Erbil 15°C شەممە 18 ئایار 07:58

وەزارەتی تەندروستی: ئێوارانیش ھاوشێوەی بەیانیان لە نەخۆشخانە حکوومییەکاندا نەشتەرگەری ده‌کرێت

وەزارەتی تەندروستی بڕیارێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندى هاولاتیان ده‌دات
کوردستان TV
100%

وەزارەتی تەندروستی بڕیاری داوە، ئێوارانیش ھاوشێوەی بەیانیان لە نەخۆشخانە حکوومییەکاندا نەشتەرگەری بکرێت. وتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت، ئه‌م بڕیاره‌یان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتیان و نه‌خۆشه‌كان داوه‌.

خالس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھۆکاری ئەو بڕیارەمان لە بەرژەوەندیی ھاووڵاتیانە بۆ ئەو نەخۆشانەی کە پێویستیان بە نەشتەرگەرییە لە ئێواران، ئەمەش لەبەر زۆریی نەشتەرگەرییەکانی بەیانیان دەمانەوێ لە دوای دەوامی بەیانیان نەشتەرگەرییەکان بەردەوام بێت، چونکە سوودمەندی ئەم بریارە نەخۆشەکان دەبن."

ئێستا تەنیا بەشێکی کەمی نەشتەرگەرییەکان لە نەخۆشخانەکانی ئێواراندا دەکرێن، وەزارەتی تەندرستی دەیەوێ ھاوشێوەی دەوامی بەیانیان نەشتەرگەرییەکان لە ئێوارانیش بکرێن.

خالس قادر دەڵێ: "ئەم بڕیارەمان لە دوای کاتژمێر ٢ دەست پێ دەکات، واتا دوای دەوامی بەیانیان و ھەموو ئەو نەشتەرگەرییە بچووک و گەورانەی کە لە دەوامی بەیانیان دەکرێن، لە دەوامی ئێوارانیش دەکرێن، ھەروەھا ئەو پزیشکانەی کە نەشتەرگەرییەکان دەکەن، ھەمان ئەو پزیشکانەن کە لە سبەینان دەیکەن."

ناوبراو ئەو بڕە پارەیەی ئاشکرا كرد كه‌ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانی پێ دەکرێت و گوتی: "نرخی نەشتەرگەرییەکان ڕێک دەخرێتەوە، ئەو بڕە پارەیەی ئێواران جیاوازە بە بەراورد بە نەخۆشخانە تایبەتەکان، بە شێوازێک نابێت نرخی نەشتەرگەری لە ٥٠ ھەزار کەمتر و لە ٥٠٠ ھەزار زیاتر بێت، ئەو بڕە پارەیەی کە دیاری کراوە، دەکرێت کەمتر بکرێتەوە، بەڵام ناکرێـت زیاتر بکرێت."

لە ھەرێمی کوردستاندا زیاتر لە ٩٠٠ بنکەی تەندروستی و ٧٦ نەخۆشخانە ھەیە، کە ٤٠ نەخۆشخانەیان گشتیین و ٩ نەخۆشخانەیان منداڵان و ٧ نەخۆشخانەیان ئافرەتان و لەدایکبوونن، ھەروەھا ٨ نەخۆشخانەشیان فریاکەوتنن، لە بەشێک لەو نەخۆشخانانەدا ڕۆژانە نەشتەرگەریی گەورە و بچووک دەکرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.