خه‌لیل دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌وه له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا به‌ره‌و ئێران هه‌ڵدێن، ئه‌وكات ته‌نها ٩ مانگ ده‌بێت و له شاری كرماشان دوای ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ته‌ندروستی وه‌رده‌گرێت له خێزانه‌كه‌ی داده‌بڕێت. پاش ٣١ ساڵ جارێكی تر به خێزانه‌كه‌ی له هه‌رێمی كوردستان شاد ده‌بێته‌وه.
خه‌لیل له‌و ماوه‌یه‌دا له ئێران له لایه‌ن خێزانێكی فارسه‌وه به‌خێوده‌كرێت و ئه‌و راستییه‌شی له ٢٠١٣دا پێ ده‌گوترێت، دوای ئه‌نجامی تێستی DNA ده‌رده‌كه‌وێت كه ره‌چه‌ڵه‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه و ئه‌وكات كه‌ڵكه‌ڵه‌ی دۆزینه‌وه‌ی خێزانه راسته‌قینه‌وه‌ی له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێت سه‌ری.
له لێدوانێكدا خه‌لیل ئاماژه به‌وه ده‌كات ئه‌و به‌گه‌ڕانه‌وه‌ی زۆر دڵخۆشه به‌چه‌شنێك كه ناتوانێت ئه‌و هه‌سته‌ی ده‌ربڕێت و ده‌ڵێت "ئه‌و هه‌ستانه‌م بۆ ده‌رنابڕدرێت. بیده‌نگی جوانترین هه‌سته كه نیشانی بده‌م. ئێستا وشه‌كان له هه‌سته قوڵه‌كانمدا شاراوه‌ن، به‌ڵام به‌یه‌ك وشه ده‌توانم بڵێم خۆشه‌ویستی نیشتیمان شتێكی تر".
خه‌لیل دوای ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه هه‌رێمی كوردستان و له‌گه‌ڵ باوكه به‌خێوكه‌ره‌كه‌یدا سه‌ردانی مه‌زاری باوكه كۆچ كردووه راسته‌قینه‌كه‌ی ده‌كات و به‌قولپی گریانه‌وه تاجه‌گوڵینه له‌سه‌ر قه‌بره‌كه‌ی داده‌نێت.
به‌پێی گوته‌ی كه‌سه نزیكه‌كان له باوكی راسته‌قینه‌ی خه‌لیل، ناوبراو له‌كاتی خۆیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه كه رۆژێك دێت كوڕه‌كه‌م سه‌ردانی مه‌زارم ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وكات به فارسی قسه ده‌كات، ئه‌مه‌ش وه‌ك به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كه هه‌رگیز ئومێدی گه‌ڕانه‌وه‌ی كوڕه راسته‌قینه‌كه‌ی له‌ده‌ست نه‌داوه.
خه‌لیل ساڵح باس له‌وه ده‌كات ئه‌و ئاماده‌یه كه هاوكاری ئه‌و كه‌سانه بكات كه خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌ن و له كه‌سوكاریان ون بوون و داوا ده‌كات دادگاكان كاری خۆیان بكه‌ن له‌وباره‌یه‌وه.
ئه‌حمه‌د برای خه‌لیل-ه و باس له‌وه ده‌كات ئه‌و كاته‌ی دوای ١٦ی ئادار چوونه‌ته كرماشان خه‌لیل-یان لێ ون بوو، به‌ڵام چیتر نه‌یانزانی ئه‌و چی به‌سه‌رهاتووه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.