Erbil 11°C چوارشەممە 06 تشرینی دووەم 02:30

سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان رۆژى 8ى مارس له‌ ئافره‌تانی کوردستان پیرۆز ده‌کات

له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا
کوردستان TV
100%

به‌بۆنه‌ی رۆژی 8ى مارس، رۆژی جیهانیی ئافره‌تان، سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا  پیرۆزبایی له‌ ئافره‌تانى كوردستان و عێراق و جیهان ده‌كات و رۆلی ئافره‌تانى كوردستان له‌ خه‌بات و قوربانیدان له‌پێناو رزگاریی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌ییدا به‌رزده‌نرخێنێت، ئه‌مه‌ش ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یه‌: 
سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستان رۆژى 8ى مارس له‌ئافره‌تانی كوردستان و عێراق و جیهان پیرۆز ده‌كات
      به‌بۆنه‌ى رۆژى 8ى مارس، رۆژى جیهانى ئافره‌تان به‌ناوى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستان جوانترین پیرۆزبایی له‌ ئافره‌تانى كوردستان و عێراق و جیهان ده‌كه‌ین، 8ى مارس به‌رى خه‌باتى مه‌ده‌نى و نه‌پساوه‌ى ئافره‌تان و رێكخراوه‌كانى ئافره‌تانه‌ له‌سه‌رتاسه‌رى جیهاندا، بۆ نه‌هێشتنى دیارده‌ى توندوتیژی و چه‌وساندنه‌وه‌ى جێنده‌رى و دابینكردنى یه‌كسانى له‌ماف و ئه‌ركى ئافره‌تان و پیاوان له‌ به‌شداریى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورى له‌پێناو دابینكردنى ژیانێكى ئارام بۆ مرۆڤایه‌تى و ئاسووده‌یی بۆ خێزان و نه‌وه‌كانى داهاتوو له‌سه‌رتاسه‌رى جیهاندا.
په‌رله‌مانى كوردستان به‌درێژایی خوله‌كانى هه‌ڵبژاردن، داكۆكیكارێكى راسته‌قینه‌ بووه‌ له‌ پاراستنى  مافی ئافره‌تان و به‌چاوى رێزه‌وه‌ش هه‌ڵسه‌نگاندنى بۆ خه‌باتى رێكخراوه‌یی ومه‌ده‌نییانه‌ى ئافره‌تان و  رۆلى شۆڕشگێڕانه‌یانى كردووه‌ كه‌ هه‌میشه‌ له‌ته‌ك پیاوان له‌ ریزى پێِشه‌وه‌ى خه‌باتى رزگاریى نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌ییدا بوونه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ ئافره‌تانى كوردستان له‌كاره‌سات و نه‌هامه‌تییه‌كانى ئه‌نفال و كیمیاباران و كۆڕه‌و به‌درێژایی خه‌باتى شاخیش قوربانى وفیداكاریى زۆریان به‌خشیوه‌.
 په‌رله‌مانى كوردستان چه‌ندین یاساو بڕیارى بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیی خێزان و پاراستنى مافی ئافره‌تان و دابینكردنى یه‌كسانیى نێوان ژن و پیاو و فه‌راهه‌مكردنى ده‌رفه‌تى به‌شداریى زیاترى ئافره‌تان له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌رچوواندووه‌، وه‌ك: به‌رزكردنه‌وه‌ى كۆتای به‌شداریى ئافره‌ت بۆ 30% له‌ په‌رله‌مان و دواجاریش په‌رله‌مان بڕیاریدا یه‌كیك له‌ ئه‌ندامانى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان ئافره‌ت بێت، كه‌ خۆشبه‌ختانه‌ له‌ خولى پێنجه‌م بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژووی ناوچه‌كه‌ ئافره‌تێك بووه‌ته‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان، هیوادارین  له‌ به‌ڕێوه‌بردنى دامه‌زراوه‌كانى ترى حكومه‌ت و یه‌كه‌ كارگیڕییه‌كانیش ده‌رفه‌تى زیاتر بۆ ئافره‌تان بڕه‌خسێ به‌پێی تواناكانیان. 
  هه‌رچه‌نده‌ به‌هۆى هه‌نگاوه‌ یاساییه‌كانى ساڵانى رابردووى په‌رله‌مان و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ره‌وشی پاراستنى مافی ئافره‌تان به‌ره‌وپێشچوونى باشى به‌خۆوه‌ بینووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌  هێشتا به‌هۆى هه‌ندێك دابونه‌ریتى كۆنى ناو كۆمه‌ڵگه‌، دیارده‌كانى كوشتنى ئافره‌تان به‌بیانووى شه‌ڕه‌فپارێزى و توندوتیژیی خێزانى و جیاكاریى جێنده‌رى و هاوسه‌رگیرى له‌ده‌ره‌وه‌ى دادگا به‌رچاو ده‌كه‌وێ.
    له‌م خوله‌دا كارده‌كه‌ین بۆئه‌وه‌ى له‌رێى لیژنه‌ى كاروبارى كۆمه‌لاَِیه‌تى و وداكۆكیكردن له‌مافی ئافره‌ت و مافی مرۆڤ، به‌دواداچوونى ورد بۆ یاساكانى بارى كه‌سێتى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژیى خێزان بكه‌ین، بۆ دڵنیابوون له‌جێبه‌جێكرنى ته‌واوى یاساكان و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنى ئه‌و بڕگه‌و ماددانه‌ى كه‌پێویستییان به‌ هه‌مواركردن یا داڕشتنى یاسا و بڕیارى نوێ هه‌یه‌، له‌پێناو كۆتاییهێنان به‌ توندوتیژیی خێزانى و دابینكردنى یه‌كسانیى ئافره‌ت و پیاو و ژیانێكى ئارام و ئاسووده‌ بۆ ئافره‌تان  له‌نێو خیزان و له‌كۆمه‌ڵگه‌دا. 
 جارێكى تر پیرۆزبایی 8ى مارس له‌ ته‌واوى ژنان و ئافره‌تان ده‌كه‌ین، هیواى سه‌ركه‌وتن بۆ خه‌باتى رێكخراوه‌یی ومه‌ده‌نییانه‌ى ژنان و ئافره‌تانى  كوردستان ده‌خوازین. 

سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستان 
7-3-2019 

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.