Erbil 7°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 19:40

کتێبی زه‌ینه‌ب خان بە زمانی عەرەبی بڵاوکرایه‌وه‌

خوشكی گەورەی دڵداری شاعیرە
کوردستان TV
100%


چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌ ئێستا نووسه‌ری كورد  "  عوسمان موفتی "  كتێبی (زەینەب خان)ی لە چاپێكی جوان و خنجیلانە و قەبارە مام ناوەندیدا بە زمانی عەرەبی بە چاپ گەیاند.

 ناونیشانی كتێبەكە بریتیە لە (زینب خان. الادیبە الكبیرە التی لم ینصفها التاریخ)، بۆیە نووسەری كتێب بەپێی ئەزموونی خۆی ناوەڕۆكەكەی دابەش كردوە بەسەر سێ تەوەر كە یەكەمیان زەینەب خان وەك مرۆڤ، دووەمیان زەینەب خان لە كۆمەڵگە، سێیەمیان زەینەب خان وەك تێكۆشەرێك .

 ماوەیەك لەمەوبەر پرۆفیسۆر " محەمەد نووری عارف " بە قەبارەیەكی بچووك و بە 70 لاپەڕە لەسەر هەمان بابەت كتێبێكی بە زمانی كوردی نووسی كە ناونیشانەكەی بریتی بوو لە (زەینەب خان...ئەو شاعیرە نیشتمانپەروەرەی مافی خۆی پێنەدراوە) كە باسی لە خاتوو زەینەب خان دەكرد .

زه‌ینه‌ب خان خوشكی گەورەی دڵداری شاعیرە و كچی مەلا ڕەئووفە فەندی كوڕی مەحموودەفەندی كوڕی مەلا سەعد دەكات كە یەكێكە لە بنەماڵەی خادم سوجادی و لە 21-3-1900 لە گەڕەكی بەفری قەندی شاری كۆیە لە دایك بوە .

ئەو خاتوونە سەدەیەك لەمەوبەر دەستی بە شیعر نووسین كردوە و هەندێك لەو شیعرانەی كە لەو كتێبە بەرچاو دەكەون لەسەر شارەكانی هەولێر و كەركوك و هەرمۆتە نووسیوە و خۆشەویستی و ئەڤینداری خۆی بۆیان دەربڕیوە .

 زەینەب خان جگە لە زمانی زگماكی خۆی زمانی عیبری و عەرەبی و فارسی و توركی زانیوە و كاریگەری زۆری لەسەر دڵداری برا بچووكی هەبوە و ئەندامی دەستەی دەمەزرێنەری حزبی (هیوا) بوە لە هەولێر، بەڵام ئەو خاتوونە شاعیر و نیشتمانپەروەرە ڕۆژی 18-1-1963 بە نەخۆشیی شێرپەنجە كۆچی دوایی كردوە .

چاپکراوه‌کان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.