Erbil 15°C ھەینی 05 تەمووز 06:20

یادێکی زیندوو بۆ هونەرمەند ئایشە شان

ناوبانگی بە وڵاتانی ئەوروپاش بڵاو دەبێتەوە
کوردستان TV
100%


ئایشەشان ئەو دەنگە زیندوو پڕ لە جۆش و خرۆش و هارمۆنیایە، كە هەرگیز لە ڕەسەنایەتی ناكەوێ و سات لە دوای سات بە گوڕتر لە گوێچەكەماندا دەزرنگێتەوە و هەگیز پیر نابێت .

 ئەو خانمە دەنگزوڵاڵە، ساڵی 1938 لە شاری دیاربەكری باشووری توركیا چاوی بۆ ژیان هەڵهێناوە و، هەناسەی ژینی هەڵمژیوە و هەر زوو بەهرەی دەنگخۆشی تێدا دەركەوتوە و تێكەڵ بە هونەری گۆرانیگوتن بووە و لە ماوەی كاری هونەری گەلێك گۆرانی تۆماركراوی هەیە لەوانە (دلۆ وەز بمرم، لێ قەدەرێ، ببوورە لێم نیشتمانم، لێ لێ بێ مال، دەردێ هەوێێ) و چەندان چریكەی دیكە كە ئەو گۆرانیانەی كە هەرگیز مانای پیربوون نازانن و لە هەموو كات و سەردەمێكدا گوێی لێ دەگیرێ و جەماوەری خۆی هەیە. 

ئەو خانمە هونەرمەندە لەسەر خواستی باوكی شوو بە گەنجێكی دێریكی دەكات، هێندە ناخایەنێت هاوسەرەكەی ژنێكی دیكە دەهێنێت، بۆیە ئایشەشان بە ژیانی هەوێداری ڕازی نابێت و واز لە هاوسەرەكەی دەهێنێ و هەر لەو شارە دەبێتە خزمەتگوزاری ماڵان .

دواتر بەهۆی دەنگخۆشیەوە ماوەیەك لە ڕادیۆی (دیلۆك - عەنتاب) بە زمانی توركی گۆرانی دەڵێ، پاشان دەست دەكات بە گوتنی گۆرانی كوردی ،بۆیە بەرپرسی ئەو ڕادیۆیە هەڵوێست وەردەگرێ و ئەو گرێبەستەكەی هەڵدەوەشێنێتەوە، كە پێشتر لەگەڵیدا واژووی كردبوو.

 ئایشەشان هێندە دەنگی خۆش بووە، بۆیە ناوبانگی بە وڵاتانی ئەوروپاش بڵاو دەبێتەوە، بە تایبەتی لە هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و هوڵەندە كە ماوەیەكیش سەفەری ئەو دوو وڵاتەی كردوە تێیدا ژیاوە، بەڵام ناخۆشترین كات و سات بەگوێرەی ئەو خانمە هونەرمەندە ئەو كاتە بوو، كە كچێكی بەناوی (شەهناز) كۆچی دوایی دەكات، هەر بەو بۆنەوەش ماتەمینی ڕادەگەیەنێت و ماوەیەك واز لە هونەر و گۆرانی گوتن دەهێنێ .

ئایشەشان خانمە هونەرمەندێكی ئازا و بوێر بوو، هەتا كاسیەتێكی تایبەت سەبارەت بە كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال بە ناوی (وەرن وەرن پێشمەرگەنە) بڵاودەكاتەوە، دواتر لە ساڵی 1991 بۆ دوا جار واز لە گۆرانی گوتن دەهێنێ و لە ڕۆژی 5 ی شوباتی ساڵی 1997 بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە چاوەكانی لێك دەنێ و كۆچی دوایی دەكات .

 وێرای خەم و مەینەتی لە دوای خۆشی كۆمەڵێك یادگاری و بەرهەمی بەسوود بەجێ دەهێڵێ كە هەموو كورد شانازی پێوە دەكەن، بەڵام ئەوەی وەك خەمێكی گەورە مایەوە پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكات و دنیا جێ بهێڵێ وەسیەتی كردبوو، كە تەرمەكەی لە شاری ئامەد بنێژرێ، كەچی بنەماڵەكه‌ی ڕێگایان نەدا ئەو وەسیەتە بێتە دی و تەرمەكەی لە شاری ئەزمیر سپاردەی خاك كرا.

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.