Erbil 15°C چوارشەممە 03 تەمووز 02:00

خەتەنەکردنی مێینە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بە رێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە

ئەنجومەنی باڵای کاروبای خانمان لە هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی باڵای کاروبای خانمان لە هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکرنی مێینه‌ پەیامێکی بڵاو کردەوە، كه‌ ئه‌مه‌ش دەقی پەیامەکەیه‌تى:- 

لێژنەی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان، رۆژی 6ی شوباتی بە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەكردنی مێینە ناساندووە، بەمەبەستی نەهێشتنی ئەم دیاردەیە لە سەرتاسەری جیهاندا، لە ڕێگەی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست و ستراتیژیی بۆ بەرەنگاربوونەوەو نەهێشتنی.

خەتەنەكردنی مێینە یەكێكە لە جۆرەكانی توندوتیژیی جەستەیی كە ڕووبەڕووی منداڵان و كچان و ژنان دەبێتەوە لە گشت قۆناغەكانی تەمەنیان، واتە لە تەمەنی چوار ساڵی تا قۆناغی كامڵبوون و زۆرجار بەداخەوە لە تەمەنە زۆر گەورەكانیشدا ئەنجام دەدرێت و شێوازی ئەنجامدانی لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی‌تر، یاخود لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی جیاوازە.

دیارە ئەم دیاردەیە هیچ بنەمایەكی ئایینی نییە، بەڵام بارگاوی كراوەو، وەك ئەركێكی ئایینی بەپێی عورف و عاداتی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت، بەداخەوە لە هەندێك وڵاتدا لەكاتی ئەنجامدانی ئەم دیاردەیە زۆرجار كچان و ژنان ڕووبەڕووی مەرگ یاخود حاڵەتی مەترسیداری جەستەیی و تەندروستی و دەروونی و كۆمەڵایەتی جۆراوجۆر دەبنەوە.

وەكو زانراوە ئەم دیاردەیە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و ئەفریقیا ئەنجام دەدرێت، هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لەم كێشەیە و لە هەفتاكانی سەدەی رابردوودا بەشێوەیەكی بەرفراوان ئەنجام دەدرا، تا دروستبوونی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و رێكخراوەكانی ژنان و ئافرەتان كە بوو بە سەرەتایەكی گرنگ و پێویست لە رووبەروبەنەوەی ئەم دیاردەیەدا.

بەپێی ئامارەكان بەر لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو لە هەرێمی كوردستان، رێژەی خەتەنەكردنی میێنە لە ئاستێكی بەرزدا بوو، واتە لەسەرووی سەدا هەشتا بوو،  بۆیە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوە دەستی پێكرد لە ڕێگەی هۆشیاركردنەوە و بڵاوكردنەوەی زانیاری لەسەر مەترسییەكان و ئاكامەكانی و ئامادەكاریی بۆ بەیاساییكردنی نەهێشتنی دیاردەكە، بۆیە پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی 2011 لە چوارچێوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژمارە (8)  لە بڕگەیەكی یاساكەدا بە تاوان دانراوەو سزای یاسایی لەسەرە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان  لە ماوەی نێوان 2015  ـ  2016 بەهاوكاری یونیسێف رووپێوێكی  ئەكادیمی و زانستی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان ئەنجام دا، بە ئامانجی گەیشتن بە ئامارو زانیاری دروست و كاریگەریی هەوڵەكان لە سەر دیاردەكەو ئاستی مانەوەی دیاردەكە و هۆكار و بەربەستەكان، لە ئەنجامی روپێوییەكە دەركەوت  خەتەنەكردنی مێینە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو  بە رێژەیەكی بەرچاو كەمی كردووە.

 

    ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان بە هاوكاریی ئاژانسەكانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان ئامادەكاری دەكات بۆ داڕشتنی كۆمبی پلانێك، كە بە هاوكاریی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە وەزارەت و رێكخراوەكان جێبەجێ دەكرێت، بۆ ئەم مەبەستە بە دروشمی:

 

 (نا بۆ خەتەنەكردنی كچان.. بەڵێ‌ بۆ كۆمەڵگەیەكی تەندروست)، هەڵمەتی خاڵیكردنی كوردستان لە دیاردەی خەتەنەكردنی مێینە دەست پێدەكات، بە بەشداریی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە وەزارەتەكان و رێكخراوەكان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن.

 

با هەموومان بەشدار بین لە سەرخستنی هەڵمەتی هۆشیاركردنەوەی خێزان لە مەترسی و ئاكامەكانی خەتەنەكردن، با كاربكەین بۆ دروستكردنی خێزانێكی تەندروست وخۆشگوزەران..

 

ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان

 لە  حكومەتی هەرێمی كوردستان

6/2/2019

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.