Erbil 17°C شەممە 16 تشرینی دووەم 10:20

سه‌رۆک بارزانی : هیچ سنوورێک بۆ دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندیی له‌نێوان گه‌لی کوردستان و گه‌لی فه‌ڕه‌نسادا نییه‌

فه‌ڕه‌نسا له‌ پشتیوانی گه‌لی كوردستان ده‌مێنێته‌وه‌
کوردستان TV
#7
100%

ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 15ـی 1ـی 2019 له‌ سه‌لاحه‌ددین سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی پێشوازی له‌ ژان ئیڤ لودریان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا خۆشحاڵیی خۆی بۆ دیداری له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی ڕاگه‌یاند و وێڕای ئاماژه‌دان به‌ كه‌شوهه‌وای نوێ له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌، پێزانینی بۆ قوربانیدانی گه‌لی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژی تیرۆریستانی داعش هه‌بوو و جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌پێناو به‌دیهاتنی سه‌قامگیری و ده‌رنه‌كه‌وتنه‌ی تیرۆر له‌ عێراق پێویسته‌ ڕێز له‌ پێكهاته‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراق و به‌ تایبه‌ت ڕێز له‌ هه‌رێمی كوردستان و پێگه‌ و كاریگه‌رییه‌كه‌ی بگیرێت.

11

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا ڕاشیگه‌یاند كه‌ وڵاته‌كه‌ی له‌ پشتیوانی گه‌لی كوردستان ده‌مێنێته‌وه‌ و هاوكاریی سیاسی و سه‌ربازی و په‌یوه‌ندییه‌ فه‌رهه‌نگی و ئابوورییه‌كانی له‌گه‌ڵ كوردستان په‌ره‌ پێده‌دات و خوازیاری ئه‌وه‌یشه‌ كه‌ له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق به‌شدار بێت.

له‌به‌رانبه‌ردا سه‌رۆك بارزانی به‌گه‌رمی به‌خێرهاتنی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسای كرد و سوپاسی گه‌ل و سه‌رۆك و حكوومه‌تی فه‌ڕه‌نسا و شه‌خسی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسای كرد كه‌ دۆست و پشتیوانی گه‌لی كوردستان بوونه‌ و ئاماژه‌یشی به‌ سه‌ردانی سه‌رۆك هۆلاند بۆ كوردستان كرد كه‌ له‌ كاتی ته‌نگانه‌دا سه‌ردانی كوردستانی كرد و ئه‌وه‌ی دووپات كرده‌وه‌ كه‌ فه‌ڕه‌نسا دۆستێكی مه‌زنی گه‌لی كوردستانه‌. له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و فه‌ڕه‌نسا سه‌رۆك بارزانی ڕایگه‌یاند كه‌ خۆشحاڵه‌ به‌و په‌یوه‌ندییانه‌ و هیچ سنوورێك بۆ دۆستایه‌تی و په‌یوه‌ندیی له‌نێوان گه‌لی كوردستان و گه‌لی فه‌ڕه‌نسادا نییه‌.

3

په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و به‌غدا ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی ئه‌و دیداره‌ بوو و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ كه‌شوهه‌وایه‌كی نوێ و متمانه‌ و بارودۆخێكی ئه‌رێنی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ و سه‌رۆك بارزانی هیوای ئه‌وه‌ی خواست كه‌ ئه‌و گرفتانه‌ی كه‌ له‌نێوان هه‌ردوولا ماوه‌ن له‌ڕێگه‌ی دیالۆگ و لێكتێگه‌ییشتن چاره‌سه‌ر بكرێت. هه‌روه‌ها ئاماژه‌یشی به‌وه‌دا كه‌ ڕاسته‌ داعش له‌ڕووی سه‌ربازی تێكشكاوه‌ به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌و هۆكارانه‌ی كه‌ بوونه‌ هۆی سه‌رهه‌ڵدانی داعش نه‌مێنن بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر داعش سه‌رهه‌ڵنه‌داته‌وه‌.

555

له‌باره‌ی چاره‌نووسی گه‌لی كورد له‌ سووریا هه‌ردوولا نیگه‌رانییه‌كانی خۆیان نیشاندا و ئه‌وه‌یان دووپات كرده‌وه‌ كه‌ پێشهات و گۆڕانكارییه‌كانی ناو سووریا نابێ ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی گه‌لی كورد و هاووڵاتیانی كورد له‌ سووریا باجه‌كه‌ی بده‌ن. په‌یوه‌ست به‌ بارودۆخی گه‌لی كورد له‌ سووریا و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان سه‌رۆك بارزانی بۆچوون و پێشنیاره‌كانی خۆی بۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا خسته‌ڕوو

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.