له یادی 31 ساڵهی تاوانی كیمیابارانكردنی ههڵهبجه ئهنجوومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان پهیامێكی بڵاوكردهوه.
له پهیامهكهی ئهنجوومهنی وهزیراندا هاتووه، ئەمڕۆ 31 ساڵ بەسەر کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا لەسەر دەستی ڕژیمی پێشووی عێراق تێدەپەڕێت کە وێڕای شههیدبوونى پێنج هەزار هاووڵاتیی بێتاوان، هەزارانی دیکەش بریندار بوون و تا ئێستاش زۆربەیان بەدەست لێکەوته و کاریگەرییە خراپە تەندروستی و دەروونییەکانی ئەو کارەساتەوە دەناڵێنن.
ئەمە وێڕای ئاوارەبوونی هەزاران خێزان و وێرانکردن و تێکدانی ژینگەی ئەو دەڤەرە دڵگیرەی کوردستان. یادکردنەوەی ئەم کارەساتە جگە لەوەی ڕێزگرتنە لە قوربانیانی گەلەکەمان و مێژووی پڕ لە تێکۆشان و قوربانیدانمان.
جەختکردنهوهی حکوومەتی هەرێمى كوردستانیشە لە بایەخدانی جددی بە ژیان و خزمەتکردنی برینداران و خانەوادە و کەسوکاری قوربانیانی چەکی کیمیایی و خزمەتکردنی زیاترى هەڵەبجەی ئازیز کە بێگومان کاری زۆر ماوە بۆیان بکرێت و حکوومەت بە پەرۆشەوە خزمەتی زیاتر و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر بە پارێزگای هەڵەبجە و دانیشتوانە سەربەرزەکەی بە ئەرکی گرنگ و سەرەکیی خۆی دەزانێت.
چاوەڕوانیمان لە حکوومەتی عێراقیش بەجێگەیاندنی ئەرکی یاسایی و ئەخلاقیی خۆیەتی دەرهەق بەم پارێزگایە و دانیشتوانەکانی لە هەموو جۆرە بایەخپێدانێک لهگهڵ قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەویی خەڵکەک و ژینگەکەی، وەک قوربانیی دەستی دەوڵەتی عێراق.
وەک چۆن هەڵەبجەی شەهید سیمبولی ئازار و قوربانیی گەلەکەمانه، بە هەمان شێوەش سیمبولی خۆڕاگری و زیندووییمانە.
قوربانیان و ئەو ئازیزانەمان کە لەم کارەساتە ناخ هەژێنەدا لەدەستمان داون، هەمیشە لە یادمانن و تاههتایه لە ویژدانی ئەم گەلەدا یادیان زیندووە.
هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاک و بێتاوانی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجەی ئازیز و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.