بەبۆنەی كۆچی دواییی خوالێخۆشبوو محەمەد مەلا قادر، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە هەردوو كابینەی یەكەم و دووەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیامێكی سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی مامۆستا محەمەد مەلا قادر كرد و تیایدا خوالێخۆشبووى به نموونەیەكی خۆڕاگری ناساندووە. ئەمەش دەقی پەیامەكهیه:
بۆ بنەماڵەی خەباتكاری ناسراو مامۆستا محەمەد مەلا قادر
كۆچی دواییی خەباتكار و پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە هەردوو كابینەی یەكەم و دووەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، خەمبار و دڵتەنگی كردم. بەوبۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشی لە ئێوەی بەڕێز و خزمان و سەركردایەتی و هەموو ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان و گەلی كوردستان دەكەم.
مامۆستا محەمەد مەلا قادر لە ڕۆژگارێكی زۆر سەختدا و دوو ساڵ دوای دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەستی بە كاری سیاسی كردووە و یەكێك بووە لەوانەی گەنجانی دەشتی هەولێری بەرەو كوردایەتی و چالاكی و كردەوەی ڕۆشنبیرانە و ڕۆشنگەری هاندەدا. بەردەوام بە تێكەڵاوكردنی باوەڕی پتەوی ئایینی و ڕۆحی كوردایەتی، باوەڕی خەڵكی كوردستانی بە شۆڕش و ئامانجەكانی شۆڕشی كوردستان بەهێزتر و فراوانتر دەكرد.
مامۆستا محەمەد مەلا قادر دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول لە ئاوارەیی و پێشمەرگایەتیدا نموونەیەكی خۆڕاگری بوو. دوای ڕاپەڕینی 1991 وەك وەزیر بەشدار بوو لە كابینەی یەكەم و دووەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وەك یەكەمین و باڵاترین دامەزراوەی مەدەنی و یاساییی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە كوردستان، ئەو شانازییەش شایانی خەباتی مامۆستا محەمەد مەلا قادر بوو.
ناوی مامۆستا محەمەد مەلا قادر لە مێژووی شۆڕشی كوردستان و پرۆسەی سیاسی و دیموكراسیی كوردستاندا بە زیندوویى دەمێنێتەوە. ڕۆحی مامۆستا شاد بێت و سەبووری و دڵنەواییش بۆ هەمووتان لە خوای گەورە دەخوازم.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان
15/1/2019
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.