Erbil 15°C پێنجشەممە 09 ئایار 04:39

حکومه‌تى هه‌رێم وه‌لامى راپۆرتێکى وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ده‌داته‌وه‌

حكوومەتی هەرێم دووپاتی دەكاتەوە هیچ گرتووخانەیەكی نهێنی نییە
کوردستان TV
100%

رۆژی 2019/3/13 وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی ڕەوشی مافی مرۆڤ لە جیهان بڵاو كردەوە. لەو ڕاپۆرتەدا لە چەند رووێكەوە باس لە عیراق وهەرێمی كوردستان كراوە و چەند تێبینی و سەرنجێك لەو بارەیەوە خراونەتە ڕوو وەك بوونی زیندانیی نهێنی، ئەشكەنجەدانی گیراوانی داعش و رەوشی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان كە لە چوارچێوەی مادەی 140ی دەستووری عیراق دان لەگەڵ چەند بابەتێكی دیكە.

د.دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەم راپۆرتەوە گوتی: "حكومەتی هەرێمی كوردستان هەمیشە راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان بە هەند وەردەگرێت بەتایبەتی كە پەیوەندییان بە رەوشەكانی مافی مرۆڤ و حوكمڕانییەوە هەبێت، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە راپۆرتەكەدا چەند تێبینیەكی خستۆتەڕوو لەبارەی هەرێمی كوردستان".

دیندار زێباری زیاتر گوتی: "ئەوەی تێبینیمان كرد راپۆرتەكە پشتی بە چەند سەرچاوەیەكی جیاجیا بەستووە و بەشێكی ئەو تێبینی و تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ هەرێمی كوردستان چەندین جارە دووبارە دەبنەوە ئەمە لە كاتێك دایە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو كەیسانەی بە پێی رێ وشوێنە یاساییە كارپێكراوەكانی هەرێم یەكلایی كردۆتەوە، بۆ نمونە كەیسی نیاز عەزیز، هەروەها چەند كەیسێ‌كی دیكەی هاوشێوە كە پێشتر ژمارەیەك لە رێكخراو و لایەنێكی دیكە باس كراوە و لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم بەدواداچوونیان بۆ كردووە، هەروەها ئەو سەرچاوانەی كە چەند كەیسێ‌ راپۆرتەكە پشتی پێ بەستووە جێی پرسیارن".

سەبارەت بە رێوشوێنەكانی دەستگیركردن و بوونی زیندانی نهێنی لە هەرێم د. دیندار زێباری گوتی: "حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی دەكاتەوە هیچ زیندان و گرتووخانەیەكی نهێنی نییە و هەر كەسێك دەستگیر بكرێ بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێ و دوای ئەوەی راگیراو حوكمی لە دادگاوە بۆ دەرەدچێت، رەوانەی دەكرێ بۆ سەپاندنی سزاكەی بەپێی رێوشوێنە كارپێكراوەكان".هیچ كەسێك بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیر ناكرێت بە هیچ تۆمەتێك و گشت رێوشوێنەكانیش بە بڕیاری دادگا ئەنجام دەدرێن، هەروەها دوای دەستگیركردنیشی مافە یاساییەكانی خۆیان هەیە بەپێی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەكان، بۆیە ڕیگری لە هیچ كەسێك ناكرێت و هەموو كەسێك كە دەستگیر دەكرێت، دوای دەستگیركردنی تۆمەتباران و داواكراوان بەپێی یاسای بنەماكانی دادگایی كردنی سزایی (قانون اصول محاكمات الجزائیە) ژمارە (٢٣) ساڵی (١٩٧١)ی هەمواركراو مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێ. رێكارەكانیش بریتین لە سەلماندنی كەسایەتی داواكراو و گومان لێكراو و دەستپێكردنی لێكۆڵینەوەكان".

