Erbil 15°C چوارشەممە 26 حوزەیران 21:37

کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش قەرەبوو دەکرێنەوە‎

ھەموو شەھیدانی پێشمەرگە لە شەڕی داعش دەگرێتەوە
کوردستان TV
100%

تاڤگە عومەر بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی لە دەستەی مافی مرۆڤ، وردەكاریی قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی تیرۆری ئاشكرا كرد و گوتی، ھەر خێزانێك بە ھۆی رووداوی تیرۆرستییەوە ئەندامێكی شەھید بووبێت، بە پەنجا ملیۆن دیناری عێراقی قەرەبوو دەكرێتەوە و ھەموو شەھیدانی پێشمەرگە لە شەڕی داعش دەگرێتەوە.

تاڤگە عومەر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بەپێی یاسای ژمارە ٢٠ی ساڵی ٢٠٠٩ كە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەرچووە، لیژنەیەكی باڵا لە ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پێك ھاتووە و ئەو لیژنەیە تایبەتە بە قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی تیرۆر لە سەرتاسەری عێراقدا، بێگومان لە ھەرێمی كوردستانیش ژمارەیەكی زۆر ھاووڵاتی و ھێزەكانی پێشمەرگە قوربانیی دەستی تیرۆر و گرووپی تیرۆریستیی داعشن، لەبەر ئەوەش ئۆفیسێك لە ھەرێمی كوردستان كراوەتەوە".

عومەر روونی كردەوە: "لە ئەمڕۆ بەدواوە ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەتوانن داوای قەرەبوو بكەن و ناویان تۆمار بكەن، ئەوانەشی مافی قەرەبووكردنەوەیان ھەیە، پێك ھاتوون لە كەسوكاری شەھیدان و بریندارانی شەڕی داعش، ھەروەھا قوربانیانی كردەوە تیرۆریستییەكان بە گشتی و قوربانیانی ھەڵەی سەربازییش دەگرێتەوە".

بەڕێوەبەری گشتی یاسایی لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەشڵێت: "بەپێی یاساكە، ھەر ھاووڵاتییەك ئەگەر شەھیدی ھەبێت، بە بڕی پەنجا ملیۆن دینار قەرەبووی ماددی دەكرێتەوە، ھەر بریندارێكی دەستی تیرۆریش بەپێی رێژەی بریندارییەكەی لە سێ ملیۆن دینار تا پێنج ملیۆن دینار قەرەبوو دەكرێتەوە، ھەر بەپێی یاساكە قەرەبووی ھەر زیانێكی دیكەی ماددی و مەعنەوی دەكرێتەوە".

لەبارەی كاتی قەرەبووكردنەوەكە، تاڤگە عومەر گوتی: "ئەمە لەنێو بودجەدا جێگەی كراوەتەوە و تا ھاووڵاتیان زووتر ناویان تۆمار بكەن و مامەڵەكانیان بكەن، زووتر قەرەبوو دەكرێنەوە، چونكە قەرەبووەكە ئەمساڵ دەبێت و كاتەكەی دەگەڕێتەوە سەر رەوانەكردنی مامەڵەی ھاووڵاتیان، ھیچ كەسێكیش ناتوانێت لەو بڕەپارەیەی یاسا دیاری كردووە، كەم بكاتەوە".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.