Erbil 15°C چوارشەممە 03 تەمووز 02:39

رێبوار تاله‌بانى سه‌رپه‌رشتى کۆبوونه‌وه‌ى ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک له‌ هه‌ولێر ده‌کات

پارتی گەلی توركمانی: هەڵبژاردنی پارێزگار لەو كۆبوونەوەیەدا تاوتوێ دەكرێت
کوردستان TV
100%

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ڕایگەیاند، سەرپەرشتیی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكە دەكات، بەڵام تا ئێستا بڕیار نەدراوە كە لە شاری ھەولێر بكرێت. سەرۆكی پارتی گەلی توركمانیش دەڵێ، هەڵبژاردنی پارێزگار لەو كۆبوونەوەیەدا تاوتوێ دەكرێت.

لە كۆبوونەوەی دوێنیێ نێوان پارتی و یەكێتیدا، رێككەوتن لەسەر ئەوەی ١٨-٢-٢٠١٩ ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە شاری ھەولێر كۆ ببێتەوە.

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، جێی دەستخۆشی و ھیوابەخشییە بۆ خەڵكی كەركووك و كوردستان كە ئەو كێشانە بەرەو چارەكردن بچن لە نێوان ھەردوو ھێزی سەرەكیدا كە پارتی و یەكێتین، "پێشتر داوای ئەوەم كردبوو سەرجەم لیستەكان كۆببنەوە بۆ ئەوەی بارودۆخی كەركووك ئاسایی بكرێتەوە، ئەوە بوو بەداخەوە ئەوكات نەگەیشتنە ئەنجام".

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك گوتیشی" بەپیێ یاسا و پەیڕەوی ناوخۆیی ئەنجوومەن، سەرۆكایەتی دانیشتنەكە دەكەم، ھەڵبەت كۆبوونەوەكەیش پێویستی بە جۆرێك لە رێكاری یاسایی ھەیە".

لیستی برایەتیی كەركووك، كە كورد سەرپەرشتیی دەكات، لە كۆی ٤١ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، خاوەنی ٢٦ ئەندامە.

سەبارەت بە بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەكەیش، تاڵەبانی ڕوونی كردەوە، ١٣ ئەندام بە فەرمی داوای كۆبوونەوە بكەن، كۆبوو‌نەوەیەكی یاسایی دەبێت، بەڵام ئەگەر چەند ئەندامێك بەشداری بكەن، بە ئاسایی ناو دەبرێت.

رێبوار تاڵەبانی بە پشتبەستن بە زانیارییەكانی دەڵێ، تاوەكو ئێستا بڕیار نەدراوە كە كۆبوونەوەكە لە شاری ھەولێر بكرێت، "خۆی دەبووایە لە كەركووك بكرێت، ئەگەر تا كۆبوونەوەی ١٨ی ئەم مانگەیش بارودۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە، لەناو شاری كەركووك بەڕێوە دەچێت، ئەگەر تا ئەو كاتیش ئاسایی نەكرێتەوە، ئەوا ئاساییە لە ھەر پارێزگایەكی تر بكرێت".

پێوەست بە لێكنزیكبوونەوەی لایەنەكانیش، پێ وایە، ھەموو لێكنزیكبوونەوەكان لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و كەركووكن، چونكە ئەو بارودۆخە ناكرێت ھەر ئاوھا بمێنێتەوە و پێویستی بە چارەسەركردنە، "ئەو بارودۆخەی ئێستا كەركووك پێیدا تێپەڕ دەبێت، زۆر نایاسایی و نادەستوورییە".

هەر لەو بارەیەوە، عیرفان كەركووكی، سەرۆكی پارتی گەلی توركمانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "كۆبوونەوەی ئەنجوومەن، بە كۆبوونەوەیەكی گرینگ دەزانین و بایەخێكی باشی دەبێت بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شاری كەركووك، ئێمەیش وەك ئەندامانی ئەنجوومەن ئامادەین و چاوەڕێی 18ی ئەم مانگە دەكەین".

كەركووكی دەشڵێ: "لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەندا هەنگاوەكان زیاتر روون و ئاشكرا دەبن، بۆ ئەوەی كە ئاساییكردنەوەی بارودۆخەكە و هەڵبژاردنی پارێزگار لەو كۆبوونەوەیەدا تاوتوێ دەكرێن و گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت، ئەو كاتیش ئەنجوومەن كارەكانی خۆی رادەپەڕێنێت".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.