د. دیندار زێباری لە بارەی دەستگیركردنی هاووڵاتیان روونی كردەوە، هیچ كەسێك بەبێ بڕیاری دادگا دەستگیر ناكرێت بە هیچ تۆمەتێك و دوای دەستگیركردنی تۆمەتباران و داواكراوان بەپێی یاسای بنەماكانی دادگایی كردنی سزایی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێ، لە هەمان كاتدا تۆمەتبار مافی هەیە پارێزەرێك ئامادە بكات، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەوا لەسەر دادگا پێویستە پارێزەری بۆ دابین بكات و ئاگاداری كەسوكاری دەكرێتەوە كە ناوبراو گیراوە دواتر كەیسەكە رەوانەی دادگای تایبەتمەند دەكرێت بۆ یەكلایی كردنەوەی بەپێی یاسا. بۆیە ئەو كەسانەی كە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ كەمترە و گومانیان لێدەكرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، ئەوا وەك قوربانی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت نەك تاوانبار.

لە هەرێمی كوردستان بەپێی یاسا ئەشكەنجەدانی تۆمەتبار و سزادراوان بەشێوەیەكی گشتی بۆ وەرگرتنی ئیعتراف و زانیاری بە تاوان دادەنرێت بە هیچ شێوەیەك رێگا نادرێت كە ئەفسەر و كارمەندانی پۆلیس راگیراوان ئەشكەنجە بدەن بەپێی ماددەی (333) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩ی هەمواركراو و هەر تۆمەتبارێك لەكاتی لێكۆڵینەوە ئەشكەنجە درابێت لەرووی یاساییەوە مافی هەیە سكاڵا تۆمار بكات، بەڵام هۆكاری پێكنەهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە سەبارەت بە تۆمەتی ئەشكەنجەدان مێردمنداڵانی داعش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی تا ئێستا هیچ سكاڵایەك دژی دەزگا ئەمنییەكان لەلایەن گیراوانەوە نەبووە، و لە چاكسازییەكان هیچ ئاسەوارێكی ئەشكەنجەدان لەسەر جەستەی دەستگیركراوان بەدی نەكراوە وەك لە راپۆرتی رێكخراوی ناوبراودا هاتووە.

د. دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان سەبارەت بە دەستگیركردن و ئەشكەنجەدانی مێرد منداڵانی داعش گوتی: "ئەو بارودۆخەی لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی كوردستان هاتە ئاراوە وایكرد جیاكردنەوەی هاووڵاتیانی ئاسایی و ئەوانەی پەیوەندییان بە داعشەوە لەكاتی هاتنیان بۆ هەرێمی كوردستان ئاسان نەبێت، بۆیە پێشمەرگە و لایەنە ئەمنییەكان چەند رێووشوێنێكی ئەمنی دەگیرایە بەر بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتیان و خودی ئاوارەكان و رێگانەدان بە دزە كردنی تیرۆریستان بۆ نێو هاووڵاتیان بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیانی هەرێم. لە ئەنجامی ئەو رێوشوێنانەدا تا ئێستادا (٩٠)كەس لە نەوجەوانان و ئافرەتان و منداڵ هەیە لەوانە (١٤) كوڕ كە راگیراوە و (٥٠)ی دیكەش لە كوڕەكان فەرمانی سزایان بۆ دەرچووە ئەمانە تەمەنیان لە (١٨) ساڵ كەمترە لەگەڵ (٢٦) ئافرەت و لە ماوەی رابردووشدا ژمارەیەكی زۆریان كە بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیركرابوون ئازاد كراون و رەوانەی ئەو شوێنانە كراون كە لێوەی هاتبوون".

زێباری تیشكی خستە سەر مافی راگیراو و سزادراوان رایگەیاند: ئەو مێرد منداڵانە هەمانە مافی راگیراوانی دیكەیان هەیە وەك بوونی پارێزەر، بەڵام ئەگەر نەیتوانی ئەوا لەسەر دادگا پێویستە پارێزەری بۆ دابین بكات و لەم رووەوە رێكخراوی یونیسێف بەم دواییە پارێزەرێكی راسپاردووە بۆ بەدواداچوونی كەیسەكانی راگیراوان لەچاكسازی هەولێر و لایەنە پەیوەندیدارەكان هاوكارییەكی زۆری ئەو پارێزەرە دەكەن و بەم دواییە (٦) لە گیراوان لە رێگای پارێزەرەكەوە ئازاد كراون، هەروەها دەتوانن پەیوەندیی بە كەسوكاریان بکەن".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.