راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێم بە پێویستیزانی بەریتانیا رۆڵی خۆی ببینێ لە زیاتر لێکنزیککردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ههرێم و بهغدا.
ئەمڕۆ 2019/1/26 مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەلێستەر بێرت وەزیری دەوڵەتی حکوومەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا، کە هەریەک لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا ئامادە بوون، پەرەسەندن و پێشهاتەکانی ناوچەکە و پەیوەندی دوو قۆڵی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاوتوێ کرا.
لەو دیدارەدا تایبەت بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، مەسرور بارزانی پەسەندکردنی بودجەی گشتیی بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسفکرد، بەو پێیەی دەبێتە هاندەر بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵواسراوەکان و بە پێویستیزانی بەریتانیا رۆڵی خۆی ببینێ لە زیاتر لێکنزیککردنەوە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولادا.
لەلای خۆیەوە وەزیری دەوڵەتی حکوومەتی بەریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا باسی لەوە کرد، بەریتانیا لە پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بەردەوام دەبێت و رایگەیاند، وڵاتەکەی پشتگیری زیاتر لە هەماهەنگی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچەکانی تایبەت بە مادەی 140 دەکات، بۆ ئەوەی دەرفەت نەدرێتە سەرهەڵدانەوەی داعش و زەمینەی رێککەوتنی سیاسی لەسەر بنەمای دەستوور بۆ چارەسەری کێشەکانی ئەو ناوچانە بێتەدی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.