Erbil 15°C دووشەممە 01 تەمووز 05:33

که‌لهوری یه‌کێکه‌ له‌ 20 هونه‌رمه‌نده‌ ناوداره‌کانی جیهان

چەندین خەڵاتى جۆراجۆرى هونەرى لە ناوەندە هونەرییە جیهانییەکانەوە بەدەست هێناوە
کوردستان TV
100%


گۆڤارێکی بەریتانی بە بۆنەی 20مین ساڵڕۆژی دامەزرنییەوە ناوی 20 هونەرمەندی بەناوبانگی جیهانی بڵاو کردووەتەوە کە کەیهان کەلهوڕی هونەرمەندی ژەنیاری کوردی خەڵکی کرماشانیان تیدایە.

 گۆڤاری (سانگ لاینز)ی بەریتانی لە بیستەمین ساسڵڕۆژی وەشانی خۆیدا لیستەی ناوی 20 هونەمەندی ناودار و کاریگەری جیهانی بڵاو کردووەتەوە کە کەیهان کەلهوڕی هونەرمەندی کوردی خەڵکی کرماشان لە ڕیزی ئەو 20 کەسە دایە.

کەیهان کەلهوڕ، ژەنیاری دەستڕەنگین و ناسراوی کوردی خەڵکی کرماشان کە لە ژەنینی (کەمانچە) دا لە ئاستی جیهان ناسراوە، پێشتر بە هاوڕێیەکی گرووپی (ڕێگەی هەورێشم) خەڵاتی "گرەمی" مسۆگەر کردووە و لە ئاستی کوردستان و ئێران و ناوچەشدا خاوەن چەندان خەڵاتی گرنگە.

نوێترین بەرهەمی کەیهان کەلهوڕ، ئەلبوومی (هێشتا پاییزە)یە کە بە یارمەتیی "ڕامبرانت تریو" بەمزوانە بڵاو دەبێتەوە.

رۆژی ٢٨ى ئابی ٢٠١٨ خەڵاتى نێونەتەوەیى کەمانچەی "ئایزاک سترن" لە شاری شانگهای وڵاتى چین پێشکەشی کەیهان کەلهوڕ کرا، ئەو خەڵاتە بۆ رێزگرتن کارە هونەری و مرۆی و مرۆدۆستییەکانى کەیهان کەلهوڕ پێى بەخشراوە.
وێستگەکانى ژیانى کەیهان کەلهوڕ

کەیهان کەلهوڕ ٢٥ى نۆڤەمبەرى ١٩٦٣ لە قەزاى شاباد (ئیسلام ئاباد) لە پارێزگاى کرماشان لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەدایک بووە ، لە تەمەنى ٥ ساڵییەوە دەستى بە فێربوونى کارى میوزیک کردووە. لە ١٢ ساڵیدا بە شێوەیەکى شارەزایانە درێژەى بە کارى مۆسیقا داوە و لە ١٣ ساڵیدا بووەتە ئەندامى ئۆرکێسترای ڕادیۆ و تەلەفزیۆنى حکومەتى ئێران لە کرماشان.


لە تەمەنى ١٧ ساڵیدا چووەتە ئیتاڵیا و دواتر بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕۆیشتووەتە کەنەدا بەشى ئاوازدانانى لە زانکۆى کارلتۆن ئۆتاوا تەواو کردووە ، لە کاتى شەڕی نێوان ئێران و عێراق (١٩٨٠ - ١٩٨٨) موشەکێک بەر ماڵەکەیان کەوتووە و هەموو ئەندامانى خێزانەکەى لەدەست داوە.


ئامێرى تایبەتى میوزیکی کەیهان کەلهوڕ، کەمانچە (جۆزە)یە و لەپاڵ کەمانچەدا تەنبور و سێتار و شا کەمانیش دەژەنێت ،  لە درێژەی کارە هونەرییەکانیدا لەگەڵ هونەرمەندانى گەلانى ئەمریکا، چین، تورکیا، هێندستان، هۆڵەندا کارى هونەریى هاوبەشى ئەنجام داوە و ئەوەش کردوویەتی بە کەسایەتییەکى هونەریى جیهانی .


بەشێک لە کارە هونەرییەکانى کەیهان کەلهوڕ لەگەڵ شوجاعەت حسێن‌خان (غەزەل) لە هێندستان، کرۆنۆس کوارتت (ڕێگاى ئاوریشم)، یویوما و ژائۆ ژیپینگ لە (چین)، ئۆرکێستراى فیلارمۆنیک نیویۆرک، عالیم قاسمۆف لە کۆمارى ئازەربایجان، برۆکلین ڕایدەر لە ئەمریکا، ڕامبراندت تریۆ (تیپى مۆسیقاى هۆڵەندی)، شەهرام نازری، تیپى دەستان، ئەرداڵ ئەرزنجان (باکووری کوردستان و تورکیا) محەمەدڕەزا شەجەریان، حوسێن عەلیزادە و عەلى ئەکبەر مورادی بووە.

کەیهان کەلهوڕ لەو بڕوایە دایە "مۆسیقار، مۆسیقاژەن و شارەزاى مۆسیقا دەبێت شارەزای بیرکاری، مێژوو و ئەدەبیات بێت ، کەیهان کەلهوڕ تا ئێستا چەندین خەڵاتى جۆراجۆرى هونەرى بۆ ئەنجامدانى کارە هونەرییەکانى لە ناوەندە هونەرییە جیهانییەکانەوە بەدەست هێناوە.

باسنيوز

کولتوور و هونه‌ر

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.