازادی و نەورۆز و بەبۆنەی جەژنی نەورۆز ئاهەنگێکی فراوان لە بەردەم پارکی شانەدەر له‌ شارى هه‌ولێر ئەنجام دراو ئاگری نەورۆز كرایه‌وه‌. 

هه‌روه‌ها ژمارەیەک چالاکی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دران، جگەلە نەتەوەی کورد نەتەوەکانی تریش لە سه‌ر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشداری ئه‌م یاده‌ دەکەن، بەتایبەت ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان بۆ هەرێمی کورستان، كه‌ لە ساڵانی رابردوو و هاتنی بەردەوامی گەشتیاران ئاشنایەتی و لێکنزیکبونەوەیان دروست كردووه‌.

هه‌روه‌ها نوێنەرایەتی و کونسوڵخانەکانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان و گەشتیارانی ناوخۆی عێراق و بیانی بەشداری جەژنی نەورۆز دەکەن و ژمارەیەکیشیان جلوبەرگی کوردیان پۆشى. 

هه‌روه‌ها له‌ شارى سلێمانى، ئەمساڵ لە گردی مامەیارە، کە گۆڕی پیرەمێردی شاعیر لەسەر بەخاکسپێردراوە، ئاگری نەورۆز كرایه‌وه‌ و هەروەھا دوای کردنەوەی ئاگری نەورۆز ھاونیشتمانیانى شاری سلێمانی بە جلوبەرگی ڕەسەنی کوردەوارییەوە لە شەقامی سالم (سەهۆڵەکە) خۆشی و شادیان ده‌ربڕى".

لە ئاکرێ-ش جەژنی نەرۆزى ئەمساڵ ئامادەکاری زۆری بۆ کرابوو، كه‌ هەزاران کەس بۆ بەسەربردنی ئێوارەی نەورۆز روویان كرده‌ ئەو قەزایەو له‌ شاخى سه‌رى ئاكرێ مه‌شغه‌لى ئاگرێ نه‌ورۆز كرایه‌وه‌ و رێوره‌سمى تایبه‌تى بۆى رێكخرابوو.

1250 مەشخەڵ کە ئاکرەییەکان پێی دەڵێن (ختیر) ئامادەکران و ئەم ئێوارەیە برانه‌ چوار شوێنی ئاکرێ، کە پێکهاتوون لە: گردی تۆپێ، گردی کەلێ، کەلە کەڤنێ و سەری تیژێ.

لە کەرکووکیش مەشخەڵی ئاگری نەورۆز كرایه‌وه‌و لە رێوڕەسمێکدا لەسەر قەڵای کەرکووک مەشخەڵی ئاگری نەورۆز كرایه‌وه‌.

له‌ شارۆكه‌ی كۆیه‌ش چه‌ندین چالاكیی جۆراوجۆر به‌ بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزی نیشتمانییه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ چوون، كه‌ هاووڵاتییان ئاگری نه‌ورۆزیان كرده‌وه‌و لێژنه‌ی باڵای سه‌رپه‌رشتیكردنی بۆنه‌ و یاده‌كانی كۆیه‌، به‌بۆنه‌ی نه‌ورۆز جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌ گردی نه‌ورۆز چه‌ندین چالاكییان به‌ڕێوه‌ برد.

له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ش وه‌ك ته‌واوی شاره‌كانی تری كوردستان هاووڵاتییان به‌گه‌رمییه‌وه‌ پێشوازییان له‌ جه‌ژنی نه‌ورۆز كرد و به‌شداری له‌ ڕێوڕەسمی كردنه‌وه‌ی ئاگر و ئاهەنگه‌كان ده‌كه‌ن.

بۆ جه‌ژنی نه‌ورۆزی ئه‌مساڵ له‌ هه‌له‌بجه‌ ئافره‌تان و لاوان و قوتابییان ڕێوڕەسمێکی تایبەت بە جه‌ژنی نه‌ورۆز ڕێک خست و ئاگری نه‌ورۆز كرایه‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌ شارى دهۆك و زاخۆش ، ئه‌م بۆنه‌یه‌ به‌رز راگیراو ئاگرى نه‌ورۆز له‌ چه‌ندین شوێنى جیاواز كرایه‌وه‌و چه‌ندین چالاكیش ئه‌نجامدران.

هاوكات لە سیدەكانیش لە ژێر چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەكەوە، تۆڕی رێكخراوە ناحكوومییەكانی سیدەكان بە ھەماھەنگیی سەنتەری رۆشنبیری، ھەڵسا بە ھەڵكردنی مەشخەڵی ئاگری جەژنی نەورۆز و ئەنجامدانی ئاھەنگێكی جەماوەری لە سەنتەری شارۆچكەكە.

له‌ چیاى قه‌ره‌چۆغ سه‌ربه‌ قه‌زاى مه‌خموور، مه‌شخه‌لى ئاگرى نه‌وروز له‌ لایه‌ن هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانى حكومى و حزبى و جه‌ماوه‌ى ناوچه‌ى مه‌خموورو قه‌راج كرایه‌وه‌.

له‌ سه‌ر ئاستى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان، كوردستانیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات خه‌ریكی خۆ ئاماده‌ كردنن بۆ ئاهه‌نگی نه‌ورۆز، به‌ كڕینی جل و به‌رگی كوردی و پلان دانان بۆ به‌شداری لە ئاهه‌نگه‌كان سه‌رقاڵن و دڵخۆشن كه‌ خه‌ڵكی كوردستان ئه‌مساڵ بارودۆخیان لە چەند ساڵی رابردوو باشتره‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.